رۆڵی ژن له‌ گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووریدا


رۆژنیوز – شنا فایه‌ق

سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو ئاسته‌نگییانه‌ی بۆی دروستده‌کرێ، ژن جیاواز له‌ ئه‌رکی ماڵه‌وه‌ و په‌روه‌رده‌کردنی منداڵ، شانبه‌شانی پیاوان به‌شدار ده‌بێ له‌ کارکردن له‌ که‌رتی گشتی و تایبه‌تدا بۆ په‌یداکردنی بژێوی ژیان و ده‌سته‌به‌رکردنی ئابورییه‌کی سه‌ربه‌خۆ.

ژنان، ده‌یانه‌وێت له‌ رێگای کارکردنه‌وه‌ هێز و توانای خۆیان بخه‌نه‌ گه‌ڕ و چاوه‌ڕێی ده‌ستی پیاو نه‌بن، چونکه‌ ژنان ده‌توانن خۆیان کاربکه‌ن‌ و داهات بۆ خۆیان په‌یدا بکه‌ن، وه‌ به‌شداربن له‌ سیسته‌می ئابوری وڵاتدا.

ژنی کورد له‌ کۆنیشدا، له‌گه‌ڵ راپه‌راندنی کاری ناوماڵ و به‌جێگه‌یاندنی ئه‌رکی دایکایه‌تیدا به‌رده‌وام شانبه‌شانی پیاوان کاری دیکه‌ی وه‌ک ئاژه‌‌ڵداری، باخه‌وانی، وه‌رزێری و ڕستن و چنین و چه‌ندین کاری تری ئه‌نجامداوه‌، له‌ ئێستادا و له‌گه‌ڵ به‌ره‌وپێشچوونی زیاتری کۆمه‌ڵگا، ژن ئازایانه‌ به‌شدارده‌بێت له‌ زۆر بواری وه‌ک ئیداری، په‌روه‌رده‌یی، هونه‌ری، پیشه‌سازی و سیاسی و بواره‌کانی تر.

ژاڵه‌ و ده‌شنێ، دوو کچی خه‌ڵکی شاری سلێمانین و پێکه‌وه‌ له‌ دوکانێکی که‌لوپه‌لی جوانکاری ژناندا کارده‌که‌ن، له‌ کاتیکدا ئێمه‌ سه‌ردانمان کردن به‌ رووخۆشییه‌وه‌ پێشوازیان کردین و ئاماده‌ییان نیشاندا که‌ له‌باره‌ی کاره‌که‌یانه‌وه‌ بۆ ئاژانسه‌که‌مان بدوێن.

" دوای ته‌واوکردنی خوێندن هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ کارکردن"

سه‌ره‌تا ژاڵه‌ کامه‌ران-ی ته‌مه‌ن 20 ساڵ که‌ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ک بوو ده‌ستی به‌ کارکردن کردبوو له‌و دوکانه‌دا بۆ رۆژنیوز وتی:" دوای ته‌واوکردنی خوێندن یه‌کسه‌ر هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ کارکردن، بێ ئه‌وه‌ی قسه‌ی کۆمه‌ڵگا کارم تێ بکات و شانازیش به‌ کاره‌که‌مه‌وه‌ ده‌که‌م".

"پێمخۆشه‌ ژێرخانێکی ئابووری سه‌ربه‌خۆم هه‌بێت"

سه‌باره‌ت به‌ هۆکاری بڕیاردانی بۆ کارکردن، ژاڵه‌ وتی:" پێمخۆشبووه‌ له‌ چوارچێوه‌ی خانوویه‌کدا نه‌مێنمه‌وه‌ و بێمه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ کارکردن، هه‌روه‌ها ژێرخانێکی ئابووری سه‌ربه‌خۆم هه‌بێت و له‌سه‌ر پێکانی خۆم بوه‌ستم وه‌ کاریگه‌ری کۆمه‌ڵگام له‌سه‌ نه‌بێت".

"هه‌مان ئه‌و کارانه‌ ده‌که‌م، که‌ ئه‌و پیاوه‌ له‌م دوکانه‌دا ده‌یکات"

ئه‌و کچه‌ خوێندکاره‌ باسی له‌ توانای خۆی کرد وه‌ک کچێک و وتی:"منیش هه‌مان توانای پیاوێکم هه‌یه‌ و ده‌توانم خۆم پاره‌ بۆ خۆم په‌یدا بکه‌م و له‌سه‌ر پێی خۆم راوه‌ستم، هه‌مان ئه‌و کارانه‌ ده‌که‌م که‌ ئه‌و پیاوه‌ی له‌م دوکانه‌دایه‌ ده‌یکات".

