سلێمانی، لە فێستیڤاڵێکدا دەستڕەنگینی ژنان ئاوێتەی جوانی بەهار کرا

لە سلێمانی فێستیڤاڵێک لە ژێر ناونیشانی 'فێستیڤاڵی بەهاری'، دەستڕەنگینی ژنان لە کارە جیاوازەکاندا ئاوێتەی جوانی بەهار کرا.


ئەمڕۆ لە سەکۆی ئازاد-ی پارکی ئازادی لە شاری سلێمانی، فێستیڤاڵێکی هونەری لەلایەن پەیمانگا و ناوەندی زانکۆکان، ناوەندی خوشکانی کۆمەڵی ئیسلامی و ڕێکخراوی قوتابیان بە نمایشکردنی کاری دەستی ژنان و بەهرەکانیان ئەنجام درا.

فێستیڤاڵەکە پێکهاتبوو لە چەندین بەش، کە هەر لە نمایشکردنی جلوبەرگ، چنین، چەندین جۆر گوڵی سروشتی، خواردنە کوردەوارییەکان، جۆرەکانی شرینی،  پێشانگای کتێب و چەندین بابەتی دیکە.

ئەم فێستیڤاڵە، بە مەبەستی پیشاندانی بەهرەی ژنان و هاوکات بووژانەوەی لایەنی ئابووری ئەو کەسانەیە کە توانایان هەیە و دەتوانن بە ڕێگای ئەم جۆرە چالاکییانە پەرە بە کەرتی ئابوریی سەربەخۆی خۆیان بدەن.

ژمارەی ئەو ژنانەی کە لەم فێستیڤاڵە بەشدارییان کردووە زیاتر لە ٤٠ ژن دەبێت و سەرجەم ئەو کەرەستە و کارە دەستیانەی کە لەم فێستیڤاڵە دەفرۆشرێت، لە ٩۰٪ی بۆ خاوەن کارەکەیە و ۱۰٪ بۆ فێستیڤاڵەکەیە.

یەکێک لەو فرۆشیارانەی کە بەکاری دەستی بەشداری کردبوو، هەنار مەحمود-ە، کە خەڵکی شاری سلێمانی بوو و ئاستی خوێندنی تا پۆلی یانزە بووە و دەربارەی کارەکانی و گرنگی ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە، وتی: من بەم کارکردنەم ئاسودەم و زیاتر فێری دروستکردنی شتە جیاوازەکان دەبم، کە جگە لە لایەنی مەعنەوی لە ڕووی ئابورییەوە لایەنێکی باشە، بۆیە پێویستە هەر کەسێک کە خاوەن بەهرەیەکە و توانای هەیە، ئەوە بیخاتە بەرچاو.

لەو فێستیڤاڵەدا جیاواز لە کاری دەستی ژنان و بەرهەمەکانیان، گروپێکی پزیشکی بە ناوی ڕێما بەشداری کردبوو بە شێوەی خۆبەخش، کە بە ئامانجی ڕێنماییکردنی تاک بۆ پاراستنی جەستەی بە شێوەی تەندروست و پشکنینی خەڵک وەک شەکرە، پەستانی خوێن و چەن پشکنینێکی دیکە خزمەتیان بە هاوڵاتیان دەکرد.

جێگای ئاماژەیە ئەم فێستیڤاڵە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

س.ح