زەینەب جەلالیان گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار

زەینەب جەلالیان ژنە گیراوی سیاسی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی ئێرانەوە لە زیندانی شاری 'خۆی' گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.


بە گوێرەی زانیاری ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی ٢٨ی ئەم مانگە، زەینەب جەلالیان کە لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە بە زیندانی هەتاهەتایی سزادراوە، بە شێوەیەکی کوتوپڕ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە زیندانی خۆی براوە بۆ شوێنێکی نادیار.

خانەوادەی جەلالیان دوای ئاگاداربوون لە بابەتەکە سەردانی زیندانی 'خۆی'ـیان کردووە و کاربەدەستانی زیندان پێیان ڕاگەیاندوون، ئەگەری ئەوە هەیە دۆسیەی نوێ بۆ زەینەب جەلالیان بکرێتەوە و شیمانە دەکرێت بەهۆی ئەو تۆمەتە نوێیەوە برابێتە یەکێک لە ناوەندە ئەمنییەکانی دەوڵەتی ئێران لە تارانی پایتەخت.

جێگای ئاماژەیە زەینەب جەلالیان، کە خەڵکی شاری خۆی لە پارێزگای ئورمیەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و بە تۆمەتی ئەندامێتی لە پارتێکی کوردی، سەرەتا سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرکرا و دواتر گۆڕدرا بە سزای زیندانی هەتاهەتایی، تا ئێستا ١٣ ساڵە لە زیندانەکانی دەوڵەتی ئێران دایە و بەهۆی ئەو ئەشکەنجانەی لێیکراوە بەدەسەت چەند نەخۆشییەکەوە دەناڵێنێت.

س.ح