تا دێت گوشارەكانی دەوڵەتی ئێران بۆسەر ڕۆژنامەنووسان لە زیادبووندایە و دوو ژنە ڕۆژنامەنووسی دیکە لە شاری تارانی پایتەختی ئەو وڵاتە، لەلایەن هێزەكانی سەر بە دەسەڵاتەوە دەستبەسەر كران و بەو پێیە لە سەرەتای دەستپێكردنی ناڕەزاییەتییە سەرتاسەرییەكانی ئێران و ڕۆژهەڵاتەوە، تائێستا ٧٩ ڕۆژنامەنووس دەستگیركراون.
دوێنێ لە شاری تارانی پایتەختی ئێران، دوو ژنە ڕۆژنامەنووسی دیکە بە ناوەكانی “سەعیدە شەفیعی و مێهرنووش زارعی” دەستبەر كران.
لای خۆیەوە حسێن هۆمایون، هاوسەری سەعیدە شەفیعی لە تویتەری خۆی بڵاویكردەوە، ڕۆژی یەكشەممە ٢٢ی كانوونی دووەم، لە ئەنجامی هەڵكوتانی هێزەكانی سەر بە دەسەڵات بۆ سەر ماڵەكەیان، هاوسەرەكەی دەستبەسەر كراوە.
هەر لەو بارەیەوە، ئاژانسی كۆمەڵەی چالاكوانانی مافی مرۆڤ لە ئێران -هەرانا بڵاویكردووەتەوە، سەعیدە شەفیعی نووسەر و ڕوژنامەنووس بۆ شوێنێكی نادیار گواستراوەتەوە و هێشتا هۆكاری دەستبەسەركردنی ئاشكرا نەكراوە.
هەرانا ئاشكراشی كردووە، ژنە ڕۆژنامەنووسێكی تر بەناوی مێهرنوش زارعی دەستبەسەر و بۆ زیندانی ئەوینی تاران گواستراوەتەوە.
بە گوێرەی ئاژانسی هەرانا، هێزەكانی سەر بە دەسەڵات، دوای پشكنینی ماڵی ئەو ژنە ڕۆژنامەنووسە و دەستبەسەرداگرتنی بەشێك لە كەلوپەلەكانی پەیوەست بە پیشەكەی، دەستبەسەریان كردووە و بۆ زیندان گواستویانەتەوە.
ئەمەش لەكاتێكدایە ڕۆژی شەممە ٢١ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٣ لە شاری تاران، ملیكا هاشمی، ژنە پەیامنێری ئاژانسی شەهر دەستبەركرابوو، بەو پێیەش لە سەرتایی دەستپێكردنی سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادی” لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان تا ئێستا ٧٩ ڕۆژنامەنووس دەستگیر كراون، كە لەو ژمارەیە هەندێكیان بە دانانی بارمتە ئازاد كراون، بەڵام زۆربەیان هێشتا لە زینداننەكانی كۆماری ئیسلامیدان.
ڕ.ڕ