داعش لە دروستبوونییەوە تا لەناوچوونی..

ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، لە ساڵی ٢٠١٣ لە عێراق دروست دەبێت و لە ماوەی دوو ساڵدا بەشێکی فراوان لە خاکی عێراق و سوریا داگیردەکات، پاش شەش ساڵ لە خوێنڕشتن و ئەنجامدانی تاوان، لە ئەنجامی بەرگرییەکی بەهێزی شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە و هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق و هاوپەیمانان، لەناو خاکی سوریا و لەسەر دەستی شەڕڤانانی قەسەدە، دوا هەناسەی دا.


دوێنێ ٢١ی ئازار، کە یەکەم ڕۆژی نەورۆز بوو، شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات، کۆتایی داعشیان لە سوریا ڕاگەیاند.

قەسەدە لە لێدوانەکدا ڕایگەیاند، کە ئەوان داعشیان لە ڕووی سەربازییەوە تەواو کرد، بەو شێوەیە سەردەمێکی تاریک، کە بۆ مرۆڤایەتی پڕ لە ئازار و کۆمەڵکوژیی و تاڵان بوو، کۆتایی هات.

 

ئەو چەتانەی کە بۆ ماوەی شەش ساڵ بوون بە بەڵای سەری مرۆڤایەتی، بە پێشەنگایەتی کوردەکان کۆتاییان پێهێنرا.

ناوی داعش لە ساڵی ٢٠١٣ دەرکەوت، بەڵام پێش ئەو بەروارە بناغەی هەبوو، ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش، درێژکراوەی گرووپی ته‌وحید و جیهاد بوو، کە ئەبوو موسعه‌بی زه‌رقاوی به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ک ئوردنی له‌ ساڵی ٢٠٠٤ له‌ عێراق دایمه‌زراند، دوای کوشتنی زه‌رقاوی له‌ ئاکامی هێرشێکی ئه‌مریکییه‌کاندا، ئه‌بو هه‌مزه‌ی موهاجری هه‌ڵبژارد بە سەرۆکی ڕێکخراوەکە و دواتریش "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عێراق" دامه‌زرا و ئه‌بو عومه‌ری به‌غدادی بوو به‌ سه‌رکرده‌ی ڕێکخراوه‌که‌.

له‌ نیسانی ساڵی ٢٠١٠ هەریەک لە ئه‌بو عومه‌ری به‌غدادی و ئه‌بو حه‌مزه‌ی موهاجری لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کوژران، دواتر، ئه‌بو به‌کر به‌غدادیی به‌ سه‌رکرده‌ی ڕێکخراوه‌که‌ دیاری کرا و له‌ ساڵی ٢٠١٣ لە تۆمارێکی ده‌نگیدا ڕایگه‌یاند، به‌ره‌ی نوسره‌، که‌ لقی ڕێکخراوه‌که‌ی بوو له‌ سوریا له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عێراق-ی هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه‌ و له‌ژێر ناوی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عێراق و شام" گرووپێکی نوێی دروست کردووە.

فراوانبوونی داعش

لە سەرەتای دروستبوونییەوە داعش لە عێراق دەرفەتی فراوانبوونی نەبوو، بۆیە پەنای بردە بەر خاکی سوریا، ئەو شێواوییەی لە دۆخی سوریا هەبوو دەرفەتی ئەوەی پێدا ناوچەیەکی فراوان لە خاکی سوریا داگیر بکات، کە داگیرکارییەکانی لەسنوری عێراق و سوریاوە دەستی پێکرد و لە ناوچەکانی دێرەزۆر ڕەقە بەشێک لە حەلەب و دیمەشق و حمز داگیرکاریی ئەنجامدا، هەروەها هێرشی کردە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و هەوڵیدا لە ناوچەکانی هۆڵ تەلحەمیز شەدادێ ناوچەکانی باشور و ڕۆژئاوای حەسەکە تا گرێسپی و کۆبانێ داگیرکاریی ئەنجامبدات.

