زۆربەی بەڕێوبەرایەتییەکانی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی پیاوان بەڕێوەیدەبەن

لە هەرێمی کوردستان لە کۆی شەش بەڕێوبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان تەنیا یەک بەڕێوبەرایەتیی لەلایەن ژنەوە بەڕێوەدەبرێت و لە کۆی ٢٨ نووسینگەش، بەپرسی دوو نووسینگەیان ژنن.


لەهەرێمی کوردستان بەڕێوبەرایەتییەک هەیە بەناوی (بەڕێوبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان)، کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و سەرەتای دروستبوونی بۆ ساڵی ٢٠٠٧ دەگەڕێتەوە، سەرەتا ناوی (بە ڕێوەبەرایەتی گشتیی بەدواداچوونی توندوتیژیی دژ بە ئافرەتان) بوو، دواتر لە ٢٥/١١/٢٠١٢ ناوەکەی گۆڕا بە (بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان).

پێشتر چوار بە ڕێوەبەرایەتیی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، گەرمیان)‌و پێنج نووسینگە لە شار ‌و شارۆچکەکان، هەبوو، بەڵام لە ٢٠١٢ دوو بەڕێوبەرایەتیی دیکە (سۆران و ڕاپە ڕین) کرانەوە و ژمارەی نووسینگەکان-یش زیادکران، بە گشتیی ئێستا شەش بەڕێوبەرایەتیی و ٢٨ نووسینگە هەن، هەروەها سەنتەری ڕاوێژکاریی خێزان-یش لە هەریەکە لە بە ڕێوەبەرایەتیەکاندا هەیە، کە هەندێکیان کراونەتەوە و ئەوانی دیکەش بڕیارە بکرێنەوە، ژمارەیەک هۆبەش لەکەمپەکاندا کراونەتەوە.

ئەوەی جێگای سەرنجە، بەڕێوبەرانی ئەو بەڕێوبەرایەتییانە پیاون، جگە لە کوردە عومەر، کە بەڕێوبەری گشتییە و لەمیعە مەحمود، بەڕێوبەری بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان لە گەرمیان، سەرجەم بەڕێوبەرایەتییەکانی دیکە لەلایەن پیاوانەوە بەڕێوەدەبرێن.

نووسینەگەکانیش بە هامەن شێوە لە کۆی ٢٨ نووسینگە تەنیا دوو نووسینگەیان لەلایەن ژنانەوە سەرپەشتیی دەکرێن، کە نووسینگەکانی سۆران و دۆمیز- ە، لە ساڵانی ڕابردوو نووسینگەی خانەقین-یش لەلایەن ژنێکەوە سەرپەرشتیی دەکرا، بەڵام ئەو نووسینگەیە بەهۆی نەبوونی پۆلیسی پاسەوان-ەوە هەڵوەشێندرایەوە و ژمارەی نووسینگەکان لە ٢٩-ەوە بوو بە ٢٨ نووسینگە.

بەڕێوەبردنی نووسینگە و بەڕێوبەرایەتییەکانی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لەلایەن پیاوانەوە، پرسیار دروست دەکات، کە ئاخۆ هۆکاری زۆربوونی توندوتیژیی لەلایەن پیاوانەوە، بۆئەوە ناگەڕێتەوە، کە ئەو بەڕێوبەرایەتییانە بە زهنیەتی پیاو بەڕێوەدەبرێن و ئەنجامدەرانی توندوتیژیی وەک پشتوانییەک بۆ خۆیان نایبینن؟

ئاخۆ کاتێک ژنێک تووشی گرفتێک دەبێت و پەنا بۆ هەریەک لەم نووسینگانە دەبات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەی، دەبێت چۆن ئێشی خۆی بۆ ڕەگەزی بەرامبەر باس بکات؟ یاخود ڕەنگە لە ناو قسەکانیشیدا بڵێت، "تۆ ژن نیت بۆیە ناتوانیت لە ئازاری ژن تێبگەیت".

لێرەدا ڕەخنە تەنیا لە حکومەت نییە، بەڵکو ژنان خۆشیان بە کەمتەرخەم دەبیندرێن لە ئاست ئەم بابەتەدا، ئەگەرچی ژمارەیەکی زۆر ڕێکخراوی ژنان لە هەرێمی کوردستان هەن، بەڵام بەهۆی وابەستەبوونی زۆربەیان بە زهنیەت و بڕیاری حزبەکانیان و خەمساردییان، ناڕەزایی جدییان دەرنەبڕیوە، بۆئەوەی ئەو بەرپرسیارێتییانە لە پیاوان وەرگرنەوە و خۆیان لە ئەستۆی بگرن.

ئامارەکانی توندوتیژیی دژ بە ژنان ساڵ بەساڵ مەترسیدارتر و بەرزتر دەبنەوە، بەگوێرەی ئاماری ئەو بەڕێوبەرایەتییە ساڵی ٢٠١٧ بە بەراورد بە ٢٠١٦ حاڵەتەکانی توندوتیژیی ٥. ٤٢% زیادییکردبوو، لە لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵیشدا دوو هەزار و ١٠٥ حاڵەت لە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان تۆمارکراوە، لەکاتێکدا لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو دوو هەزار و ٧٩ حاڵەت تۆمارکرابوو، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە، کە ئەگەر ڕێکخراوەکانی ژنان هەر بێدەنگیی هەڵبژێرن لەبەرامبەر پرسەکانی ژنان، ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٨ لەچاو ٢٠١٧ مەترسیدارتر و بەرزتر دەبێتەوە.

س.ح