دیدارەکانی شاندی ژنانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە هەولێر بەردەوامە

دیدارەکانی شاندی ژنانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ ڕێکخراو و ژنانی ناو لایەنەکانی باشوری کوردستان بەردەوامە و لەگەڵ زەحمەتکێشان-یش کۆبوونەوە.


شاندێك لە ژنانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دوو ڕۆژە لە باشوری كوردستان-ن و پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شاری هەولێر لەگەڵ ژنانی  حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان  كۆبوونەوە.

شاندەكە، پێکهاتوون لە ئاسیا عەبدوڵا ئەندامی كۆردیناسیۆنی كۆنگرەی ستار، ئەستێرە قاسم چالاكوانی كۆمەڵگەی مەدەنیی، نارین مەتین سەرۆكی شەپۆلی پێشەڕۆژی كوردستان و شیراز حەمۆ هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی هەرێمی عەفرین بە هاوڕێیەتی جیهان خەلیل، نوێنەری کۆنگرەی ستار لە باشوری کوردستان.

شاندەکە، ئامانجی سەردانەکەیان بۆ ژنانی ناو حزبی زەحمەتکێشان روونکردەوە، کە کارکردنی پێکەوەیی و ئامادەکارییە بۆ سێیەمین کۆنفرانسی ژنانی کوردساتان، هەروەها بەردەوامییدان بە بڕیاری کۆنفرانسەکانی ڕابردوو، کە لە ئامەد و هەولێر بەڕێوەچوون.

 هەروەها، نیشتیمان کەمال، ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، وتی: بە هەموو شێوەیەک هاوکار دەبین بۆ بەستنی کۆنفرانسی ژنان، ژنان لە هەموو کات زیاتر پێویستیان بە یەکگرتن و تەباییە.

بڕیارە شاندی ژنانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا كاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆ لەگەڵ ژنانی ناو  كۆمەڵی ئیسلامییش كۆ ببنەوە.

ش.ف