دەوڵەتی ئێران نەیتوانی شیرین و ئایندە و ئازادیی لەسێدارە بدات

لەپێناو بنیادنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیموکرات، زۆر کەسی شۆڕشگێڕ گیانی خۆیان بەخت کرد و لە سێدارە دران، یەکێک لەو کەسانە شیرین عەلەم هولی-یە کە نۆ ساڵ بەر لە ئێستا لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە لەسێدارە درا، بەڵام لەسێدارەدان تەنیا بۆ جەستەی عەلەمهولیی بوو، ئێران نەیتوانی ئامانج و تێکۆشانی شیرین و ئایندە و ئازادیی لەسێدارە بدات.


شیرین عەلەمهولی و چوار لە هاوڕێکانی، لە لایەن ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە بەرەبەیانی ٩/٥/ ٢٠١٠ لە سێدارە دران، ئەو شەهیدانە بە شەهیدانی ٩ی گوڵان ناسراون.

شیرین عەلەمهولی، لە عەشیرەتی جەلالی-یە، دووەم منداڵی خێزانەکەیەتی، لە ساڵی ١٩٨١ لە  گوندی دیم قشڵاخ-ی سەر بە شاری ماکۆ لە دایکبووە، ٧ برا و دوو خوشکی هەبوو.

شیرین هیچ خوێندەواریی نەبوو و لە ڕێگای کتێبەکانی براوخوشکە بچووکەکانیەوە پیتەکانی ناسیبوو، بەڵام لەوکاتەی کە چاوی لە ئاستی نادادپەروەرییەکانی کۆمەڵگا و دونیا کرایەوە، هیچ ناحەقییەکی بۆ خۆی و بۆ ژنانی دەوروبەری پەسەند نەکرد.

کاتێک کە لە ساڵی ٢٠٠٦ گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژی هەڵسوکەوتی نامرۆڤانەی دەوڵەتی تورک لەبەرامبەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە، سەریانهەڵدا و ناڕەزایەتییان دەربڕی، بەشێکی زۆر لە گەنجان دەستگیر کران و دوو گەنجی دیکە شەهید بوون، بە هۆی ئەو جیاوازییە ڕەگەزییەی هەبوو کە ژنان نەیاندەتوانی بەشداری ناڕەزایەتییەکان بن، بۆیە شیرین ڕێگای ژیانی خۆی بە تێکۆشانی خۆی گۆڕی.

شیرین عەلەمهولی، لە شەوی دەزگیراندارییدا ڕێگای سەفەر و تێکۆشان دەگرێتە بەر و هەر ئەو شەوە لەگەڵ دوو هاوڕێی بە ناوی ڕووناهی دێنیز و چالاک جوانڕۆ خۆی دەگەیەنێتە ناو ڕیزەکانی گەریلا، شیرین بە موڵک بوونی پیاوی بۆ هەمیشە ڕەتکردەوە و بەهۆی خۆشەویستی بۆ هەردوو هاوڕێکەی کە بەشدارییان کردبوو ناوی خۆی نا 'ڕووناهی چالاک' و بۆ هەمیشە بوو بە ڕووناهییەک، هەر لە چوارچێوەی گەیشتن بە ئاوات و خولیاکانی توانی لە ماوەیەکی کەمدا خۆی پێبگەیەنێت و ئەو بەڵێنەی کە بە کورد و ژنانی دابوو، بە جێی بهێنێت.

شیرین بۆ ماوەی ساڵێک لە چیای قەندیل دەمێنێتەوە و هەر لەوێدا فێری خوێندن و نووسین دەبێت و لە ئاستی فکری-دا خۆی پێش دەخات.

هەر لە ساڵی ٢٠٠٨-دا  کاتێک کە دەوڵەتی تورک بە هاوپەیمانیی ئێران، هێرشیان کردە قەندیل، شەش ئەندامی ڕاگەیاندنی پژاک شەهید بوون، دواتر لە پایزی ئەو ساڵەدا حەسەن حیکمەت دەمیر لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە لە سێدارە درا و دواتر ڕوناوهی دێنیز چالاکیی فیدایی کرد و پاشان چالاک جوانڕۆ لە چالاکییەکدا شەهید بوو.

شیرین پەیمانیدا، کە لەبەرامبەر هەموو ئەو زوڵمانەی ڕژێمی ئێران بێتە دەنگ و تۆڵەی هەموو هاوڕێیان و گەلەکەی بکاتەوە، بۆیە بڕیاری ئەنجامدانی چالاکیی فیدایی دا لەناو فڕۆکەخانەی تارانی پایتەختی ئێران، لەکاتێکدا لە ١٠٠ مەتر نزیک لە فڕۆکەخانەکە دەوەستێت، لەلایەن کەسانی دیکەوە ئاشکرا دەکرێت و دواتر دەستگیر دەکرێت.

