سلێمانی، سمینارێک سەبارەت بە ماف و ئازادییەکانی ژن بەڕێوەچوو

ڕێکخراوی ژیانەوەی گەنجان، بەهاوکاری ناوەندی هاوسەنگی فکری و مافی مرۆڤ و ئازادییەکان، سمینارێکیان سەبارەت بە کێشەکانی ژن و ماف و ئازادییەکان، بە ئامادەبوونی ١٥٠خوێندکاری زانکۆی سلێمانی بەڕێوەچوو.


ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠:٣٠ی سەرلەبەیانی، لەبارەگای ڕێکخراوی ژیانەوەی گەنجان، سمینارێک بە بەشداری ١٥٠ خوێندکاری زانکۆ، سەبارەت بە کێشەکانی ژن لەلایەن ڕۆزە تاتانی چالاکوان و ڕۆژنامەنووس، بەڕێوەچوو.

لە سمینارەکەدا، تیشک خرایە سەر کێشەکانی ژن لە کۆمەڵگاو گرنگیدان بە ماف و ئازادییەکانی ژن و تێکۆشانی ئازادی ژن گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

ڕۆزە تاتانی سەرەتای سمینارەکە بە چەند پرسیارێک دەستپێکرد وەکو: ئێمە وەکو تاک کێشەکانمان چین؟ وەکو کەسێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مافە سەرەکیەکانمان کە دەبێت بەدەستبهێنین چین؟.

پاشان تاتانی تیشکی خستە سەر ئەو پێشێلکارییانەی کە بەرامبەر مافەکانی ژن دەکرێت و وتی: ئێمە وەکو ژن پێویستە هیچ نزیکبوونەوەیەکی نامرۆڤانە دژی ژن قبوڵ نەکەین، ئەگەر ئێمە بەدوای مافەکانمانەوە نەبین، ناتوانین بەرامبەر زیهنیەتی پیاوسالاری بوەستین.

ڕۆزە تاتانی ئەوەشی وت: دەبێت پیاو ئیدی ڕێز لە ئیرادەو فکری ژن بگرێت، دەبێت ژنانیش ئیدی بەرامبەر زیهنیەتی پیاوسالاری چۆکدانەدەن، دەبێت بەدوای مافی سەرەکی خۆمان بین.

پاش پێشکەشکردنی سمینارەکە لەلایەن ڕۆزە تاتانیەوە، خوێندکاران پرسیارو تێبینی خۆیان سەبارەت بە بابەتی سمینار خستەڕوو، پاشان بە بەبڵاوکردنەوەی ٣٠ کتێبی ژنۆلۆژی"زانسی ژن" بەسەر خوێندکاران، سمینارەکە کۆتایی هات.

ب.ش