داوای هەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی دەکرێت

دادوەران و پارێزەرانی شاری سلێمانی، داوای هەموارکردنەوەی یاسای بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانیی دەکەن.


ئەمڕۆ، بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، لە هۆڵی دادگای تێهەڵچوونەوەی پارێزگای سلێمانی، گفتوگۆیەکی کراوەی لەبارەی 'باڵانسی جێندەری لە یاسایی سزادانی عێراقی و یاسایی باری کەسێتی و یاسای بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانیی لە هەرێمی کوردستان' بەڕێوەبرد.

گفتوگۆ کراوەکە لەچوارچێوەی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان-دا بوو، کە تیایدا بەشێکی زۆر لە دادوەران، پارێزەران و چالاکوانانی ناو ڕێکخراوەکانی ژنان ئامادەیبوون.

لە گفتوگۆکەدا تیشک خرایە سەر ماددەکانی یاسای بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانیی و کەموکورتییەکانی دەستنیشان کرا، پێشنیاریش کرا بە بەشداریی کەسانی شارەزا پێداچوونەوەی تەواو بۆ یاساکە بکرێت وەک پرۆژەیەک رادەستی پەرلەمان بکرێت، بۆئەوەی لەسەر ئەو بنەمایە یاساکە هەموار بکرێتەوە.

دواتر عومەر ئەحمەد، وتەبێژی دادگای سلێمانی ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا وتی: هەموو یاسایەک دوای تێپەڕبوونی ماوەیەکی دیارییکراو بەسەر دەرچوونیدا، پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە، بۆیە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانییش کەموکورتی هەیە و پێویستی بە هەموارکردنەوە هەیە.

عومەر ئەحمەد، ڕوونیکردەوە: ئەم یاسایە پێویستە بە ڕوونی خاڵەکانی شیبکرێتەوە، هەروەها ئێمە هیچ یاسایەکمان نییە کە بە ڕوونی بە گژ ئەو تاوانانەدا بچێتەوە، کە لە سۆشیال میدیا دەکرێت، پێویستە ئەوەش جێگیر بکرێت.

وتەبێژی دادگای سلێمانی، وتیشی: تا توندوتیژیی لە خێزانەکاندا بەردەوام بێت، ئەوا لە هەموو ناوەندەکانی دیکەشدا درێژەی پێدەدرێت.

ش.ف