داوادەکرێت سزای بکوژانی ژن قورستر بکرێت

ژنان داوای هەموارکردنەوەی یاسای بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانیی دەکەن و دەیانەوێت سزای بکوژانی ژنان قورستر بکرێت.


ئەمڕۆ ڕێکخراوی ڕۆژگاری کورد بۆ هاوکاریی مرۆیی بە هاوبەشیی چەند ڕێکخراێکی  کۆمەڵگای مەدەنی لەبەردەم پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای هەولێر، گردبوونەوە و یاداشتێکیان خوێندەوە، یاداشتەکەشیان رادەستی پەرلەمان کرد.

لە یاداشتەکەدا، کە لەلایەن ڕۆژگار موحسن، ئەندامی ڕێکخراوی ڕۆژگاری کوردەوە خوێنداریەوە، هاتبوو"لەم ساڵانەی دواییدا لە هەرێمی کوردستان ڕێژەی کوشتنی ژن  بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە زیادبوونە، ڕۆژانە ژنێک یان دایکێک دەبێتە قوربانیی، بکوژەکانیش لە بەندیخانە باشترین خزمەت دەکرێن وە هیچ سزایەکی قورس بە سەریاندا نەسەپێندراوە".

ئەوەش هاتبوو:"کوشتنی مرۆڤ لە ژێر هەرچی پاساوێکدابێت گەورەترین تاوانە، وە ئەوکەسەی بە ئەنقەست گیان لە مرۆڤێک دەستێنێتەوە شایەنی بەخشین نییە، کوشتنی ژنان لە حاڵەتەوە خەریکە دەبێتە دیاردە و ئەرکی سەرشانی هەموومان ئەوەیە کە ڕێگریی لەو کارە قێزەونە بکەین".

لە یاداشتەکەدا داوا لە پەرلەمان کرابووە، کە "پێداچوونەوە بە یاسای کوشتنی بە ئەنقەست-دا بکرێت و بکوژ بە قورسترین سزا بگەیەندریت، هەروەها یاسای سزادانی لە سێدارەدان بگەڕێتەوە بۆ ئەوکەسانەی ئەم کارانە ئەنجام دەدەن".

لەبەرامبەردا، جوان ڕۆژبەیانی، ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ و ئافرەتان لە پەرلەمانی هەرێمی وکوردستان دوای وەرگرتنی یاداشتەکە، وتی: گفتوگۆ لەسەر داواکارییەکان دەکەین وق هەوڵ دەدەین یاساکە هەموار بکەینەوە.

ئەو ناڕەزایەتییە دوای ئەوە دێت، کە دوێنێ لەبەردەم دادگای هەولێر ژنێک بەبەرچاوی خەڵک و لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بە شەش فیشەک کوژرا.

دەقی یاسای بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانیی لە هەرێمی کوردستان

https://bgtakrg.org/index.php/law/item/234-2014-02-08-17-28-17 https://bgtakrg.org/index.php/law/item/234-2014-02-08-17-28-17

ش.ف