شیرین لەدوای دەستگیرکردنی بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک نازانرێت کێیە و بەردەوام لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی ئێرانەوە ڕووبەڕووی هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەک دەبێتەوە، بەڵام لەجیاتی دانپێدانان، مانگرتن ڕادەگەیەنێت، شیریین لەبەشێک لە یادەوەرییەکانیدا نووسیبووی:"ئەو کەسانەی کە ئەشکەنجەیان دەدام پیاو بوون و منیان بە تەختێکەوە بەستبووەوە و بە داری کارەبایی و مشت و شەق ئەشکەنجەیان دەدام، بە هۆی ئەوەی کە فارسیشم باش نەدەزانی زیاتر فشاریان لە سەر دروست دەکردم".

ڕژێمی ئێران بە دەیان جار فشارییان خستبووە سەر و تەنانەت داوایان لێکردبوو کە پەشیمانی خۆی دەربڕێت و بەڤیدیۆ ڕایبگەیەنێت، بەڵام شیرین لە وەڵامدا پێی وتبوون: ئێوە دەتوانن گیانی من بستێنن، بەڵام ناتوانن شەرەفم لێبستێنن.

شیرین دوای شەش مانگ لێدان و لێپرسینەوە گوازراوەتەوە بۆ زیندانی ئەوین، ئەشکەنجە وەها ڕووخسار و جەستەی گۆڕیبوو کە نەدەناسرایەوە، بەشێکیش لە هاوڕێکانی لەدوای لەسێدارەدانی باسیان لەو خۆڕاگرییەی شیرین کردووە لەبەرامبەر ئەشکەنجەکاندا.

لەدوای دووساڵ مانەوە لە زیندانی ئەوین و بە بڕیاری دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی بە تاوانی دەرچوونی یاسایی لە سنوور و هاوکارییکردنی پژاک، بڕیاری سێدارەی بەسەردا سپێردرا، ئەگەرچی هەوڵێکی بێ شومار بە کۆکردنەوەی واژۆ و ڕاگەیاندنی کەمپەین درا تا پێش بەو لەسێدارەدانە بگرێت، ئەوە بوو لە ٩ی گوڵان ٢٠١٠ کاتژمێر ٩:٣٠خولەکی شەو شیرین بە بیانووی هەڵە تۆمارکردنی ناوی باوکی بانگ دەکەن و بۆ بەیانی ڕۆژی دواتر کاتژمێر ٥:٣٠ خولەکی سەرلەبەیانی هاوڕێ لە گەڵ فەرزاد کەمانگەر، عەلی حەیدەرییان و فەرهاد وەکێلی و مەهدی ئیسلامییان، بە وتنەوەی سرودی ئەی ڕەقیب لە سێدارە دران.

هەر پێنج ڕۆژ لە دوای لە سێدارەدانیان، وەک ناڕەزایەتی مانگرتنێکی سەرتاسەریی بەڕێوەچوو، کە لە مێژووی ئێراندا کەم وێنە بووە و جگە لەوەی لە کوردستان و تەواوی وڵاتانی جیهان ناڕەزایەتیی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا.

ئەوین زیلان، هاوڕێی شیرین عەلەمهولی، لەبارەی شەهید شیرینەوە  وتی: هەڤاڵ شیرین بە گیانبەخشینی خۆی ویستی ئازادیی بۆ ژنان بە دی بێنێت، پێویستە هەموو ژنان باش تێبگەن و شیرین ئاسا لەدژی نادادپەروەرییەکان ڕاپەڕن و لە ئاستی بەرخۆدانیدا ئاستی تێکۆشانی خۆمان بەرز بکەینەوە و بێ جیاوازییکورد و فارس و عەرەب تێکۆشان بکەین، چونکە کە کۆمەڵگا بە ڕێکخستن بوو ئەوا ئەو شەهیدانەش بە نەمری دەمێننەوە.

ئەگەرچی نۆ ساڵ بە سەر لە سێدارەدانی شیرین عەلەمهولی و هاوڕێکانیدا تێدەپەڕێت، بەڵام دووژمن نەیتوانیوە ساتێکیش لە تێکۆشانیان کەم بکاتەوە و تەڤگەری ئازادیخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەورەتر دەبێت و بە دەیان کەس لە دوای شەهیدبوونیان چوونەتە ناو ڕیزەکانی گەریلاوە و ناو یان پاشناوی خۆیان بە شیرین دیاریی کردووە،  هەروەها، هەموو ساڵێک بە شانازییەوە یادی شەهیدانی ٩ی گوڵان دەکرتەوە.

ش.ف