"سزادانی تاوانباران ڕێگا لە توندوتیژیی سەر ژنان دەگرێت"

لە سنووری سۆران توندوتیژییەکانی سەر ژنان زیادیکردووە و بۆ کۆتاییهێنان بەو توندوتیژییانەش، سزادانی تاوانباران بە چارەسەرێکی سەرەکیی دەزاندرێت.


بە پێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان لە شاروچكەی سۆرانی سەر بە پارێزگای هەولێر، لە ماوەی چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵ، پێنج ژن خۆیان سوتاندووە و لە ئەنجامدا چوار ژن گیانیان  لەدەستداوە و یەک حاڵەتی خۆخنكاندنیش هەبووە، هەروەها ڕۆژانە  لەلایەن ژنانەوە سكاڵا دژ بە كەس و كاریان تۆماركراوە.

ڕێکخراوەکانی ژنان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئامارەکانی توندوتیژیی زیادیکردووە لە سنوورەکە و ڕۆژی ١٥ی نیسان، کۆمەڵەی ئافرەتانمی کوردستان، کە سەر بە حزبی شیوعی کوردستانە، نیگەرانیی نیشاندا لە زیادبوونی توندوتیژییەکانی سەر ژنان و داوایان لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و ئەنجوومەنی باڵای خانمان و تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەكان کرد، کە هەوڵی جدیی بخەنە گەڕ بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی بەرامبەر ژنان و بەدواداچوون بۆ كەیسەكانیان.

لەو بارەیەوە ڕۆژنیوز بۆچوونی چەند هاڵاتییەکی سنوورەکەی وەرگرت.

كوردستان ئەسعەد، چالاکی بواری مافەکانی ژنان، پێیوایە، کە دەبێت پەرلەمان و حکومەت ڕێگا چارەی پێویست بگرنە بەر، "بۆئەوەی ژنان چیتر نەبنە قوربانیی بیری توندوتیژیی، كە خەریكە لە  كۆمەڵگای كوردییدا دەبێتە دیاردەیەكی مەترسیدار".

زۆزك سەعید، توێژەرێکی دانیشتووی سۆران-ە و نەبوونی پەروەردەیەکی باش بە هۆکاری زیادبوونی توندوتیژییەکان دەزانێت و وتی: ڕێكخراوەكان ئەوەندەی کار لەسەر پرسە سیاسییەكان دەکەن، گرنگیی بە هۆشیارکردنەوە کۆمەڵگا نادەن.

لەپاڵ ڕێکخراوەکاندا، زۆسک هێمای بۆ حکومەتی هەرێم کرد و وتی: بەرامیەکی تایبەتی نییە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە و بنەبڕکردنی بیری پیاوسالاریی.

هەروەها، ئارەزوو عوسمان، خوێندكاری زانكۆ لەبارەی چارەسەرییەکانەوە وتی: باشترین كارێك بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی سەر ژنان و ڕێگالێگرتنی بکرێت، سزادانی تاوانبارانە.

بەپێویستیشی دەزانێت، ژنان متمانەیان بەخۆیان هەبێت و خۆیان پەروەردە بکەن و توندوتیژییەکان قبوڵ نەکەن.

ش.ف