دوای ٢٣ ساڵ بەهەزاران زیلان لە مەیدانی تێکۆشاندان

زەینەب کناجی ناسراو بە 'زیلان' بە چالاکییە گیانبازییەکەی لە دێرسیم، گەلەکۆمەی دژی ڕێبەری پەکەکە و بزوتنەوەی ئازادیی گەلی کوردی پۆچەڵکردەوە و تۆڵەی کۆمەڵکوژییەکەی دێرسیم و گەلیی زیلانی کردەوە و بووە هۆی لە دایکبوونی سەدان زیلانی نوێ و ڕێگای لەبەردەم سەردەمێکی نوێی لە مێژووی تێکۆشانی ئازادیی ژنانی کورددا کردەوە.


لە مێژووی کوردستان و لە سەردەمە مێژووییەکاندا هەمیشە ژنی کورد پێشەنگایەتی سەردەمەکەیان کردووە و لاپەڕەیەکی نوێیان کردووەتەوە، لە چوارپارچەی کوردستاندا نمونەی قارەمانێتی ژنانی کورد هەیە و ئەمڕۆش بە شێوەیەکی ڕێکخستنکراو هێڵی نیشتمان  پەروەری و ئازادیخوازیی زیلان لە هەموو کوردستان بەردەوامە، دوای چەندین ساڵ ئارین میرکان لە کۆبانێ و ئاڤێستا لە عەفرین دژی داگیرکاری جەستەی خۆیانیان کردە قەڵغانی خاکی خۆیان و بوونە پێشەنگی بەرخۆدان، لەیلا گوڤەن هاوسەرۆکی کەجەدە، دژی گۆشەگیری عەبدوڵا ئۆجالان و بۆ ئەوەی پێش لە قۆناغێکی نوێی ئاشتی و چارەسەری بکاتەوە، بەرخۆدانێکی مێژوویی دەستپێکرد کە ئەنجامێکی گرنگی لێکەوتەوە، لەسەر هێڵی زیلان دەیان پارت، ڕێکخراو ڕێکخستنی ژنان دامەزرا، زیلان کەسایەتییەکی چون بوو و بۆ دەستی بۆ ئەو چالاکییە کاریگەرە برد؟! ئێمە هەوڵدەدەین لەژێر چەند سەرناودا ئەوە ڕوون بکەینەوە و جارێکی دیکە ئەو مێژووە بەبیر بخەینەوە.

٢٣ ساڵ لەمەوبەر واتا ٣٠/٠٦/١٩٩٦ چالاکییەکی گەورە و مێژوویی لە ناوەندی شاری دێرسیم لەدژی مەراسیمێکی سەربازیی ئەنجامدرا و لە جیهان دەنگی دایەوە، ئەو چالاکییە هەڵگری پەیامی سیاسی، ئایدۆلۆژی و تاکتیکی بوو، زیلان لە نامەیەکدا کە لە دوای خۆی جێیهێشتووە، بەو شێوەیە خۆی دەناسێنێت؛ "ساڵی ١٩٧٢ لە گوندی ئەلمالی سەربە شاری مەلاتیە لە دایک بووم، لە عەشیرەتی 'ماموورەک'م، بەشی ڕێبەرایەتی و ڕاوێژکاری دەرونناسیم تەواو کردووە و لە نەخۆشخانەی دەوڵەتی مەلاتیە تێکنیسیەنی سۆنەر بووم، لەگەڵ کەسێکی خەڵکی گوندی خلیا سەربە شاری ئامەد هاوسەرگیریم کردووە و خانەوادەی هاوسەرەکەم دەوڵەمەندن، ئەویش هەر ئەو بەشەی خوێندووە کە من تەواوم کردووە.

