سلێمانی، لە سمینارێکدا دۆخی ژنان و هاوسەرگیری پێشوەختە لە ڕۆژهەڵات و ئێران خرایەڕوو

ڕێکخراوی ژنانی ڕۆژهەڵات سمینارێکیان لەبارەی دۆخی ژنان و هاوسەرگیری پێشوەختە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خستنەڕووی چارەسەرییەکان بەڕێوەبردو تێیدا ئاماری گشتی هاوسەرگیری پێشوەختە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان خرایەڕوو.


پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی، ڕیکخراوی ژنانی ڕۆژهەڵات'ڕووناک'، سیمینارێکیان دەربارەی باروودۆخی ژنان و منداڵان لە ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان و ئێران ئەنجامدا.

سیمینارەکە بۆ هەر یەک لە کەژاڵ محەمەد ئەندامی پڕۆژەی'' ژن ژیانە مەیکوژە'' و شەیجا کەڵهوڕ ئەندامی ڕێکخراوی ڕووناک بەڕێوە چوو.

سەرەتای سیمینارەکە شەیجا کەلهوڕ باسی لە منداڵ و زیانەکانی هاوسەرگیری لە خوار تەمەن ١٨ ساڵ کرد و پاشان باسی لە یاساکانی ئێران کردو وتی:  دەستووری بنەڕەتی ئێران تەمەنی منداڵ بۆ کوڕ پانزە ساڵ و تەمەنی کچ بە ۱۳ساڵ دەستنیشان کراوە، کە بە پێی یاسای ۱۰٤۱و بە ڕێپێدانی دادگاوە ڕێگای پێدراوە، سەرەڕای ئەوەی کە یاسای ئێران هاوسەرگیری پێش تەمەنی پێگەیشتن'' بلوغی'' قەدەغە کردووە بەڵام هاوکات لە هاوسەرگیری پێشوەختە هیچ ڕێگریەکی نەکردووە، بۆیە ئێران پێچەوانەی زۆربەی یاسا جیهانییەکانە و بە پێی دەسەڵاتی خۆی یاساکەی داڕشتووە.

شەیجا وتیشی: ئەم یاسایانە دەریدەخات کە زیهنییەتی دەسەڵات و دەوڵەت لە ئێران زیهنییەتێکی دژبە ژن و پیاوسالارانەیە، کە دەیەوێت بە ئەنقەست زیهنییەتی نەتەوە-دەوڵەت بباتە ناو ماڵەکانەوە و بە پەرەپێدان بە پیاوسالاری و کۆیلەکردنی ژنان، ئەم چینەی کۆمەڵگا کە کۆڵەکەی سەرەکی ژیانە، بێ هێزی بکات تا کۆمەڵگا لە ئازادی دوور بخاتەوە.

باسی لەوەشکرد، ژمارەیەک زۆر هۆکار کاریگەرن لەسەر هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵێدا، لەوانە کلتور و فەرهەنگ، مەزهەب و داب و نەریت، نەبوونی پەروەردەیەکی باش، هەژاری و کێشە ئابورییەکان و خانەوادەیەک کە بنەمایەکی سستی هەیە.

دواتر تیشک خرایە سەر رێگای چارەسەری و بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیموکراتیک پێویستی بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە جگە لە گۆڕینی زیهنییەت پێویستە ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگا بە تایبەت ژنان بەرز بکرێتەوە و ژنان  ئیرادەیەک کە دەسەڵات ڵێیان زەوت کردووە و بووەتە هۆی بێباوەڕبوونیان بە تواناکانیان، سەرلەنوێی بەدەست بێنن و خۆیان بەهێزتر بکەن.

لە سمینارەکەدا  ئامارێک خرایە ڕوو، بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئێران، کە لەسەر هاوسەرگیریی مندالانی خوارتەمەن ١٤ ساڵ تۆمار کراوە، نزیکەی ٣٧ هەزار منداڵی خوار تەمەنی ١٤ ساڵ لە ساڵی ٢٠١٨ لە سەرتاسەری ئێران هاوسەرگیرییان کردووە، ئاماری پارێزگاکانیش دەریدەخات کە زیاترین ژمارەی هاوسەرگیری منداڵان لە پارێزگاکانی زەنجان، سیستان و بەلوچستان و خوزستان ڕوویداوە، لە پارێزگای زەنجان یەک هەزار و ٤٠٠ هاوسەرگیری تۆمارکراوە، لە ڕێزبەندی یەکەمی پارێزگاکانی ئێران دایە.

هەر بەپێی ئامارە فەرمییەکان ساڵی ٢٠١٩ لە پارێزگای سنە ٩٧٠ هاوسەرگیری ژێر تەمەنی ١٨ ساڵ تۆمار کراوە کە تەمەنی هەندێک لەو کچانەی بە شوو دراون خوار دە ساڵن.

کەژال محەمەد-یش دەربارەی هاوسەرگیری پێشوەختە و کێشەکانی ژنان لە باشوری کوردستان لە چوارچێوەی ژینگەی ماڵ، کار و دونیای ئەلیکترۆنی قسەی کرد و باسی لە کۆمەڵیک هۆکار و چارەسەری کرد.

لە کۆتاییشدا یە سنفزیونێک و بە وەرگرتنی ڕا و سەرنجی ئامادەبووان لە سەر بابەتەکە کۆتایی بە سمینارەکە هات.

 ب.ش