دوو کچی نەوجەوان لە شوێنە بوومەلەرزە لێدراوەکانی کرماشان خۆیان کوشت

دوو کچی نەوجەوان لە شارۆچکەی سەرپێڵ زەهاوی سەربە کرماشان، کە لە مانگی ١١ی ساڵی پاردا بوومەلەرزە هەمووی وێران کرد، بەهۆی سەختی دۆخی ژیانەوە کۆتاییان بە ژیانیان هێنا.


بەگوێرەی هەواڵێکی "ناوەندی مافەکانی مرۆڤی نا بۆ زیندان نا بۆ سێدارە"، ئێوارەی دوێنێ لە دوو گوندی سەربە سەرپێڵ زەهاو دوو کچی تەمەن ١٦ و ١٧ ساڵ کۆتاییان بە ژیانیان هێنا.

مەریەم ڕۆستەمی، تەمەن ١٧ ساڵان لە گوندی زەعفەران و نوشین ڕۆستەمی، تەمەن ١٦ ساڵ لە گوندی قەڵخانی، ئەو دوو کچە نەوجەوانەن کە کۆتاییان بە ژیانیان هێناوە.

ڕاگەیەندراوە، کە ئەو دوو کچە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەهۆی فشارەکانی ژیان و هەروەها نەبوونی دەرفەتی پێویست بۆ ژیان تووشی دێپرێشن 'کەئابە' بوبوون.

جێگای ئاماژەیە، کە ڕۆژی ١٣ی مانگی ١١ی ساڵی پار، بوومەلەرزەیەک بەگوری ٧.٣ پلەی ڕێختەر لە کرماشان ڕوویدا، بەشێکی زۆر لە شارۆچکەکان و گوندەکانی ئەو پارێزگایە وێران بوون، پاش تێپەڕبوونی نۆ مانگ لەو بوومەلەرزەیە، هێشتا دەرفەتەکانی ژیان بۆ ئەو هاوڵاتیانە دابین نەکراوە و لە دۆخی زۆر نالەباری ژیاندا بەسەردەبەن.

س.ح