لە پاش سێ مانگ لە داگیرکردنی شاری ڕەقە و ڕاگەیاندنی بە پایتەختی خەلافەتەکەیان، چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر شاری موسڵ و لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٤ داگیریان کرد، پاشان لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ دا هێرشیان کردە سەر شارۆچکەی شەنگال و داگیریان کرد، دواتر پارێزگاکانی ئه‌نبار، سه‌ڵاحه‌ددین و به‌شێکی که‌رکوک و به‌شێکی دیاله‌-یان داگیرکرد، بە گشتی یەک لەسەر سێی خاکی عێراقیان داگیرکرد.

تاوانەکانی داعش

چەتەکانی داعش لە سوریا و عێراق، کۆمەڵکوژی گەورەیان پێکهێناوە، تاوانی کوشتنی مرۆڤەکانیان بە دڕندەترین شێوە ئەنجامدەدا و تۆماریان دەکرد و لە پێگەکانییەوە بڵاویان دەکردەوە، بۆ ئەوەی ترس و دڵەڕاوکێ بڵاوبکەنەوە، هەروەها لە هێرشکردنە سەر شەنگال-دا کۆمەڵوژییەکی فراوانی پێکهێنا و بە هەزاران هاوڵاتی ئێزدی-یان کوشت و دەیان هەزاریان لێ ئاوارەکردن و هەزاران ژن-ی ئێزدیان کردە کەنیزەک و کۆیلە و لە شاری ڕەقە و ناوچەکانی ژێر دەستیان کڕین و فرۆشتنییان پێوە دەکردن، ئەو تاوانەی چەتەکانی داعش لە شەنگال ئەنجامیاندا هێندە قێزەون و نامرۆڤانە بوو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە جینۆساید ناسرا.

بێجگە لە شەنگال چەتەکانی داعش لە عێراق و سوریا زۆر تاوان و کۆمەڵکوژی دیکەیان ئەنجامدا، تەنها لە هێرشێکیاندا بۆ سەر سەربازگەی سپایکەر لە پارێزگای سەلاحەدین، کە لەساڵی ٢٠١٥ دا ئەنجامیاندا ١٧٠٠ خوێندکاری کۆلێژی سەربازییان کۆمەڵکوژ کرد، بە گشتی ئەو هاوڵاتیانەی لە عێراق لەلایەن چەتەکانی داعشەوە کوژراون بە زیاتر لە پێنج هەزار هاوڵاتی ئەژمار دەکرێن.

تێکشکانی داعش

هەموو ئەو تاوانکاریانەی داعش ئەنجامی دابوو، ببووە هۆی ئەوەی خۆی وەک دڕندەیەکی بێ بەزەیی نیشانی هەمووان بدات، بۆیە لە عێراق و سوریا بە شێوەیەکی خێرا شار و شارۆچکەکانی داگیر دەکرد، ترسێکێکی وای بڵاو کردبووەوە کە هیچ ‌هێزێک لە بەردەمیدا نەدەوەستایەوە و بەرگری نەدەکرد، ئەوەش لە نمونەی داگیرکردنی شاری موسڵدا دەرکەوت، کە لەماوەی کەمتر لە ١٠ کاتژمێردا دووەم گەورەترین شاری عێراقی داگیر کرد، کە دووەم گەورەترین لیوای سەربازیی سوپای عێراقی لێبوو.

بۆ یەکەم جار شکۆ و خۆفی چەتەکانی داعش لە شارۆچکەی شەنگال شکا، کە لەدوای ئەو هێرشە فراوانەی کردیانە سەر شەنگال، گروپێک لە شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە توانیان لە شارۆچکەی ڕەبیعە بەر بە هێرشی چەتەکان بگرن دەیان هەزار هاوڵاتی ئێزدی لە دەستی چەتەکان ڕزگار بکەن و ڕێڕەوێکی مرۆیی بۆ ڕزگارکردنی هاوڵاتیانی ئێزدی بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان بکەنەوە، لە چیای شەنگالیش ١٢ گەریلای هەپەگە، توانیان ڕێ لە سەرکەوتنی چەتەکان بگرن بۆ سەر چیاکە و هاوڵاتیانی ئێزدی سەر چیاکەیان لە کۆمەڵکوژیی پاراست، کاتێک چەتەکانی داعش ڕووبەڕووی ئەو بەرگرییە بوونەوە، ئاراستەی هێرشەکەیان بۆ شارۆچکەی جەزعەی ڕۆژئاوای کوردستان برد، دیسان لەوێش ڕووبەڕووی شکستێکی گەورە بوونەوە لەسەر دەستی شەڕڤانان، بۆیە هەموو هێزەکەیان بۆ هێرشکردنە سەر کۆبانێ برد و پاشان شکاندنی جەوهەریی داعش لە کۆبانی پێکهات.

