دژی ڕێگریی لە دووژن و لەبارچوونی منداڵەکانیان ژنان ئیدانەی پارتی دەکەن

ژنانی چالاکوان لە شاری سلێمانی ئیدانەی ڕێگرییەکانی ئاسایشی پارتی لە مەخمورییەکان دەکەن کە بووەهۆی لەبارچوونی دوو منداڵ، هاوکات داوا دەکەن ڕێگرییەکان کۆتاییان پێبێت و لایەنە پەیوەندیدارەکان چیتر بێدەنگ نەبن.


ماوەی ٢١ ڕۆژە دانیشتووانی کامپی شەهید ڕۆستەم جودی ڕێگایان پێ نادرێت هاتووچۆی شاری هەولێر بكەن، بەم هۆیەشەوە تاوەكو ئێستا دوو ژن منداڵەكانیان لە بارچووە، هەروەها دەیان کەس بۆ سەردانی پزیشک و کارکردن پێویستیان بەوڕێگایەیە، بەڵام ئاسایشی پارتی گەمارۆی داون، لەوبارەیەوە ژنانی چالاکوان لە شاری سلێمانی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

شنە عەلی چالاکوان و مامۆستا بەداخبوو بۆ لە دەستدانی منداڵەکانی دووژن بەهۆی ڕیگریی کردنیان لە بازگەکانی پارتی، وتیشی: پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بێنە دەنگ، بەڵام ئەو بەرپرسیارییەتییەیان نەگرتووەتە ئەستۆ، کە ئەمەش دیارە لەم نێوانەدا کامپی مەخمور بووەتە قوربانی دەستی هەولێر و بەغدا، کە ئەم ڕێگریییەش جاری یەکەم نییە، ئەم ئەمجارەش بە هۆی "ئەو سیناریۆ دروستکراوەوە بوو کە لە هەولێردا ڕوویدا"، هەر یەک لەمانەش ئەوە ناگەیەنێت کە لەلایەن ئاسایشی هەرێمەوە بەو شێوەیە مامەڵەیان لە گەڵدا بکرێت، هەمیشە بەرپرسەکان خەڵکی مەدەنی دەکەنە قوربانی و خۆیان لێی دەربازبوون، ژنانیش هەمیشە باجی ئەو ململانێیانە دەدەن و لە لایەکەوە تەندروستی و لە لایەکی دیکەوە بارێکی سەختی دەروونی.

شنە ڕەخنەی لە ڕێکخراو و ژنانی چالاکوان گرت و، وتی: بەداخەوە زۆرێک لە ڕێکخراوەکان سەر بە حزبن، کپدەکرێنەوە و ئەوانەشی سەربەخۆن ڕیگرییان لێدەکرێت و ئاستەنگی جۆربەجۆر لە بەردەمیاندا دروست دەبێت، بۆیە ئەم پرسە پرسێکی ژنانەیە و خەمی هەموو کۆمەڵگایە و بە یەکدەنگی خۆمان دەبێت پشتیوانی یەکتربین، ئەگەر بێدەنگبین وردە وردە تەشەنە دەکات و بە هەموو ئاستەکانی دیکەی کۆمەڵگادا بڵاو دەبێتەوە.

دیاری فەرەیدون یەکێکی دیکەیە لە ژنانی چالاکوان، باس لەوە دەکات، لە ڕووی مرۆڤایەتییەوە و لە هیچ یاسایەکدا نەبووە لایەنی تەندروستی مرۆڤەکان بکەوێتە مەترسییەوە و بەو شێوەیە ڕێگریی لە چارەسەر کردنیان بگیرێت، دەشڵێت: زۆر پێم سەیرە کە ئەو ژنە بەو ڕادەیە ڕێگری لێبکرێت کە منداڵەکەشی ببێتە قوربانی، لە کاتێکدا دڵنیام ئێستا بە لایەنێکی دەروونی زۆر خراپدا تێپەڕدەبیت و لە دوای نۆمانگ چاوەڕوانی منداڵەکەی بە مردووی هاتووەتە دونیاوە.

دیاری داوای کرد، کە "لایەنە پەیوەندیدارەکان بێنە دەنگ کە ئەمە بۆ کراوە، ئەوانەی فەرمان بە ئاسایش دەکەن بۆ ڕێگرییەکان دەبێت ڕەچاوی هەندێک دۆخی وا بکەن، کە ژیانی ئەو هاوڵاتیانە نەکەوێتە مەترسیەوە، ئەوەش کە ڕوویداوە تاوانێکە دژ بە مرۆڤایەتی و ئیدانەی دەکەم و پێویستە گەورەترین هەڵوێست لە سەری نیشان بدرێت".

س.ح