خەتەنەکردن، ئەو مەترسییەی بەرۆکی ژنان بەرنادات

خەتەنەکردن وەک کلتورێکی مەترسیدار لەسەر تەندروستیی و ژیانی ژنان و کچانی منداڵ هیشتا لە باشوری کوردستان ماوەتەوە، هەرچەندە بە یاسا قەدەغەکراوە و چەندین هەڵمەتی هۆشیارییش لەوبارەیەوە بەڕێوەچووە، بەڵام هەوڵەکان نەگەشتوونەتە ئاستێک کە ئەو دیاردەیە بنەبڕ بکات.


خەتەنەکردنی مێینە دیاردەیەکە لە زۆرێک لە کۆمەڵگە ئیسلامییەکان و هەندێک  لە کۆمەڵگا ئەفریقیەکان و ئاسیاییەکاندا بوونی هەیە، کە بریتییە بریتیە لە بڕینی بەشێک لە کۆئەندامی زاوزێ، کە ئەمەش لێکەوتەی خراپی دەبێت لە ڕووی تەندروستیی و کۆمەڵایەتییەوە.

شیرینی تەمەن ٣٨ ساڵ یەکێکە لەو  ژنانەی، کە تەمەنی لەنێوان ١٤-١٥ ساڵییدا بووە خەتەنە کراوە، شیرین دەیگێڕێتەوە"ڕۆژێکیان دایکم و پورم لەهەیوانەکەی ماڵی خۆمان دانیشتبوون، گوێم لێبوو پورم بە دایکمی ئەوت کچەکانت وا گەورەدەبن کاتی خەتەنەکردنیان هاتووە، دایکیشم سەری بۆ دەلەقاند و 'دەیوت ڕاست دەکەیت لەم ڕۆژانەدا هەردووکیان دەبەم بۆ لای پورە ئایش'".

بەبیستی ئەو قسانە شیرین و خوشکەکەی ترس دایاندەگرێت، دوای چەند ڕۆژێکی کەم سەرلەئیوارەیەک دایکی پێیان دەڵێت'بەیانی دەتانبەم بۆلای پورە ئایش بۆ ئەوەی سونەت بکرێن'، ئەوان زۆر دەگرین، بەڵام سودی نابێت، چونکە دابونەریتە و  بڕیاریان لەسەر دراوە.

شیرین، دەڵێت: ئەو شەوە لە ترسا خەوم لێنەکەوت، بۆ سبەی کاتژمێر ١٠ی بەیانی من و خوشکم و پورم و دایکم چووین بۆ ماڵی پورە ئایش، کە مامانی گەڕەکەکە بوو، سەرەتا من و پاشان خوشکەکەمیان خەتەنەکرد، لەو ڕۆژەوە نەهامەتیەکانی من دەستیان پێکرد.

شیرین، دوای ماوەیەکی کەم دەخرێتە ناو ژیانی هاوسەرگیرییەوە، هاوسەرەکەی ئامۆزای خۆی دەبێت، چوار ساڵ ژیانی پڕ کێشە بەڕێدەکەن و سێ منداڵیان دەبێت، دواجاریش بڕیاری جیابوونەوە دەدەن، "بەهۆکاری کەمیی هەست بۆ هاوسەرەکەم، بڕیاری جیابوونەوەمان دا".

هەرچەندە بەهۆی خەنەتەکردنەوە شیرین ئازاری زۆری بینی، بەڵام بەدیار ئازارەکانییەوە دادەنیشت، بەڵکو بڕیاری تێکۆشانی دا دژ  بەو تاوانەی، کە بەرامبەر ئەو دەیان هەزار ژنی دیکەی کۆمەڵگاکەی ئەنجام دراوە و ئەنجام دەدرێت و وەک ئەندامی رێکخراوێکی داکۆکیکار لەمافەکانی مرۆڤ کار بۆ نەهێشتنی دیاردەکە دەکات، گوند بە گوند دەگەڕێت و هۆشیاریی لەسەر مەترسیی و زیانەکانی خەتەنەکردن بڵاودەکاتەوە.

شیرین، دەڵێت:"نامەوێت هیچ کەسی تر ئەو ئازارە ببینێت، کە من بینیومە".

زۆر جار ئەنجامدەرانی ئەو کارە، پاساو دەهێننەوە و دەڵێن، کە گوایە ئاینی ئیسلام ڕێگای پێداون، یانیش دەڵێن، 'ئەرکی ئاینییە و جێبەجێی دەکەین'، لەم بارەیەوە سۆران ڕەووف، وتاربێژی مزگەوتی عەبوڵا لوتفی دەڵێت:  ئەو کەسانە لە دین تێنەگەیشتوون و بە بیانووی دین ئەو کارە دەکەن، بەڵام هەرگیز دین لەگەڵ ئەوەدا نییە.

ئەو مامۆستا ئاینییە ڕەتیکردەوە، کە خەتەنەکردنی مێینە پەیوەندیی بە ئاینی ئیسلامەوە هەبێت و بەستییەوە بە دابونەریتی"سەردەمی جاهیلیەت لەناو کۆمەڵگای عەرەبیدا" وتیشی: تەنانەت زۆر کات کە منداڵێکی کچ لەدایک بووە پێش ئەوەی ناوکەکەی ببڕدرێت خەتەنەکراوە و زۆر منداڵیش لەو کاتەدا گیانی لە دەستداوە.

