دایە گوڵێ باس لە بۆردومان و دەستدرێژییەکانی داگیرکەران دەکات

گوندی بامولەکان، دەکەوێتە ناوچەی دۆڵەڕەقەی سەربە شارەدێی سەرکەپکان لە زینی وەرتێ، گوندەکە هاوشێوەی زۆربەی گوندەکانی دیکەی کوردستان، سروشتە دڵگیرەکەی جوانیەکی تایبەتتری بە گوندەکە داوە، دایە گوڵێ، یەکێک لە ژنە بە تەمەنەکانی گوندەکەیە و باس لەوە دەکات کە چۆن داگیرکەران بەردەوام لەڕێگەی بۆردومانەکان و دەستدرێژیەکانیانەوە ئارامیی گوندنیشینان تێکدەدەن و خەڵکیان لێ شەهید دەکەن.


دایە گوڵێ، ژنێکی بەتەمەنی خەڵکی گوندی بامولەکان-ە، کە دەکەوێتە ناوچەی دۆڵەڕەقەی سەربە شارەدێی سەرکەپکان لە سنوری (زینی وەرتێ - زینی ئەستێرۆکان)ە، گوندەکە هەڵکەوتووە لەناو دۆڵێک پڕ لە ڕووبار و کانیاو، لەم وەرزەشدا کەشوهەواکەی ساردە، لە زۆر شوێنی گوندەکە تاڤگە لە شاخی بێمرکێ دێتە خوارەوە، گوندەکانی دۆڵەڕەقە نزیکن لەیەک و شاخی بەرزی بێمرکێ دەکەوێتە سەرووی ئەو گوندانەوە کە تا ئێستاش بەفری بە سەرەوەیە و دیمەنێکی جوانی بە ناوچەکە بەخشیوە، داری بەڕوو و مازوو ڕەنگی سەوزیان بە ناوچەکە داوە.

لە کەشوهەوایەکی باراناویدا چووینە گوندەکەی دایە گوڵێ، کاتێک گەیشتینە گوندەکە، تەمومژ شاخەکانی داپووشیبوو و ساتێک باران دەباری و ساتێکیش هەتاو دەردەکەوت، ناوچەکە وەک سەیرانگایەکی سروشتی و ئارام وایە، بۆیە دایە گوڵێ زۆر حەزی لە گوندەکەیانە و گوندەکەش بە 'دایە گوڵێ'وە جوانتر دەبێت، بەڵام داگیرکەر هەرگیز ئارامیی بەو ناوچە بەهەشتییە و خاوەن مرۆڤە بەڕێزەکان، ڕەوا نەبینیوە، دوێنێ سەددام و ئەمڕۆ ئەردۆغان، ئارامیی گوندنیشینانیان تێکداوە ترسیان خستووەتە دڵی خەڵکی ناوچەکەوە، لە گوندی بامولەکانو دەوروبەری ژمارەیەک لە هاوڵاتیان لە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک شەهیدبوون، دایە گوڵی باش ڕێکەوتەکانی لەبیر نەماوە، ئەوەندەی خەڵکی گوندەکە دەڵێن، ساڵی ١٩٩٥ گوندەکانی دۆڵەڕەقە، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای داگیرکەری تورکەوە بۆردوومانکراون، لەوکاتەدا سێ کەس لە ماڵی مامی دایە گوڵی دەبنە قوربانی.

دایە گوڵێ، بەمجۆرە بۆ ڕۆژنیوز دووا: ناوم گوڵێیە و خەڵکی بامولەکانم و هەر لەوێش دەژیم، لە کاتی بۆردۆمانکردنی فڕۆکەدا سێ ئامۆزام بەرکەوتن بەیەکەوە هەرسێکیان کرانە یەک گۆڕەوە چونکە لەبەر بۆردومانی فڕۆکە نەدەتوانرا سێ گۆڕیان بۆ هەڵبکەندرێت، ماڵی من و کوڕەکەم لە بۆردومانەکەدا هیچ شتێکمان بۆ دەرنەچوو چەندین کەسمان لێ شەهیدبوو، مەڕو ماڵاتی خەڵکی گوندەکە لە ناوچەی دۆڵی ڕەقە خانووی تێدانەما هەمووی بە تۆپباران لە ناوچوو، هەتاکو ئێستاش جێگای بۆردومانەکان ماوەتەوە و من لە دوای بۆردومانەکان خانووم دروستکردەوە، ژیانمان نەمابوو لەبەر بۆردومانی فڕۆکە، خوا تاوانباران لەناوببات.

دایە گوڵێ، درێژەی بە قسەکانیدا و وتی شەهیدانی دۆڵی ڕەقە زۆرن و هەتاکو ئێستا نەم بیستوە لە هیچ کوێیەک بڵێن لە دۆڵی ڕەقە شەهید هەبوون، لە کاتێکدا ئەوەندەی دۆڵی ڕەقە ماڵوێرانبوون هیچ شوێنێک ئەوەندە ماڵی لێ خراپ نەبووە و هەتاکو ئێستا موچەیەکیشیان بۆ نەبڕدراوەتەوە، هەموو ئەوانەش بە فڕۆکەی تورکیا لە ناوچوون و شەهیدبوون.

ئەو لە بارەی گەنجی خۆشیەوە وتی: پێشتر ئەم شاخ و دەشتاییە هەمووی گەڕاوم لوشکە، ڕێواز، کنگرم دەهێنایەوە، بەڵام ئێستا پیربوم و ناتوانم.

ک.س