زیلان دەڵیت؛ هەرچەن خانەوادەکەی کەوتبنە ژێر کاریگەری بیری کەمالیست، بەڵام لە زۆر رووەوە تایبەتمەندییە نەتەوەییەکانی پاراستووە، بۆیە هەستی نەتەوەیی ئەویش بەهێز بووە، لە خوێندنگای ئامادەیی لەگەڵ بیری چەپ و کوردەواری ئاشنا دەبێت و دواتر مەیلی بە پەکەکە یەکلایی دەبێتەوە، ساڵی ١٩٩٤ بەشداری خەباتی ڕێکخستنی گەل دەبێت، بەوەش ڕازی نابێت و دەیەوێت لەناو ڕیزەکانی گەریلا جێیبگرێت و ساڵی ١٩٩٦ دەچێتە ڕیزی گەریلاکانەوە لە دێرسیم، لەو نامەیەی کە جێیهێشتووە، باسی ئەو دوو قۆناغە دەکات و دەڵێت: "کاتێک لەناو خەباتی بەرە (گەل) بووم نەمدەتوانی گۆڕانکاریی پێویست پێکبێنم، هەرچەند هەوڵمدەدا بەڵام نەمتوانی لەو ئاستەدا سەرکەوتنێک بە دەست بێنم، بەڵام کاتێک بەشداری گەریلا بووم، توانیم تا ئاستێک خۆم و کەسایەتیم بناسم و لە بابەتی بڕیارداری، مۆراڵ و یەکلایی بووندا توانیم خۆم بەهێز بکەم".

زیلان لەماوەی ژیانی کورتی گەریلایەتی خۆیدا لە چیاکانی دێرسیمدا گۆڕانکارییەکی گەورە لە کەسایەتی خۆیی دروست دەکات و دەتوانیت بە تەنیا لەدژی هێرشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە لە دیمەشق، بڕیارێکی گرنگ بۆ چالاکی بدات، حەزکردنێکی گەورە لە زیلان لەسەر بیری ئۆجالان دەربارەی ئازادیی ژن و ئازادیی کوردستان دروست دەبێت و دەیەوێت ئەوەندەی تێگەیشتووە ئەنجامی بدات و هێرشەکانی دژی ئۆجالان و بزوتنەوەی ئازادیخوازیی کوردستان لەناو ببات.

هۆکاری چالاکیی گیانبازی

ساڵی ١٩٩٥ ئۆجالان بۆ پێکهێنانی ئاگربەست هەوڵدەدات، بۆ ئەوەش دانوستان لەگەڵ هەندێک لە کاربەدەستانی تورکیا پێشدەخات، لەو کاتەدا حکومەتی هاوپەیمانی نەجمەدین ئەربەکان و تانسۆ چیللەر لەسەر کاردایە، چیللەر بە دوژمانایەتی کورد ناسراوە، لە کاتی دەسەڵاتداری ئەودا ژمارەیەکی زۆر لە کارسازان، ڕۆژنامەنووسان و سیاسەتمەدارانی کورد بە شێوازی جیاواز دەکوژرێن، بەڵام ئەربەکان بۆ دانوستان هەوڵدان دەکات و دەیەوێت لەگەڵ ئۆجالان پەیوەندیی دروست بکات، بۆ ئەوەی هەنگاو بەرەو ئاشتی بنرێت، بەڵام دەوڵەتی کور بە سەرکردایەتی تانسوو چیللەر، بۆ تێکدانی ئەم قۆناغە، ئاکادیمیای دیمەشقی ئۆجالان بە بۆمب دەکاتە ئامانج، چونکە ئۆجالان ئەو کاتە لەوێ نەبووە هێرشەکە پۆچەڵ دەبێتەوە، دەوتریت لە پشتی ئەو هێرشەدا ئەمریکا، بەریتانیا و ئیسرائیل-یش دەستیان هەبووە، چونکە لایەنگری چارەسەری نەبوون.

