زەینەب جەلالیان بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران: بەتەنیا لە هەمووان بەهێزترم

زەینەب جەلالیان، زیندانیی سیاسیی کوردی سزادراو بە زیندانی تاهەتایی، نامەیەکی کراوەی ئاراستەی ڕایگشتی کرد و دەڵێت "حکومەتی ئێران چەواشەکار و درۆزنە"، ئاماژە بەوەش دەدات، کە هیچ کەسێک ئەوەندە بەهێز نییە کە ئەو تێکبشکێنێت.


ئەمڕۆ، زەینەب جەلالیان، لەبارەی دۆخی تەندروستییەوە و ئەو پڕوپاگەندانەی ڕاگەیاندنەکانی حکومەتی ئێران لە زاری ئەوەوە بڵاویان کردووەتەوە، نامەیەکی کراوەی لە زیندانەوە بڵاوکردەوە.

جەلالیان لە نامەکەیدا نووسیویەتی: ١١ ساڵە لە زیندانەکانی حکومەتی ئێراندام و سەرەڕای هەموو نەخۆشییەکانم، داوام نەکردووە چارەسەری پزیشکیم بۆ بکەن، سەرەتا چاوەکانم و دواتریش گورچیلە و سیەکانم تووشی کێشە بوون، دواتریش تووشی گرفتی پەستانی خوێن بووم، دوای ئەوەش ددانەکانم خراپ بوون، سێ مانگە داوای چارەسەری پزیشکیم کردووە بەڵام بەرپرسانی زیندانەکە هیچ کارێکیان نەکردووە، وەک زیندانییەکی سیاسیی لە هەموو مافەکانم بێبەش کراوم، وەک دایکێک کە بە لایەلایە منداڵەکەی ئارام دەکاتەوە، ئازارەکانم هێورکردووەتەوە، چونکە باش دەمزانی ئەگەر داوای چارەسەری بکەم وەڵامم نادەنەوە، وەکچۆن ئێستا نایدەنەوە.

لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا نووسیویەتی: ئەم حکومەتە چەواشەکار و درۆزنە، نەیانناردووم بۆ چارەسەریی پزیشکی، بەڵام ڕاگەیەندنەکانیان بەدرۆ بڵاویانکردووەتەوە کە زەینەب جەلالیان براوە بۆ نەخۆشخانە، ئەم حکومەتە تەنانەت دەمارێکی مرۆڤایەتیشی تێدانییە، ئەو ڤیدیۆیانەی لە ساڵی ٢٠٠٨دا گرتبوویان بەکاریانهێناوە و بڵاویانکردووەتەوە، بەم شێوەیە هەلیان قۆستووەتەوە بۆ ئەوەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بخەڵەتێنن.

نووسیویشییەتی: وەک جەلادێک کە دەیەوێت سەرم ببڕێت و بەزەردەخەنەیەکەوە داوام لێدەکات هەستمە سەر پێ و پیاسە بکەم لە سەرم وەستاون، ئەم هەڵسوکەوتە قێزەوەنە چییە کە ئەو جەلادانە لەگەڵ منی دەکەن؟ ئایا ئەگەر کەسێک وەک ئەو جەلادانە بیر نەکاتەوە دەبێت بمرێت یان لە زینداندا بڕزێت؟ ئەم مەنتقە ڕەشە بە واتای ڕەتکردنەوەی سروشتە، ئایا ئەگەر کەسێک وەک ئێوەی جەلادان تینووی خوێن نەبێت دەبێت بمرێت؟

لە نامەکەی زەینەب جەلالیاندا ئەوەش هاتووە: ئەی جەلادەکان! گوێتان لە دەنگی ئازادیخوازیم لە پشت دیوارەکانی زیندانەوە نییە؟ با خیاڵتان ئاسوودە بکەم، من بە جەستەمەوە تێکۆشانم نەکردووە کە ئێستا بۆی بە داخ و خەمەوە بم، کەسێکی ئازادە بە بیر  و هزرییەوە تێدەکۆشێت نەک بە جەستەی، خۆشبەخەتانە ئێوەی جەلادانیش هەرگیز ناتوانن بیر و هزری کەس زیندانیی بکەن.

لەکۆتاییدا زەینەب جەلالیان نووسییەتی: مردن و ئازارچەشتن لە ڕێگای ئازادیدا بۆ من شیرینە، لە ڕاستیدا ئەو پاچەی هەڵتانگرتووە ڕیشەکانی خۆتان دەبڕێتەوە، چارەنووسی هەموو هەوڵەکانتان شکستە، هیچ کەس و هیچ شتێک ئەوەندە بەهێز نییە کە بتوانێت ڕێگری لە تێکۆشانم بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانم بکات، بەتەنیا لە هەمووان بەهێزترم و بەردەوام دەبم لەسەر ئەو ڕێبازە.

دۆخی تەندروستیی زەینەب جەلالیان، ژنە زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی شاری خۆیی سەر بە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناجێگیرە و لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگری دەکرێت لەوەی بنێردرێتە نەخۆشخانەکانی دەرەوەی زیندان بۆ چارەسەریی.

زەینەب جەلالیان ساڵی پار بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە ڕێگریکردن لە چارەسەریکردن بۆ نەخۆشییەکانی، دەستی دابووە مانگرتن لە بەکارهێنانی دەرمانی چارەسەریی، ئەو مانگرتنەی بەردەوامە، بۆیە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دۆخی تەندروستیی ناجێگیرتر دەبێت.

زەینەب جەلالیان لە دایکبووی ساڵی ١٩٨٢ ی گوندی دیم قشڵاخی سەر بە شاری ماکۆی پارێزگای ورمێ-یە، لە ساڵی ٢٠٠٧دا لە کرماشان لە لایەن هیزە ئەمنیەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراوەو تا ئێستا لە زینداندا ماوەتەوە.

زەینەب بە تومەتی ئەندامبوون لە پارتی ژیانی ئازادی کۆردستان-پژاک، ئەشکەنجە درا و لە دادگاییەکی چەند خۆلەکیدا سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

جێگای ئاماژەیە، کە لە ژێر کاریگەری ڕایگشتی و هەوڵدانی ناوەندە جیاوازەکان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ، سزای لە سێدارەدانی زەینەب بۆ زیندانی تاهەتایی گوڕدرا.

ب.ل