دادگایی کەیسی سێوان و منداڵەکانی بەرەو کۆتایی دەچێت

١٣ەمین دادگایی کەیسی سێوان و سێ منداڵەکەی بەردەوامە و بەرەو بڕیاردانی کۆتایی هەنگاو دەنێت.


دانیشتنی دادگا لەسەر کەیسی سێوان قادر و منداڵەکانی(لارین، دەروون و دیار)، بەردەوامە و ئەمڕۆش سیانزەیەمین دانیشتنی لە دادگایی سلێمانی بە وەرگرتنی وتەی شایەتحاڵان درێژەی پێدرا.

ئەمڕۆش بە هەمان شێوەی دانیشتنەکانی دیکە، کەسوکاری قوربانیی و تۆمەتبار و بەشێک لە چالاکوانان و پارێزەرانی مافەکانی ژنان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئامادەی دادگاییەکە بوون.

دادوەر وتەی هەشت شایەتحاڵی وەرگرت، کە چوار خوشک و دووبرای 'دیاری'تۆمەتبار و دوو دراوسێیان بوو.

لە دادگاییەکەدا داواکرا کە پورزایەکی دیار مەجید، وەک شایەتحاڵێکی دیکەی ڕووداوەکە بۆ دانیشتنی دوایی ئامادەبێت و دانیشتنەکە کۆتایی هات، پاشان کەسوکاری سێوان قادر و پارێزەرەکەی لە بەردەم دادگادا، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان ئەنجامدا.

کۆساڵان حەمە موراد، پارێزەری کەیسی سێوان قادر و منداڵەکانی، لە کۆنگرەکەدا ڕایگەیاند: پێمانوایە ئەم کەیسە تەنیا دانیشتنێکی دیکەی ماوە و بۆ کۆتا دەگات.

هەروەها گوڵچین ئەحمەد، دایکی سێوان، وتی: بە هەموو شێوەیەک ڕازیین لە دادگایی کردنەکان و کۆڵ نادەین تا بە بەسزا گەیاندنی تاوانبارە نەگەن.

گوڵچین، ئەوەشی وت: ئەگەر ئەنجامی بە خواستی ئێمە نەبێت، ١٠٠ جاری دیکە دێمەوە بەردەم دادگا و دەبێت ئەوەی دەمانەوێت مسۆگەر بێت.

ش.ف