زیلان لە بەرامبەر ئەو گەلەکۆمەیە ورد دەبێتەوە و بە چالاکییەکی کاریگەر ئەو گەلەکۆمەیە لەناو دەبات، زیلان بەرلە ئەنجامدانی چالاکییەکە، لە چەند نامەیەکدا بە تێروتەسەلی پەیامەکانی بەجێی دێڵێت، لە بەشێکی نامەکەیدا دەڵێت: "دوژمن بە تەواوەتی هێرشمان دەکات، پێویستە ئێمەش بە هەموو هێزی خۆمانەوە دوژمن بکەینە ئامانج و تێیانبگەینین کە بە بڕیارداری باجی ئازادی دەدەین، کاتێک چاو لە مێژووی تێكۆشانی پەکەکە دەکەین، پڕ لە قارەمانەتی، بەرخۆدان وڕەنجە، بەرخۆدان بووەتە کاری بنەمایی پەکەکە، پێویستە خاوەنداری لەم میراتە مێژووییە بکەین و ئەرکی قۆناغەکە بەجێ بێنین، بۆیەش قۆناغەکە چالاکیی گیانبازیی فەرز دەکات، ئەمە هەم دەرکەوتنێکی تاکتیکییە هەمیش دەبیتە مۆراڵ و هێزێکی گەورە بۆ هەموومان، لە کاتێکدا دوژمن دەیەوێت بە کردنە ئامانجی ڕیبەری ئێمە بگاتە ئامانجی خۆی، ئەمە دەبیتە وەڵامێکی باش بۆیان، ئەم چالاکییە دەبێتە هۆی تێکچوونی مۆراڵی دوژمن، شێتی دەکات، گەمارۆ دەدرێن و وڵاتیان لێی دەکاتە زیندان، ئێمە بەو چالاکییە بە دۆست و دوژمن پیشانی دەدەین کە چەندە لەسەر دۆزی خۆمان پێداگرین".

زیلان لە نامەیەکدا کە بۆ ئۆجالان نووسیویەتی بەو شێوەیە باسی چالاکییەکەی دەکات:"ڕێبەری من، خۆمم بۆ چالاکیی گیانبازی هەڵبژاردووە، ئێمە لە بەرامبەر ڕەنج و هەوڵدانە بێسنوورەکانتان گیانی خۆشمان بدەین بەش ناکات، خۆزگە شتێک لە گیانم بەقیمەتتر بووایە تا فیدام بکردایە، ئێوە گەرەنتی دواڕژی هەمووگەلی کوردستان و مرۆڤایەتین لە جیهان".

زیلان بەو وتانە کۆتایی بە نامەکەی دێنێت؛ "بانگەشەی من بۆ ژیان زۆر گەورەیە، دەمەوێت ببمە خاوەن ژیانێکی بەواتا و چالاکییەکی گەورە، چونکە زۆر حەز لە ژیان و مرۆڤەکان دەکەم، ئەم چالاکییە ئەنجام دەدەم".

ژنە شۆڕشگیری کورد، زیلان، دوای ئەو نامانە ئامادەکاریی بۆ چالاکیی گیانبازی دەکات و دەچێتە ناو شاری دێرسیم، دوای ئەوەی ئامادەکارییەکان تەواو دەبیت، بۆمب لە جەستەی خۆی دەبەستێت و بەروە مەیدانی کۆماری (جمهوریەت) بەڕی دەکەوێت وخۆی لەناو مەراسیمی ئاڵای سەربازی سوپای تورک دەتەقێنێتەوە، لە ئەنجامی ئەو چالاکییەدا هەشت سەربازی تورک کە زۆربەیان فەرماندەن دەکوژرێن و ٢٩ سەربازی دیکەش بریندار دەبن، زیلان بەو چالاکییە ڕێگە لە قۆناغێکی نوێ دەکاتەوە.

زیلان ناوی خۆی لە گەلیی زیلان وەرگرتووە

زیلان نازناوی خۆی زۆر بە زانابوون هەڵدەبژێرێت و دەیەوێت بەو چالاکییە تۆڵەی کۆمەڵکوژییەکەی گەلیی زیلان کە تاوانی دژەمرۆڤایەتی لەسەر کوردان ئەنجامدرا، بکاتەوە، کۆمەڵکوژی گەلیی زیلان یەکێک لە گەورەترین کۆمەڵکوژییەکانی مێژووی گەلی کوردە کە دوای سەرهەڵدانی ئاگری لە ١٣ی مانگی حەوتی ١٩٣٠ـدا دەوڵەتی تورک لە ناوچەی ئەردێشی وان لە باکوری کوردستان لە گەلیی زیلان ١٥ هەزار مرۆڤی کوردی بە شێوەیەکی دڕندانە کۆمەڵکوژ دەکات، کە ژن و منداڵ و کەسی بەتەمەنیشیان تێدابووە، لە ناو ئەو کەسانەی کۆمەڵکوژکران ژنی دووگیانیش هەبوون کە لەگەڵ منداڵەکانی سکیانەوە دڕندانە کوژراون، زیلان بەو چالاکییە نەتەنیا تۆڵەی ئەو کۆمەڵکوژییەی کردەوە هەروەها تۆڵەی کۆمەڵکوژییەکەی دێرسیمیشی کردەوە.

