داوا دەکرێت ژنان بە ڕۆحییەتی ساکینە و هاوڕێکانی تێبکۆشن

ژنانی گەرمیان ڕۆڵ و تێکۆشانی ساکینە جانسز و هاوڕێکانی بەرزدەنرخێنن و ئاماژە بەوە دەکەن: "کەسایەتی ساکینە و هاوڕێکانی گەواهیدەری ڕۆڵ و پێگەی ژنانی کوردە لە سەرجەم بوارەکاندا، پێویستە ژنانی کورد ئەو کەسایەتییانە بکەن بە نمونە بۆ خۆیان و لە کرداردا ڕێبازەکەیان بەرجەستە بکەن".


ئەمڕۆ شەش ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر تیرۆرکردنی سێ ژنە شۆڕشگێڕ و چالاکوانی کورد (ساکینە جانسز، لەیلا شایلەمەز، فیدان دۆغان)، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، لەو چوارچێوەیەدا و سەبارەت بە کەسایەتی ئەو سێ ژنە شۆڕشگێڕە، بەشێک لە ژنانی سنوری ئیدارەی گەرمیان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.  

ئیکرام غایب، هاوڵاتییەکی ژن سەبارەت بە ژیان و کەسایەتی ساکینە جانسز ئاماژەی بەوەدا: ساکینە جانسر ئەو ژنە بوو کە بە بەردەوامی لەناو شۆڕش و تێکۆشاندابوو لە پێناو مافی گەلەکەی و ژنان، وێڕای بینینی ئازار و ئەشکەنجەی زۆر، بەڵام لە تێکۆشان نەوەستا تا شەهیدبوونی.

 ئیکرام بانگەوازی لە تەواوی ژنان و بەتایبەتی ژنانی باشوری کوردستان کرد و وتی: پێویستە ئێمەی ژنان چاو لە کەسایەتی تێکۆشەری ئەو بکەین و بە پەرۆشەوە هەم لە نوسینەکانی سوود وەرگرین هەم ڕێبازەکەی بەرنەدەین، هەروەها لەم ساڵڕۆژەدا ژنان هەستن بە خۆپیشاندان و چالاکی جۆراوجۆر، بۆ ڕێزگرتن لە خەباتیان و بە سزاگەیاندنی تاوانباران.

شەرمین عەلی، وەک ژنێکی ڕۆژنامەنووس قسەیکرد و وتی: کەسایەتی ساکینە جانسز و هاوڕێکانی بەڵگەو گەواهی دەری ئەوەیە، کە ژنانی کورد لە سەرجەم بوارەکاندا ڕۆڵ و پێگەیان هەیە، بۆیە بەردەوامیدان بەم ڕێبازە لەلایەن ژنانی هەرچوار پارچەی کوردستانەوە زۆر گرنگە و پێویستە ژنان بە کرداری ڕۆڵ و پێگەی خۆیان دیاریبکەن لە سەرجەم بوارەکاندا و خەباتێکی هاوبەش پێشبخەن لە هەر چوار پارچەی کوردستان، بۆ دروستکردنی هاوسەنگی ڕەگەزی. 

شەرمین سەبارەت بە ڕۆڵ هەوڵەکانی ژنانی بەشە جیاجیاکانی کوردستان وتی: لە ئێستادا ژنانی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان تا ئاستێکی باش هاتوونەتە پێش و ڕۆڵی باشیان هەیە لە بواری سیاسی و سەربازی و پاراستنیدا بەتایبەتی، کە ئەمەش بەشێکە لە خەباتی ساکینە و هاوڕێکانی، بەڵام بەداخەوە لە باشوری کوردستان هەوڵێکی جدی نییە لەلایەن ژنانەوە، بۆیە گرنگە کە لە باشوری کوردستانیش کەسایەتی ساکینە و هاوڕێکانی بکرێت بە نمونە و بە کرداری بەرجەستەبکرێت.

ک.ک