خەتەنەکردن.. کابووسی مێینە

ئامارەکانی خەتەنەکردنی مێینە لە هەرێمی کوردستان کەمیکردووە، بەڵام هێشتا بنەبڕنەکراوە و کچان لەبەردەم هەڕەشەی گەورەدان، هەندێک جار بەڕادەیەکی زۆر ئەندامی زاوزێی منداڵەکە دەبڕن، کە پێویستە لە بەشێکی دیکەی جەستەی بۆببڕدرێت و چارەسەری پێبکرێت، حاڵەتیش هەبووە منداڵەکە تووشی شۆک بووە و ئیدی نەیتوانیوە قسە بکات.


ئەمڕۆ ٦ی شوبات ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەکردنی مێینەیە، کە ئەم ڕۆژە بە پێی بەندەکانی ١٩ و ٢٤ی ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ، پەسەندکراوی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٨٩، بڕیاری لە سەر دراوە.

ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی، کە یەکێک لە کارەکانی نەهێشتنی خەتەنەکردنی مێینەیە، لە ساڵی ٢٠١٩ سێ هەزار و ٤٧٦ ژن و منداڵی کچ-ی بینیوە، کە تەمەنیان لەنێوان ٠ بۆ ٢٥ ساڵییدابووە، بەشێکیان خۆیان بەشێکیشان کەسوکاریان وەڵامی پرسیارەکانی ڕێکخراوەکەیان داوەتەوە، لەو ژمارەیە ٣٢٤ کەسیان خەتەنە کراون.

ڕێکخراوەکە لەو ساڵەدا لە گەرمیان ٨٣٢ ژن و منداڵی کچی بینیوە، لەو ژمارەیەش هیچیان خەتەنە نەکراون، هەروەها لە هەولێر هەزار و ٣٣٣ مێینەی بینیوە و ١٦١-یان خەتەنە کراون، باقیەکەشی لە ڕانیە بووە و لە کۆی هەزار و  ٥١١ ژن و منداڵی کچ، ١٦٣-یان خەتەنە کراون.

هەمان ڕێکخراو لە ساڵی ٢٠١٨ ڕاپرسییەکی بە بەشداریی دوو هەزار و ٩٩٧ کچ ئەنجامداوە، کە تەمەنیان لەنێوان ٠-١٨ ساڵییدابووە و لەو ژمارەیە ٣١٣ کچیان خەتەنە کراون، کە بەم جۆرە دابەش بوون، لە گەرمیان ٢٩ حاڵەت، لە هەولێر ١٢٠ و لە ڕانیە ١٦٤ حاڵەت هەبووە، زۆرترینیشیان تەمەنیان لەنێوان ٨- ١٤ ساڵیی بووە.

ئەگەر ئەم دوو ئامارە بەراورد بکەین، دەردەکەوێت، کە ٢٠١٩ لەچاو ٢٠١٨دا ڕێژەی خەتەنەکردن لە ١٠.٤٪ وە بۆ ٩.٣٪ کەمیکردووە، هەروەها ناوچەی گەرمیانیش هیچ ڕیژەیەکی تیا تۆمار نەکراوە، بەڵام هێشتا خەتەنەکردن لە هەرێمی کوردستان بەردەوامیی هەیە.

زیانەکانی خەتەنەکردن

ئامانج ڕەحمان زەنگەنە، پزیشکی نەخۆشییەکانی ژنان لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز ئاماژە بە مەترسیی و زیانە تەندروستییەکانی خەتەنەکردن دەکات، کە هەندێک جار پیسیی ئەو ئامێرانەی بۆ کارەکە بەکاردێن، دەبێتە هۆی هەوکردن یاخود تووشبوون بە ڤایرۆس، هەندێک جاریش زیان بە بۆری میزی دەگات یاخود لولەکانی خوێن دەبڕدرێت، کە دەبێتە هۆی خوێنبەربوونێکی زیاد لە پێویست.

