داوا لە ژنان دەکرێت هەوڵی زیاتر بۆ پاراستنی ژینگە بدەن

لە ڕێگای سمینارێكەوە کە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، كار بۆ هۆشیاركردنەوەی ژنان دەكرێت بۆ ئەوەی ژنان بتوانن هەوڵی زیاتر بۆ پاراستنی ژینگە بدەن و هۆشیاریی بڵاو بکەنەوە .


ئەمڕۆ لە شاری هەولێر لە هۆڵی فەرمانگەی ڕێكخراوە نا حكومییەكان، دەستەی پاراستن و چاكکردنی ژینگە بە هاوكاری فەرمانگەی ڕیكخراوە ناحكومییەكان لەشاری هەولێر سیمینارێك بە ناونیشانی "ژن و ژینگە" ئەنجامدارا .

لەسمینارەكەدا كە لەلایەن دكتۆر عەبدولڕەحمان سدیق، پسپۆر لەبواری ژینگە بەرێوەدەبردرا، باس لە ڕۆڵی ژنان كرا لە پاراستنی ژینگە لە نێو ماڵ و دەرەوەی ماڵ، هەروەها ئاماژەی بەوەكرد كە ژنان كارەكتەری سەرەكین لە نێوكۆمەڵگا و ڕۆڵی كارایان هەیە لە پاراستنی ژینگە و نێوانی ژن و سروست بە بەروارد لەگەڵ پیاوان زۆر باشترە بۆیە هەمووكات ژنان باشتر دەتوانن ژینگەبپارێزن .
هەر لە سمینارەكەدا داوا لەو ژنانەكرا كە بەشداریان لە سمینارەكەدا كردبوو كە هۆشیاری زیاتر بەخزم و دراوسێكانیان بدەن بۆ ئەوەی بتوانن ژینگە و سروشتی كوردستان پارێزراوبێت و هانی خەڵک بدەن ڕووبەری سەوزایی زۆر بکەن و ژینگە پیس نەکەن.

لای خۆشیەوە لەیلا محەمەد، بەڕێوەبەری، ڕاگەیاندن و هۆشیاری لە فەرمانگەی ژینگەی هەولێر، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ كۆمەڵێك لە ژنانمان كۆكردەوە كە پێكهاتوون لە ژنانی بواری پەروەردەیی، كۆمەڵێك لە ژنانی فەرمانگەكەمان و ژمارەیەكی دیکە لە ژنانی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان و یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، بۆئەوەی لە ڕێگای ئەو سمینارەوە هۆشیاری زیاتر بە ژنان بدرێت لەبارەی ژینگەوە تاوەكو ئەوانیش لە ژیانی ڕۆژانە و نێوكۆمەڵگادا ئەو هۆشیارییە بڵاو بكەنەوە، بۆ ئەوەی بتوانین كار بۆ پاراستنی ژینگە و پارستنی سروشتی كوردستان بكەین .

ک.س