دووەمین کۆنفڕانسی ژنانی گەنجی تێکۆشەر دەستیپێکرد

بە دروشمی 'بە تێکۆشانی ژنانی گەنج داگیرکەری لە ناو دەبین'، دووەمین کۆنفرانسى ژنانی گەنجی تێکۆشەر، بە بەشدارى نزیکەى ٢٠٠ ئەندام دەستیپێکرد.


کەمێک پێش ئێستا، دووەمین کۆنفڕانسی ژنانی گەنجی تێکۆشەر، لە هۆڵی ئوتێل مەم و زین لە شاری سلێمانی دەستى پێکرد.

سەرەتای کۆنفڕانسەکە  بەخێرهاتنی ئامادەبووان کرا ودواتر بە چەن ساتێک وەستان بەپێوە ڕێزگیرا لە گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی، هەروەها دەستەی دیوانى کۆنگرەکە هەڵبژێردرا.

 وتاری کردنەوەی کۆنفڕانس لە لایەن تارا حسێن جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان پێشکەش کرا.

تارا حسین وتی: ڕەوشی هەرێم و کوردستان لە دۆخێکدایه، کە داگیرکەران هەوڵی دیزاین کردنی هەرێم دەدەن بە خواستی خۆیان و ئەو قەیرانەی کە لە ئارادایە لە ئەنجامی بۆشایی ژن و نەبوونی ژنە و ئەو سیاسەتەی بەڕێوە دەچێت بۆ پێشگرتنە لە پڕۆژەى چارەسەرى ئۆجالان.

تارا حسێن وتیشی: ئەو ژنە گەنجانەی، کە لێرە ئامادەن لە ژێر دەسەڵاتی پیاو سالاری و دەسەڵاتداری، ئەرکی سەرشانیانە کە بەربەستەکان بشکێنن و بتوانن بەهێزانە ڕووبەڕووی کێشەکان ببنەوە، ببنە خاوەن فکرێکى ئازاد و تێکۆشانى ئازاد، کە دەتوانن داهاتوویەکی پڕ لە ئازادی بڕەخسێنن، چونکە گەنجان دەتوانن داهاتوو دیاریبکەن.

د.ع