ئەو پزیشکە، ئاماژەی بە حاڵەتێکی مەترسیداری خەتەنەکردن کرد و وتی: جار هەبووە  پارچەیەکی یەکجار زۆریان لە ئەندامی زاوزێی کچەکە کردووەتەوە، کە دواتر ناچاربووین لە بەشێکی دیکەی جەستەی ببڕین بۆ چارەسەرکردن و کەمکردنەوەی ئەو ئازارەی، کە تووشیان کردووە.

ئامانج ڕەحمان، چەند زیانێکی دیکەی خەتەنکردنی خستەڕوو، کە هەبوونی ئازاری زۆرە لەکاتی سوڕی مانگانە و سەرجێییکردندا.

یاسا چۆن ماماڵە لەگەڵ ئەنجامدەرانی خەتەنە دەکات؟

خەتەنەکردن بەگوێرەی یاسای یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠١١ ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان قەدەغەکراوە و بەپێی بەندەکانی:

-هەر کەسێک هەوڵی ئەنجامدانی خەتەنەکردنی مێیینەیدا بە غەرامەیەک سزا دەدرێت، کە لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە ٥ ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.

-هەر کەسێک کردەوەی خەتەنەکردنی مێینەی ئەنجامدا یان بەشداریی تێداکرد، ئەوا سزای بەندکردنی بۆ ماوەیەک دەیگرێتەوە، کە لە ٦ مانگ کەمتر نەبێت و لە ٢ ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها غەرامەکەشی لە ٢ ملیۆن کەمتر نەبێت و لە ٥ ملیۆنیش زیاتر نەبێت و دەبێت بە یەکێک لەو دوانە سزا بدرێن.

-هەر کەسێک کردەوەی خەتەنەکردنی مێینەی ناکامی ئەنجامدا یان بەشداریی تێدا کرد ئەوا سزای بەندکردنی لە ساڵێک کەمتر نەبێت و غەرامەشی لە ٥ ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە ١٠ ملیۆن زیاتر نەبێت.

-باری تاوانکارەکە توندتر دەبێت ئەگەر بکەرەکە پزیشک،دەرمانساز، مامان یان یاریدەدەرەکانیان بوو، لەسەر دادگایە فەرمان بدات کارەکەی بۆ ماوەی سێ ساڵ قەدەغە بکات.

دەرکردنی ئەم یاسایە نەیتوانیوە خەتەنەکردن بنەبڕ بکات، چونکە لەپاڵ یاساکەدا هۆشیارییەکی وا لەناو کۆمەڵگەدا دروستنەبووە، کە هەرێمی کوردستان خاڵیی بکات لە خەتەنەکردن، هەروەها ئەو کەسانەی خەتەنە دەکرێن بەشی هەرەزۆریان منداڵ-ن و توانای سکاڵاکردنیان نییە.

سەبارەت بەوەی، کە بۆچی ڕێکخراوەکان سکاڵا لەسەر ئەو کەسانە تۆمار ناکەن، شۆخ محەمەد، بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی، بە ڕۆژنیوزی وت:"بەپێی یاساکە ڕێکخراو و لایەنی سێیەم ناتوانن داوا تۆمار بکەن، بەڵام ئەگەر منداڵێکی هەشت ساڵ خەتەنە کرابێت چ داوایەک تۆماربکات لەسەر دایک و باوکی؟".

شۆخ محەمەد، باسی لە کاریگەییە دەروونیەکانی خەتەنەکردن لەسەر قوربانیی کرد و  وتی: جار هەبووە ئەو منداڵانە تووشی شۆک بوون، چونکە زۆرجار بە گرووپ خەتەنەدەکرێن، هەندێ حاڵەت هەیە، کە بووەتە هۆی ئەو منداڵە نەیتوانیوە ئیتر قسە بکات و تووشی نەخۆشی دەروونی گەوورە بووە.

بڕیارە لە قۆناغی دووەمی بەرەنگاربوونەوەی خەتەکردنی مێینەدا، ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی کار لەسەر قوبانیەکانی خەتەنەکردنی مێینە بکات، تاکو بتوانن چارەسەری تەندروستیی و دەروونییان بۆ بدۆزنەوە.

ش.ف