دایکانی باشور: کردەوەکانی تورکیا هاوشێوەی تاوانەکانی بەعسە

دایکانی باشوری کوردستان هێرشکردنە سەر دایکان لە باکوری کوردستان ئیدانە دەکەن و دەڵێن: کردەوەکانی تورکیا وەکو تاوانەکانی ڕژێمی بەعسە. دایکانی باشور پشتیوانی لەو بەرخۆدانەی دایکانی باکور و ئازایەتییان دەکەن.


لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە ئەستەنبوڵ و لە ئامەدی باکوری کوردستان، پۆلیسی تورک هێرشیانکردە سەر کەسوکار و دایکانی ئەو زیندانیانەی، کە لە زیندانەکانی تورکیا لە دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاندووە، لەو بارەیەوە دایکان لە باشوری کوردستان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

سەعدە ناسر، کە تەمەنی ٧٠ ساڵە و دایکی دیار غەریب، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە-یە، هاوکات کوڕێکی شەهیدی ڕاپەڕینی ١٩٩١ی باشوری کوردستانە، ئەو دایکە لە سەرەتای قسەکانیدا دەربارەی زوڵمی ئەو کاتەی ڕژێمی بەعس و هەڵسووکەوتیان لەگەڵ بنەماڵە و کەسەوکاری پێشمەرگە و شەهید، قسەی کرد و باسی لەوە کرد، کە ئەو ڕژێمە هەموو شتێکی بەسەر کورددا هێنا و خەڵکی ئەنفال و کۆمەڵکوژ کرد.

سەعدە ناسر ئەوەی خستەڕوو، کە ئەو ئاگاداری هەموو ڕووداوەکانە کە لە پارچەکانی دیکەی کوردستان ڕوودەدات و ئەوەی تورکیاش دەیکات هاوشێوەی کردەوەکانی ڕژێمی بەعسە و ئەوە بۆ چەندین ساڵە هێرش دەکاتە سەرمان، "ئەوەتا بۆ ماوەی ٢١ ساڵە سەرۆک ئاپۆ و هەزاران سیاسەتمەداری لە دوورگەی ئیمرالی و زیندانەکانی دیکە دەستگیرکردووە، ئەوەشی ناوی کورد بێت ئەوان زەربەی لێدەدەن".

ئەو دایکە دەربارەی پشتیوانیکردن لە ژنانی باکور و دایکانی زیندانیانی باکور، هەستی خۆی هێنایە زمان و وتی: خۆزگە دەمتوانی لەگەڵ ئەو دایکانە و تەنانەت لە پێشیانەوە لە چالاکی بوومایە، بەڵام لە بەر پیریی و ئازاری جەستەم ناتوانم، هاوکات دەستخۆشی لە لەیلا گوڤەن ئەکەم بۆ ئەو چالاکییەی کە کردوویەتی و بەردەوامە و هەموو کوردی هێناوەتە دەنگ، ئێمەش هەموومان یەک ئەرکمان هەیە و ئەوەی لە ئامەد، قامیشلۆ، مهاباد و هەلێر دادەنیشێت جیاوازی نییە و ئەوە دوژمنە پارچە پارچەی کردووە و کوردستان یەکە، لەو پێناوەشدا پێویستە هەموومان تێکۆشان بکەین.

هەروەها بەهێ ڕەئوف، دایکی گەریلایەک، کە ماوەی ٢٢ ساڵە لەناو شۆڕش و تێکۆشاندایە، ئیدانەی هێرشەکانی سەر دایکان لە باکوری کوردستان کرد و ئاماژەی بەوەدا، کە ڕژێمی بەعس تاوانی گەورەی دژی گەلی کورد و کەسوکاری پێشمەرگە ئەنجامدا و بە تایبەت دایکانی ئەشکەنجە دەکرد، بۆیە ڕژێمی تورکیاش وەک سەدام حوسێنە، چونکە تورکیاش ئەو زوڵمە دووبارە دەکاتەوە.

ئەو دایکە جەختی لەسەر مەزنیی تێکۆشانی باکور کردەوە و وتی: وەک دەزانین لە باکوری کوردستان دایکان لە تێکۆشاندان، بۆیە ئێمەش پشتیوانی لە ئەوان دەکەین و ئەرکی هەموومان هاوکاریکردنی ئەوان و تێکۆشانە.


ک.ک