دژی "سوتاندنی ژنێک و سێ منداڵەکەی" ناڕەزایی نیشاندرا

ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕێکخراوی مافی مرۆڤ دژی "سوتانی ژنێک و سێ منداڵەکەی" هاتنە دەنگ، لە لێدوانێکیاندا بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن داوایان کرد، کە حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوەکانی ژنان هەڵوێستیان هەبێت.


ئەمڕۆ ئەندامانی پڕۆژەی ژن ژیانە مەیکوژه و ڕێکخراویی ژیان و ڕژاک و ژنانی تەڤگەری ئازادیی و ڕێکخراوی مافی مرۆڤ، لەبەردەم نەخۆشخانەی ئیمێرجێنسی شاری سلێمانی گردبوونەوە و لێدوایان بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دا.

نیگار تۆفیق، چالاکوانی بواری ژنان، ئاماژەی بەوە کرد: "ئەمڕۆ ڕێکخراوەکانی ژنان کۆبوینەتەوە بە مەبەستی داکۆکیکردن لە مافی ئەو ژن و سێ منداڵەی که سوتێنراون، داوا له ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان دەکەین کە بێدەنگ نەبن".

وتیشی: "ئێمە وەک پرۆژەی ژن ژیانە مەیکوژە و ڕژاک و ژنانی تەڤگەری ئازادیی و ڕێکخراوی ژیان هاتوینەتە دەنگ و ڕێکخراوی مافی مرۆڤیشیان لەگەڵدایە، دواکارن لە حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە هەڵوێستیان هەبێت".

داتر سابیر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نوسینگەی مافی مروڤ لە سلێمانی، وتی: ئەو تاوانە بە تاوانێکی قێزەون دەزانین، لەمساڵدا چەندین تاوانی لەو جۆرە ڕوویداوە.

داواشیکرد، کە لێکۆڵینەوە یاسایەکان لەو جۆرە کەیسانەدا بەبێ دەستێوەردان بێت.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕووداوێکی سوتانی ماڵێک لە چەمچەماڵ ڕوویدا و بە هۆیەوە دایکێک و سێ منداڵەکەی سوتان، ئێستاش دەوترێت هاوسەرەکەی دەستی لەو ڕووداوەدا هەیە.

ک.ک