سەبارەت بە ئەرکی مامۆستایانی ئاینییش بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردەیە، سۆران ڕەئوف، وتی: ئێمە وەک زانایانی ئاینی لەڕێگەی وتارەکانمانەوە کارمان کردوە بۆ هۆشیارکردنەوی خەڵک،خۆشبەختانە ئەم دیاردەیە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕوو لە کەم بوونە.

بەپێی لێدوانێکی پێشتری، شۆخ محەمەد، لە ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی، کە ماوەی ١٠ ساڵە لە هەرێمی کوردستان کاردەکات و یەکێک لە کارەکانی نەهێشتنی دیاردەی خەتەنەکردنی مێینەیە،"بۆ بڕینی ئەندامی زاوزێی مێینە، چەقۆ و گوێزان مقەست تەنانەت نینۆکیش بەکارهێندراوە، ئەمانەش حاڵەتی زۆر ترسناکن لە ڕابردوودا گیانلەدەستدانیشی لێکەوتووەتەوە."

هەروەها، زۆر جار ئەو کەرەستە پیسانە، کەسەکە تووشی خوێنبەربوونی زۆر و ئیلتهابات دەکات.

جیاواز لەو  نەخۆشییە مەترسییدارانە، چرۆ نەوزاد، پزیشکی پسپۆری نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون دەربارەی ئەم کێشەیە وتی:"بەپێی زانستی پزیشکیی ئەو  ژنانەی خەتەنەکراون، لەکاتی سەرجێیدا توشی ئازارێکی زۆردەبنەوە و لە کاتی منداڵبوونیشدا توشی ئیلتیهابی زۆر دەبن و ئەگەری توشبوونیشیان بە نەزۆکیی لە ئارادایە".

خەتەنەکردن یەکێکە لەو تاوانانەی کە بەرامبەر بە ژنان و منداڵی کچ ئەنجام دەدرێت، هیچ تاوانێکیش بە بێ بوونی تاوانبار ئەنجام نادرێت بۆ زانینی تاوانبارانی ئەم کارە پارێزەر سەیران عەلی، دەڵێت:"حکومەت و کۆمەڵگە و خودی خێزانیش بەرپرسن و تاوانبارن".

بەگوێرەی یاسای یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠١١ ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، خەتەنەکردن قەدەغەکراوە، بەندەکانی یاساکە بەم جۆرەیە:

-هەر کەسێک هەوڵی ئەنجامدانی خەتەنەکردنی مێیینەیدا بە غەرامەیەک سزا دەدرێت، کە لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.

- هەر کەسێک کردەوەی خەتەنەکردنی مێینەی ئەنجامدا یان بەشداریی تێداکرد، ئەوا سزای بەندکردنی بۆ ماوەیەک دەیگرێتەوە، کە لە شەش مانگ کەمتر نەبێت و لە دوو ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها غەرامەکەشی لە دوو ملیۆن کەمتر نەبێت و  لە پێنج ملیۆنیش زیاتر نەبێت و دەبێت بە یەکێک لەو دقوانە سزا بدرێن.

- هەر کەسێک کردەوەی خەتەنەکردنی مێینەی ناکامی ئەنجامدا یان بەشداریی تێدا کرد ئەوا سزای بەندکردنی لە ساڵێک کەمتر نەبێت و غەرامەشی لە پێنج ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە ١٠ ملیۆن زیاتر نەبێت.

- باری تاوانکارەکە توندتر دەبێت ئەگەر بکەرەکە پزیشک، دەرمانساز، مامان یان یاریدەدەرەکانیان بوو، لەسەر دادگایە فەرمان بدات کارەکەی بۆ ماوەی سێ ساڵ قەدەغە بکات.

ئەگەر چی یاساکە هەیە، بەڵام زۆرێک لە ڕیکخراوەکان و هاوڵاتیانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە لە جێبەجێکردنیدا کەمتەرخەمیی هەیە و نەیتوانیوە ڕێگریی لە خەتەنەکردن بکات.

بەپێی ڕاپرسیی و بەدواداچوونێکی ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی، کە لەگەڵ سێ هەزار کەس لە ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین و پارێزگای هەولێر ئەنجامیداوە و ڕۆژنیوز تایبەت لە ڕێکخراوەکەی وەرگرتووە، تەنیا لە حەوت مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا، ١٤٤ کچ خەتەنەکراون، کە تەمەنیان لەنێوان ٠ - ١٨ ساڵبووە و زۆرترینیشیان تەمەنیان لەنێوان ٤ - ١٤ ساڵییدا بووە.

بەپێی بەدواداچوونەکە، لەو ژمارەیە ٢٩ حاڵەتیان لە گەرمیان، ٤٨ لە هەولێر و ٦٧ حاڵەتیان لە ئیدارەی ڕاپەڕین بووە.

نەتەوە یەگرتووەکان ڕۆژی ٦ی شوباتی هەموو ساڵێکی داناوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی  خەتەنەکردنی مێینە و ساڵانە لەم ڕۆژەدا کاردەکریت بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و بنبڕکردنی ئەم دیاردەیە، بە پێیی ئامارێک کە نەتەوەیەگرتووەکان خستویەتیە ڕوو، تا ئێستا ڕیژەی ئەو  کچانەی خەتەنە کراون لە نێوان ١٢٠ بۆ ١٤٠ ملیۆن کەسدان لە جیهاندا و ساڵانەش ٣ ملیۆن کچ خەتەنە دەکرێت.

دوای بەشدارییکردنی لە خولێکی رێخراوی Internews لەسەر نووسینی شێوازی راپۆرتی هەستیاری جێندەریی، تاڤان سەرکەوت ئەم ڕاپۆرتەی ئامادەکردووە.

 

ش.ف