"دەبێت ژنان لە پەرلەمان لەژێر چەتری حزبایەتیی بێنە دەرەوە"

کاندیدانی ژن بۆ چووونە پەرلەمان کۆمەڵێک کار و پڕۆژەیان دەربارەی پرسەکانی ژنان هەیە و جێبەجێ کردنی کارەکانیشیان پەیوەست دەکەن بە هاوبەشییکردنی نێوانیان و یەکێکیش لەو کاندیدانە دەڵێت: دەبێت ژنان لە پەرلەماندا لە ژێر چەتری حزبایەتیی بێنە دەر.


لە هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ٢٩ قەوارەی سیاسی بەشدارییان کردووە و لە کۆی ٧٧٣ کاندید،٢٤١ ژن وەک کاندید دەستنیشان کراون، سەبارەت بە کار و پڕۆژەکانیان هەر یەک لە ژینۆ محەمەد کاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان، هێلین یاسین، کاندیدی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بەیان محەمەد، کاندیدی حزبی شیوعی کوردستان بۆ ڕۆژنیوز قسەیان کرد.

ژینۆ محەمەد، پێیوایە، کە ژنان لە کۆمەڵگای کوردییدا لەلایەک بە دەست دەسەڵاتێکی سیاسی ناتەندروست و نادادپەروەرەوە دەناڵێنن و لە ماوەی ڕابردوو زۆر ژن ڕووبەڕووی کوشتن و سووکایەتی و زیندانی بوونەتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە ئەو ژنانەی لەناو هێز و لایەنە سیاسییەکان-دان ناخرێنە ناوەندەکانی بڕیاردان، بۆیە دەبێت ئێمەی ژنان لەژێر چەتری حزب و لایەن و هێزی سیاسی بێیینە دەروەوە و یەک دەنگ و یەک ڕەنگ بین، وەک ژن بیربکەینەوە، ئەمە لەکارنامەی مندا هەیە.

ژینۆ محەمەد، ئاماژەی بە کاریگەریی خراپی یاسای لێبوردنی گشتیی کرد، لەسەر ژنان و وتی: بەداخەوە ساڵانە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرژەوەندی حزبێک، لێبووردنی گشتیی دەردەکات و بەتایبەتی بکوژانی ژنان ئازاد دەکات، بۆیە ئێمە هەوڵدەدەین کار بکەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسا و بڕیارانەی، کە دژی ژنە، هەموو ئەوانەش بە کۆدەنگیی پێکدێت.

هەروەها، هێلین یاسین، کاندیدی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ئاماژەی بە یەکێک لەو خاڵانە کرد، کە لە کارنامەیدایە بۆ ژنان ئەنجامیبدات و وتی: دەمانەوێت كار بۆ ئەوە بكەین، پرسەكانی تایبەت بە ژنان لەنێو چواردیواری كۆڕ و سمینارەكان بێنە دەروە و لەو شوێنانە كاری بۆ بكەین كە دوورە شارن وەكو گوند و لادێكان.

وتیشی: دەمەوێت کار بکەم بۆ زیاتر و پتەوکردنی پێگەی ژنان لەنێو پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، بەجۆرێک لەو بازنەیە بێنە دەرەوە، کە هەموو دەسەلاتەكانیان تەنها لە لیژنەیەكی ژناندا كۆببێتەوە، دەبێت خاوەن بڕیاری خۆیان بن و بتوانن داكۆكیی لە بەرژەوەندیەكانی ژنان بكەن.

 هەروەها، وتی: دەبێت یاسایەك ئامادە بکەین، کە لە دادگاکاندا یەک ژن وەک پیاو بە شاهید هەژمار بکرێت، نەک وەک ئێستا، کە دوو ژن بە یەک شاهید هەژماردەکرێن.

بەیان محەمەد، کاندیدی حزبی شیوعی کوردستانە و  وتی: من کە بە دەنگی خەڵک دەچمە پەرلەمان دەبێت جەخت لە سەر یاسایەک بکەمەوە کە مافەکانی ژنانی تێدا پارێزراو بێت، ئەمەش پێویستیی بە هەوڵدانە و نابێت کۆڵ بدەین.

ش.ف