دوورخستنەوەی تاکە بەڕێوبەرە ژنەکە ناڕەزایی لێدەکەوێتەوە

لەکاردوورخستنەوەی لەمیعە محەمەد لە بەڕێوبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی ژنان/گەرمیان، ڕێکخراوەکانی ژنانی هێنایە دەنگ و پێیانوایە ئەو بڕیارە توندوتیژیی و بیڕێزییە بەرامبەر ژنانی گەرمیان و ڕەتیدەکەنەوە ئەو ئەرکە بدرێت بە پیاو.


فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ لەکاردوورخستنەوەی لەمیعە محەمەد، لە ئەرکی بەڕێوبەریی بەڕێوبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان/گەرمیان و دانانی پیاوێک لە شوێنەکەی، ناڕەزایی ڕێکخراوەکانی ژنانی بەدوای خۆیدا هێناوە و لەڕێگەی ڕۆژنیوزەوە هەڵوێستی خۆیان نیشان دەدەن.

شوكریه‌ غه‌فور، به‌رپرسی لقی گه‌رمیانی یه‌كێتی ژنانی كوردستان، نیگەرانیی لەوبارەیەوە نیشاندا و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە پێش دەستبەکاربوونی لەمیعە محەمەد، پیاوێک بەڕێوبەر بوو، بە هەوڵی ڕێکخراوەکانی ژنان ژنێک لەو شوێنە دانرا، بەڵام ئێستا دیسان پیاوێک دەکرێتەوە بە بەڕێوبەر.

دوای کوشتنی ژنێک لەلایەن براکانییەوە، لە ساڵی ٢٠١٢ ڕێکخراوەکانی ژنان چەندین گردبوونەوەی ناڕەزاییان نیشاندا و داوایانکرد، کە بەڕێوبەری بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، کە ئەوکات پیاوێک بوو بەناوی ڕائید عەدنان محەمەد، بگۆڕدرێت بۆ ژنێک، دواتر داواکاریی ژنان جیبەجێ کرا و ساڵی ٢٠١٣ لەمیعە محەمەد، کرا بە بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتییەکە.

شوکریە، جەختدەکاتەوە، کە پێوستە بەڕێوەبەرایەتییەکە لەلایەن ژنەوە بەڕێوە ببرێت و گۆڕینی ڕەت دەکاتەوە، پێشیوایە گۆڕینی بەڕێوبەری ژن بە پیاو، ده‌رگا بۆ زیادبوونی توندوتیژیی زیاتر ده‌كاته‌وه‌.

هەروەها، ژیان مه‌جید، ئەندامی ڕێكخراوی ژنانی ئازادی كوردستان (ڕژاک)، باسی لەوە کرد، کە ژنان ناتوانن کێشە و گرفتەکانیان لای پیاوێک باس بکەن و داوای چارەسەری لێبکەن، بەڵکو ئاسودەترن ژنێک گوێیان بۆ بگرێت، بۆیە پێویستە بەڕێوبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان ژن بن، نەک پیاو.

ژیان مەجید، داواشی لە ڕێکخراوەکانی ژنان کرد، کە هه‌ڵوێستیان هه‌بێت دژ به‌و كاره‌ بێده‌نگ نه‌بن، چونكه‌ وەک ئەو باسیکرد، دەستبەکاربوونی پیاو زیان به‌ ژنان ده‌گه‌یه‌نێت.

نەرمین عوسمان، بەرپرسی لقی گەرمیانی کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان، پێیوایە، کە"لادانی ژنێک لە بەڕێوەبەرایەتی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی، بێ ڕێزیی کردنە بە سەرجەم ژنانی گەرمیان لەلایەن دەسەڵاتەوە"، وتیشی:"نابێت ڕێکخراوەکانی ژنان و ژنانی چالاک لەمە زیاتر لەبەرامبەر ئەو پرسە بێدەنگ بن".

لە هەرێمی کوردستان لە کۆی شەش بەڕێوبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، تەنیا بەڕێوبەرایەتیی گەرمیان لەلایەن ژنەوە بەڕێوە بەڕێوەدەبرا، بەڵام بە فەرمانێکی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە لە ڕۆژی ٢٠/کانوونی یەکەم/٢٠١٨ دەرچووە و دوو رۆژ دواتر بە زارەکیی پێی ڕاگەیەندراوە، ئەویش لەکار دوورخرایەوە و پیاوێک دەستنیشان کراوە بۆ ئەوەی لە شوێنەکەی دەستبەکاربێت.

پێشتر لەمیعە محەمەمد، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاندبوو:"به‌ فشاری سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان و به‌ بڕیارێكی تاكه‌ كه‌سیی لە کارەکەی دوورخراوەتەوە"

ش.ف