هه‌روه‌ها ده‌شنێ هیوا ته‌مه‌ن 19 ساڵ، خوێندنی شه‌شی ئاماده‌یی ته‌واوکردووه و له‌و دوکانه‌دا کاری فرۆشیاری و ژمێریارش ده‌کات و به‌ رۆژنیوزی وت:" له‌م دوکانه‌دا وه‌ک فرۆشیار و ژمێریاریش کاره‌دکه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی کاته‌کانم به‌ شتی به‌سوده‌وه‌ به‌سه‌ربه‌رم و بژێوی ژیانی خۆم په‌یدا بکه‌م‌ بێ ئه‌وه‌ی پشت به‌ که‌س ببه‌ستم، وه‌ ده‌توانم به‌و پاره‌یه‌ی په‌یدایده‌که‌م هه‌ر ئاره‌زوویه‌کم هه‌بێت بیکڕم.

"له‌ ماڵیشه‌وه‌ هاوکاری دایک و باوکم ده‌که‌م"

ئه‌و کچه‌ گه‌نجه‌، جگه‌ له‌وه‌ی له‌ دوکان دوو ئیش ده‌کات له‌ ماڵیشه‌وه‌ هاوکاری دایک و باوکی ده‌کات و وتی:" له‌ ماڵیشه‌وه‌ هاوکاری دایکم ده‌که‌م و ئه‌گه‌ر پێویست بێ هاوکاری باوکیشم ده‌که‌م".

"داواکارم پیاوان ڕێگا له‌ ژنان نه‌گرن بۆ کارکرن"

ده‌شنی، دڵخۆش ده‌بێت کاتێک ژنێک ده‌بینێت کارده‌کات و کاته‌کانی خۆی به‌شتی به‌سوده‌وه‌ به‌سه‌رده‌بات، داوشیکرد که‌ پیاوان ڕێگه‌ له‌ ژنان نه‌گرن بۆ هاتنه‌ ده‌روه‌ و کارکردن و توندوتیژییان به‌رامبه‌ر نه‌کرێت، چونکه‌ ژنانیش وه‌ک پیاو مرۆڤن ده‌توانن شانبه‌شانی پیاوان کاربکه‌ن.

"به‌ کارکردنی ژنان ئابووری زیاتر گه‌شه‌ده‌کات"

له‌ باره‌ی رۆڵی ژن له‌ گه‌شه‌سه‌ندنی ئابوری وڵاتدا، حسام حه‌کیم به‌رزنجی، به‌ڕێوبه‌ری گشتی رێکخراوی گه‌شه‌پێدانی ئابوری کوردستان (کیدۆ)، بۆ رۆژنیوز دوا و راگه‌یاند:" ئه‌گه‌ر ئابوری وڵات ته‌نیا پشت به‌ پیاو ببه‌ستێت، واته‌ نیو به‌رهه‌می ده‌بێت، نیو هێزی کاری ده‌بێت، کاتێک که‌ ژنان ده‌ست به‌کارده‌بن، و به‌رهه‌م زیاد ده‌بێت، هێزی کار زیاتر ده‌بێت، ئابوری زیاتر پێشده‌که‌وێت، بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ ژن کاربکات تاوه‌کو ئابوری زیاتر گه‌شه‌ بکات".

"زیاتر پیاوان خاوه‌ن کارن"

حسام حه‌کیم به‌رزنجی، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌کرد: له‌ هه‌رێمی کوردستان ژن له‌ زۆر بواردا کارده‌کات به‌ تایبه‌تی که‌رتی گشتی، چونکه‌ که‌رتی گشتی سه‌رمایه‌ی پێویست نیه‌، وه‌ کاتی ده‌وامه‌که‌ی که‌متره‌ بۆئه‌وه‌ی پێڕابگات ئه‌رکی ماڵه‌وه‌ش به‌ڕێوه‌به‌رێت، له‌ که‌رتی تایبه‌تیش کارده‌که‌ن، به‌ڵام وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ خۆیان خاوه‌ن کاربن و کۆمپانیایان هه‌بێت و وه‌رشه‌ی خۆیان هه‌بێت، ئه‌وه‌ ژنان که‌مترن و زیاتر پیاوان خاوه‌ن کارن.

به‌رزنجی، وتیشی:" ئه‌و نه‌ریته‌ هێشتا وه‌ک چین و به‌شێک له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا نین، که‌ زۆربه‌ی خاوه‌نکاره‌کانیان ژنن، لێره‌ ته‌نیا پیاوان خاوه‌نکارن، به‌ڵام ته‌نیا ئارایاشتگاکان و دایه‌نگا و باخچه‌ی منداڵان ژنان خاوه‌ندارێتیان ده‌کات و توانیویانه‌ رۆڵی خۆیان ببینن".

" ژن هه‌نگاو بۆ شکاندنی داب و نه‌ریته‌کان ده‌نێت"

ناوبراو، هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌مه‌شی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ داب و نه‌ریتی ناو کۆمه‌ڵگای کوردی و وتیشی: ژن خه‌ریکه‌ هه‌نگاو ده‌نێت بۆ شکاندنی ئه‌م داب و نه‌ریتانه‌.

