د.چۆمان هەردی: ڕۆژئاوا هەڵەبجە، ئەنفال و شەنگالی بەبیرهێناینەوە

دکتۆرە چۆمان هەردی، ژنە نووسەر، چالاکوان و مامۆستای زانکۆ دەڵێت، کارەساتی ڕۆژئاوای کوردستان هەڵەبجە، ئەنفال و شەنگالی بەربیرهێناینەوە، دەشڵێت: مرۆڤبوونمان پابەندە بەوەی هێشتا تووڕەبین، بۆ ئەوەی پاڵنەرمان بێت بۆ کارکردن و هەڵوێست دەربڕین.


دکتۆرە چەمان هەردی، ژنە نووسەر، چالاکوان و مامۆستای زانکۆ دوێنێ لە میانەی بەشدارییکردنی لە گردبوونەوەکی شاری سلێمانیدا بۆ شەرمەزارکردنی هێرشە داگیرکارییەکانی سوپای تورک بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، قسەی بۆ ڕۆژنیوز کرد.

دکتۆرە چۆمان ئاماژەی بەوەکرد، کە ئەم چەندە ڕۆژە بۆ هەموو کوردێک ڕۆژگارێکی سەختە و وتی: ئێمە پشتگیریی تەواوی خۆمان دەردەبڕین بۆ گەلی ڕۆژئاوای کوردستان، ئیدانەی تەواوی ئەو هێرشانە دەکەین، گرنگە لە ئێستادا هەرچییەکمان پێدەکرێت بۆ ڕۆژئاوا بیکەین، هەستەکەم ئێمە لەوە زیاترمان لەدەست دێت کە هەر لە چوارچێوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناڕەزایەتیی خۆمان دەرببڕین، لانیکەم دەتوانین بایکۆتی شتومەکی تورکیا بکەین، هەوڵبدەین چیتر لە ڕێگای هێڵی ئاسمانیی تورکیاوە سەفەر نەکەین.

د.چۆمان کچی شاعیری ناوداری کورد ئەحمەد هەردییە و خۆیشی شاعیرێکی خامە ڕەنگینە، لە گردبوونەوکەدا پانکاردێکی خستبووە سەر دڵی، کە لەسەر نووسرابوو "هەر کوردبووین و هەر کورد ئەبین، ژن ژیان ئازادی"، بەوتەی خۆی، دوێنێش شیعرێکی لەسەر ڕۆژئاوا بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: بۆ من گرنگ بوو ئەو شیعرە بە زمانی ئینگلیزیی بنووسم، چونکە ڕووی دەمم لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کرد.

دکتۆرە چۆمان هەردی دەشڵێت: ئەم کارەساتە هەڵەبجە و ئەنفال و شەنگال-ی بەربیرهێنانینەوە، جارێکی دیکە ئێمەی خستەوە بیری کۆچکردن، بەداخەوە برین لەسەر برین لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا دروستدەبێت، دەبێت ئێمە هەست بەو ئازارە بکەین، مرۆڤبوونمان پابەندە بەوەی هێشتا تووڕەبین، بۆ ئەوەی پاڵنەرمان بێت بۆ ئەوەی هەڵوێستمان هەبێت.

ب.ل