دڵنیای ١٦ ساڵ دوای لێدانەکانی باوکی، خۆی خنکاند

کچێکی تەمەن ١٦ ساڵ، بە هۆکاری ئەوەی کە باوک و باپیرەی ویستوویان بە زۆر هاوسەرگیری بکات و ڕەتیکردووەتەوە، ئەشکەنجەیەکی زۆریان داوە، ئەویش بە پەت خۆی خنکاند.


بە پێی ئەوزانیارییەی کەسانی نزیک لە ڕووداوەکە بە ڕۆژنیوزیان داوە، دوێنێ لە گوندی مەوی سەر بە ناوچەی زەڕینەی هەوەتوو لە دەوروبەری شاری دیواندەرە لە سنووری پارێزگای سنە، کچێکی تەمەن ١٦ ساڵ بە ناوی دڵنیا سەفایی، بەهۆی فشارەوە خۆی خنکاندووە.

دڵنیا سەفایی، تەمەنی ١٦ ساڵە و بە هۆکاری ئەوەی کە باوکی و باپیری، ویستوویانە بە زۆر بیدەن بە پیاوێک و ئەویش ناڕەزایەتی پیشانداوە، بەڵام ئەوان بە لێدان و ئەشکەنجەدانێکی زۆر پێیان ڕاگەیاندووە، کە دەبێت ئەو هاوسەرگیرییە بکەی و تەنانەت بە مردنیش نابێت ڕەتیبکەیتەوە.

بەهۆی ئەو لێدوان و ئەشکەنجەوە، دوای چەند کاتژمێرێک دڵنیا بە پەت کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

س.ح