دەربەندیخان، ژنێک خۆی سووتاند

لە شارۆچکەی دەربەندیخان ژنێکی تەمەن ۲٥ ساڵ کە خاوەنی کچێکە خۆی سووتاند و گیانی لەدەستدا.


شەوی ڕابردوو، ژنێک لە شارۆچکەی دەربەندیخانی سەر بە شاری سلێمانی ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و گیانی لەدەستدا.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە ڕۆژنیوز لە شایەتحاڵانی نزیک ڕووداوەکەوە دەستیکەوتووە، ئەو ژنە ناوی هەیفا حامی بووە تەمەنی ٢٥ ساڵ بووە و خاوەنی کچێک بووە و لە هاوسەرەکەی جیابووەتەوە.

بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر و زانینی هۆکاری خۆسووتاندنی ئەو ژنە، ڕۆژنیوز پەیوەندیکرد بە هەریەکە لە پۆلیس و بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژ بە ژنانی دەربەندیخان، بەڵام ئامادەنەبوون هیچ زانیارییەک لەوبارەیەوە بدەن.

بەپێی ئامارێک، کە ڕۆژنیوز ڕۆژانە لەگەڵ ڕووداوەکان لای خۆی تۆماریکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئەمڕۆ، ٢١١ کەس لە هەردوو ڕەگەز لە باشوری کوردستان کوژراون یان خۆیان کوشتووە، ئەمە بێجگە لەو کوشتنانەی، کە بەهۆی کردەوەی تیرۆریستییەوە ڕوودەدەن و ئەوانەی کە بە ڕۆژنیوز نەگەیشتوون.

ئەو ژنەی کە خۆی سووتاندووە

ب.ل