کۆبانێ، سەرەتای کۆتایی داعش

لەڕۆژی ١٥ ئەیلولی ٢٠١٤ داعش بە هەموو هێزێکی خۆیەوە هێرشی کردە سەر کۆبانێ، هەرچەند هێزێکی کەمی شەڕڤانانی یەپەگە لە کۆبانێ هەبوون، بەڵام بەرگرییەکی بێوێنەیان لە بەرامبەر هێرشی چەتەکانی داعش ئەنجامدا و لە دوای ١٣٤ ڕۆژ لە بەرگری، لە ڕۆژی  ٢٧ کانونی یەکەمی ٢٠١٥ تەواوی شارۆچکەی کۆبانێ و گوندەکانی دەوروبەریان لە چەتەکانی داعش پاک کردەوە، ئەوەش بووە دووەم شکاندی داعش، ئەوەی دەرخست ئەگەر ئیرادە هەبێت تێکشکاندن و لەناوبردنی چەتەکانی داعش قورس نییە.

لە ئابی ٢٠١٤ دا چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر شارۆچکەی مەخمور و داگیریان کرد، هەروەها پێشڕەوییان کرد بۆ شارۆچکەی گوێر و مەترسی لەسەر داگیرکردنی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دروست بوو، بەڵام هێزێکی گەریلاکانی هەپەگە و بەشێک لە هێزی پێشمەرگە بە هاوکاری هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان توانیان پێشڕەوییەکانی داعش بووەستێنن و ناچار بە کشانەوەی بکەن، ئەمەش بە سێیەمین شکاندنی داعش ئەژمار دەکرێت.

هەر لە هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر شاری کەرکوک لە ساڵی ٢٠١٤ دا هێزی پێشمەرگە بە هاوکاریی هێزی گەریلاکانی هەپەگە توانییان چەندینجار شکست بە هەوڵی داگیرکردنی شاری کەرکوک بهێنن لەلایەن چەتەکانی داعشەوە.

شکاندنی چەتەکانی داعش لەسەر دەستی هێزەکانی گەریلا و شەڕڤانانی ڕۆژئاوای کوردستان و هێزی پێشمەرگە وایکرد، کە هەموو هێزەکانی دیکەی عێراق و سوریا ئیرادەی شەڕیان بەرامبەر چەتەکانی داعش بۆ دروستببێت، هەر لەو ڕوانگەیەوە پاش دوو ساڵ لە داگیرکردنی شاری موسڵ لە لایەن چەتەکانی داعشەوە، بە فەرمانی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی عێراق، سوپای عێراق دەستی بە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شاری موسڵ کرد، لە ماوەی ١٠ مانگدا و لە ١٠ تەموزی ٢٠١٧ توانیان چەتەکانی داعش لە شاری موسڵ و ناوچەکانی دەوروبەری لەناو ببەن.

لە باکوری سوریاش شەڕی ئازادکردنی شاری ڕەقە-ی پایتەختی چەتەکانی داعش لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتی- قەسەدە، لە ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦، دەستی پێکرد و لە ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ پایتەختی خەلافەتەکەی داعش ئازادکرا و کۆتایی بە مەترسییەکانی بۆ سەر جیهان هێندرا.

شەڕی لەناوبردنی داعش لە باکوری سوریا بەردەوام بوو لە لایەن شەڕڤانانی هێزەکانی قەسەدە وە، هەتا دوێنێ، کە لەسەر دەستی شەڕڤانان لە دێرەزۆر دوا هەناسەی دا و کۆتایی بە تارمایی چەتەکانی داعش هات لەسەر جیهان.


ک.ک