ئۆجالان: زیلان فەرماندەیە و ئێمە شەڕڤانی ئەوین

عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە، لە زۆرێک لە کتێبەکانیدا باسی واتای چالاکییەکەی زیلان دەکات و زیلانی وەک فەرماندەی خۆی بەناو دەکات و دەڵێت: "زیلان یاسای ژیانی ئازادە، خواوەندی ئازادییە، زیلان فەرماندەیە و ئێمەش شەڕڤانی ئەوین".

دوای چالاکییەکەی زیلان بە دەیان ژنی گەنج ڕوویان لە ڕیزەکانی پەکەکە کرد و ناوی زیلانیان هەڵبژارد، هەروەها سەدان خانەوادەی کورد ناوی مناڵەکانیان نا زیلان.

زیلان لە تێکۆشانی ئازادی کوردستان بووە هێڵێک

زیلان (زەینەب کناجی) لە مێژووی پەکەکە و بزوتنەوەی ئازادیی ژنانی کورددا وەک هێڵێک پێناسەی بۆ دەکرێت، ژنانی تێکۆشەر لە وەڵامی چالاکییەکەی زیلان-دا خۆیان لە بەرامبەر کۆمەڵکوژی و گەلەکۆمەکان بە ڕێکخستن کرد و لەدژی سیستمی دەسەڵاتداری پیاو و دەوڵەت، لەدژی لەناوبردن و داگیرکردنی بوونە قەڵغان، بۆیەش ئەم ئایدۆلۆژیایە و ئەم بیرە ئێستا خۆی لە هەموو کوردستان و دەرەوەی وڵات بە ڕێکخستن کردووە، هاوکات بە ناوی زەینەب کناجی‌یەوە ئەکادیمیایەکی ژنانی پێشەنگی تێکۆشانی ئازادی کراوەتەوە و هەرساڵ بە دەیان ژنی ئازادیخواز و تێکۆشەر تێیدا پەروەردە دەبینن.

سۆما فەرهاد کە ژنێکی باشوری کوردستانە دەڵێت: هەڤاڵ زیلان بە چالاکییەکەی پەیامی دایە هەموو جیهان کە کەس ناتوانیت ڕۆژی کوردان ڕەش بکات، زیلان هەموو ئازارەکانی گەلەکەی بە وردی بینی، بۆیە ئەو چالاکییە مەزنەی ئەنجامدا.

سۆما هاوکاتبوونی ڕێکەوتی چالاکییەکەی زیلان لەگەڵ لە سێدارەدانی شێخ سەعیدی پیران و هەڤاڵانی بە هەڵکەوت نازانێت و دەڵێت: "شێخ سەعیدی پیران و هەڤاڵانی کە پێشەنگایەتی سەرهەڵدان دژی دەوڵەتی تورکیان کرد لە ٢٩ی حوزێران لە سێدارە دران، زیلان بە هەڵبژاردنی ڕێکەوتی ٣٠ حوزێران، ویستی بە هەموو هێزە جیهانییەکان و دەوڵەتی تورک بڵێت؛ بە هێرشکردنە سەر ڕێبەر ئاپۆ ناتوانن مێژوو دووبارە بکەنەوە، ئەمەش وەڵامێک بوو بۆ هەموو داگیرکارانی کوردستان، پێویستە هەموو ژنانی کورد لەسەر هێڵی زیلان تێکۆشان بەڕێوە ببەن و تێبکۆشن.

زیلان پێش چوونی بۆ چالاکییەکە لە ماڵێکی دێرسیمی دەمینێتەوە کە دوای چەندین ساڵ دەنگی بڵاو دەبیتەوە، زیلان لە کۆتاییدا و بۆ ئەوەی لە مێژوو وەک بیرهێنانەوەیەک بمینێتەوە، گۆرانییەکی کۆنی کوردی دەڵێتەوە بە ناوی "نازێ نازێ تۆ ناسکی".

س.ح