ده‌رهێنه‌ری فیلمی کچانی ڕۆژ: ویستم‌ تێکۆشانی ژنانی کورد به‌ جیهان ڕابگه‌یه‌نم

فیلمی کچانی ڕۆژ که‌ باس له‌ به‌رخۆدانی ژنانی کورد ده‌کات له‌ شاری جنێڤ نمایش کرا و پێشوازییه‌کی گه‌رمی لێ کرا، ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌کەش‌ وتی: ویستوومه‌ تێکۆشانی ژنانی کورد به‌ جیهان ڕابگه‌یه‌نم.


فیلمی Les Filles du Soleil (کچانی ڕۆژthe girls of the sun) ئەمڕۆ له‌ ٢٤هه‌مین فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی جنێڤ نمایش کرا، فیلمه‌که‌ باسی به‌رخۆدانی ژنانی کورد له‌ شه‌نگال و ڕۆژاڤا ده‌کات دژ به‌ چه‌ته‌کانی داعش، ده‌رهێنه‌ری ئەو فیلمه‌ ئێڤا هوسۆن-ی فه‌ڕه‌نسییه‌.

فێستیڤاڵه‌که‌ ڕۆژی ٢ی تشرینی دووه‌م ده‌ستی پێکرد و فیلمی کچانی ڕۆژ ئەمڕۆ له‌ سینه‌مای ئێمپیر نمایش کرا و له‌ لایه‌ن ئاماده‌بوانه‌وه‌ پێشوازییه‌کی گه‌رمی لێ کرا، دوای ئه‌وه‌ی فیلمه‌که‌ کۆتایی هات، درووشمی «ژن - ژیان - ئازادی» به‌رز کرایه‌وه‌.

"ویستم به‌رخۆدان ڕابگه‌یه‌نم"

ده‌رهێنه‌ری فیلمی کچانی ڕۆژ ئێڤا هوسۆن دوای نمایشکرانی فیلمه‌که‌ بۆ بینه‌ران قسه‌ی کرد و وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی ئاماده‌بوانی دایه‌وه، هوسۆن وتی، ئه‌م فیلمه‌م بۆ ئه‌وه‌ دروست کرد تا به‌رخۆدانی ژنانی کورد به‌ جیهان ڕابگه‌یه‌نم، به‌شداریی ژنانی کورد بۆ تێکۆشین زۆر گرینگه‌.

"نیشانه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی ژنانی کورد و ئۆجالانه"

هوسۆن ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ کرد، فیلمه‌که‌ باسی دۆزی کورد ناکات، به‌ڵام باسی تێکۆشینی ژنانی کورد ده‌کات، ئەو وتی: "درووشمی ژن، ژیان، ئازادی که‌ بووه‌ته‌ نیشانه‌ی ژنانی کورد نه‌ک ته‌نیا سمبولی ژنانی کورده‌، به‌ڵکو نیشانه‌ی تێکۆشینی هاوبه‌ش و ئازادیی ژنانی جیهانیشه‌، درووشمه‌که‌ له‌ هه‌مان کاتدا سیمبولی فه‌لسه‌فه‌ی ئۆجالان و یه‌په‌ژه‌یه‌ که‌ ده‌یانه‌وێت کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک بونیاد بنێن".

هوسۆن له‌ کۆتایی قسه‌کانیدا باسی له‌وه‌ کرد که‌ یه‌کێک له‌ ئامانجه‌کانی دروستکردنی فیلمه‌که‌ گێڕانه‌وه‌ی ڕاستییه‌کانه‌.

 

ک.ک