"یه‌کسانی ژن و پیاو لای زۆریه‌نی کۆمه‌ڵگا هه‌رسنه‌کراوه‌"

به‌رزنجی، راشیگه‌یاند:" هێشتا یه‌کسانی ژن و پیاو وه‌کو پێویست لای زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵگا هه‌رسنه‌کراوه‌ و ناتوانێت په‌سه‌ندی بکات، که‌ ژن له‌گه‌ڵ پیاو جیاوازی نیه‌، پیاو خۆی به‌ باڵاده‌ست و به‌ خاوه‌ن بڕیار و گه‌وره‌ ده‌زانێت و ژن به‌ بچوک و‌ لاواز دائه‌نێت، زۆرجار ئاینیش پشتگیری ئه‌م بۆچوونه‌ ده‌کات.

"له‌ رۆژئاوا ژن سه‌ری داعش ده‌کات"

به‌ڕێوبه‌ری رێکخراوی کیدۆ، نیگه‌رانی نیشاندا له‌وه‌ی له‌ شوێنێکی وه‌کو ژووری بازرگانی ژماره‌یه‌کی که‌م ژن له‌ ده‌سته‌ی باڵادان و تیشکیشی خسته‌ سه‌ر تواناکانی ژنان و وتی: ئه‌وه‌تا له‌ ڕۆژئاوا ژنان شه‌ڕده‌که‌ن دژ به‌ داعش لای خۆمان پێشمه‌رگه‌ی ژنانمان هه‌یه، بۆچی له‌وه‌دا ژن و پیاو یه‌کسانه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ژن بچێته‌ ناو بازاڕ و کاربکات، پیاو هه‌ست به‌ که‌می ده‌کات و پێی خۆش نییه‌ ژنێک دراوسێ دوکانی بێت.

"پێویسته‌ میدیاکان کۆمه‌ڵگا هۆشیاربکه‌نه‌وه‌"

سه‌رۆکی رێکخراوی گه‌شه‌پێدانی ئابوری هه‌رێمی کوردستان، بۆ هینانه‌پێشه‌وه‌ی زیاتری ژنان له‌ که‌رتی ئابوریدا، وشیارکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای به‌ خاڵی گرنگ زانی و وتی: پێویسته‌ میدیاکان به‌ زۆری ئه‌و ئاڕاسته‌یه‌ بگرن که‌ یه‌کسانی ژن و پیاو بخه‌نه‌ به‌رچاو، وه‌ کۆمه‌ڵگا وشیاربکه‌نه‌وه‌ که‌ کوڕ و کچ جیاوازی نیه‌، هه‌روه‌ها ئه‌رکی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌یه‌، که‌ بوار نه‌دات هه‌تا ته‌واوکردنی پۆلی نۆی بنه‌ڕه‌تی هیچ که‌س منداڵه‌که‌ی له‌ خوێندن بێنێته‌ ده‌ره‌وه‌ و هه‌لی خوێندن بۆ ئه‌و ژنانه‌ بڕه‌خسێنێ که‌ خوێندنیان ته‌واونه‌کردووه‌، چونکه‌ بێبه‌ش بوون له‌ خوێندن واده‌کات ژن نه‌توانێت وه‌ک پێویست بچێته‌ ناو بازاڕی کار.

"ده‌بێت یاساکان ڕێکبخرێن"

حسام حه‌کیم به‌رزنجی، ئاماژه‌ی بۆ گرنگی ڕۆڵی یاسا-ش کرد له‌و رووه‌وه‌ و وتی:" ده‌بێت به‌ شێوه‌یه‌ک یاساکان ڕێکبخرێن، که‌ ئه‌و جیاوازیه‌ی نێوان ژن و پیاو نه‌هێڵن، هه‌روه‌ها ڕێکخراوه‌کانی که‌رتی تایبه‌ت زیاتر ڕێگا خۆش بکه‌ن بۆ ژنان، که‌ بتوانن کۆمپانیا به‌ڕێوه‌ به‌رن پڕۆژه‌ی به‌رهه‌مهێنیان هه‌بێت.

"له‌ دوای قه‌یرانی داراییه‌وه‌ خواستی ژنان بۆ کارکردن زیاتربووه‌"

له‌ کۆتایی قسه‌کانیدا، به‌ڕیبه‌ری گشتی رێکخراوی کیدۆ، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌کرد:" پێش قه‌یرانی دارایی ژماره‌ی ئه‌و ژن و پیاوانه‌ی که‌ ده‌هاتنه‌ لای ئێمه‌ و ناوی خۆیان تۆمارده‌کرد بۆ کارکردن، تا ڕاده‌یه‌ک وه‌ک یه‌ک بوون، به‌ڵام له‌ دوای قه‌یرانی دارایه‌ییه‌ ژنان به‌ڕێژه‌یه‌کی زیاتر داوای کار ده‌که‌ن، وه‌ هه‌رچه‌نده‌ ئێستا هه‌لی کار زۆر که‌مبووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ژن هه‌لی کاری زیاتری ده‌ستده‌که‌وێت وه‌ک له‌ پیاو".

ش.ف