دادگاییەکەی مەلا مەزهەر دواخرا

دادوەری دادگای هه‌ولێر دادگایکردنی مەلا مەزهەر-ی بۆ  ٦ی شوبات دواخست.


بەتۆمەتی سوکایەتییکردن بە ژنان و بانگەشەکردن بۆ فرەژنیی و لەسەر سکاڵای ٣٠ ڕێکخراو و چالاکی بواری مافەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنیی، ئەمڕۆ مەلا مەزهەر خۆراسانیی چووە بەردەم دادگا لە شاری هەولێر.

بەهار مونزیر، یەکێک لەو ژنانەی کە سکاڵای لەسەر مەلا مەزهەر تۆمارکردووە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا سوپاسی ڕێکخراوەکانی ژنان و هەمو وکەسانەی کرد، کە پارێزەری مافەکانی ژنانن و بۆ پشتیوانیی ئەوان چوونەتە بەردەم دادگا.

وتیشی: ئەمڕۆ کەمپەینێکیشمان ڕاگەیاندووە لەژێر ناوی "نا بۆ سوکایەتییکردن بە ژنان" و ئیدی ڕێگا نادەین هیچ کەس و مەلایەک سوکایەتیی بە ژنان بکەن.

دوای بەڕێوەچوونی دادگاییەكە، ئاسۆ هاشم پارێزەری مەلا مەزهەر، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسییدا وتی: ئەو کەسانەی سکاڵایان تۆمارکردووە بەڵگەی پێویستیان نەخستووەتە ڕوو، بۆیە دادوەر بە مەبەستیی وردبینیی دادگاییەكەی دواخست بۆ ڕۆژی ٦ی شوبات.

ئەوەی جێگای سەرنج بوو، ژمارەیەک لە پیاوانی ئاینیی چووبوونە بەردەم دادگا بۆ پشتیوانیی مەلا مەزهەر خۆراسانیی، کە خاوەنی تەلەفیزیۆنی 'سروشت'ە و لە تەلەفیزیۆنەکەی خۆیەوە هانی پیاوان دەدات بۆ فرەژنیی، پشتیوانانی مەلا مەزهەر بە دەنگی بەرز دروشمی "تکبیر اللە اکبر"یان دەوتەوە.

ش.ف