لە سنووری ئیدارەی زاخۆ، ژنێکى تەمەن ٤٢ ساڵ، کە دایکى هەشت منداڵە کوژرا.
ئەمڕۆ، نەشئەت سەلمان، وتەبێژى پۆلیسى ئیدارەی زاخۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا وتی:پاش ئەوەى دوێنێ تەرمى ژنێک لە زاخۆ دۆزرایەوە پاش گەشتنى تیمەکانمان و لێکۆڵینەوە لێیى، دەرکەوت ژنەکە خەڵکى کۆمەڵگەى ڕزگارییە لە سنووری شارەدێی دۆمیز لە سنوورى ئیدارەکەمان.
وتەبێژى پۆلیسى زاخۆ وتیشى: پێش تاوانەكە ئەو ژنە لەگەڵ هاوسەرەكەیدا پەیوەندییان هەبووە، ئەوەی تائێستا بۆیان دەركەوتووە ئەوەیە، كە چەك لە تاوانەكەدا بەكارنەهێندراوە، بەڵكو بەپێی راپۆرتی پزیشكی زەبرێكی توند بە ئامێری تیژ بەر سەری كەوتووە.
نەشئەت سەلمان راشیگەیاند: لەشوێنی ڕووداوەكە ئەو لێكۆڵینەوانەی بۆی كراوە دەركەوتووە، كە ئەو ژنە لەشوێنێكی دیکە كوژراوە و پاشان گواستراوەتەوە ئەو شوێنەی، کە تەرمەکەى لێی دۆزراوەتەوە، كە ناوچەیەکە دەکەوێتە دەرەوەی زاخۆ و لەسەر ڕووبارێكە، کە هاوسنووری توركیایە.
لە کۆتاى قسەکانیدا وتەبێژى پۆلیسى ئیدارەى زاخۆ باسی لەوەکرد: بەپێی وتەی هاوسەرەكەی كێشەیان لەگەڵ كەسدا نییە و ژنەكە تەمەنی ٤٢ ساڵە هەشت منداڵی هەیە، لە ئێستاشدا گەڕان بەدواى بکەرى تاوانەکەدا دەستیپێکردووە.
ئ.م