سلێمانی، پانێڵێک لەبارەی سوکایەتی کردن بە ژنانەوە ئەنجامدرا

لەسلێمانی پانێڵێک لەسەر دۆخی ژنان و ئەو سووکایەتییانەی کە بەرامبەر بە ژنان دەکرێت ئەنجامدرا و تێیدا باس لەوەکرا، کە پێویستە یاسایەکی دیکە بۆ ڕاگرتنی سوکایەتییەکان بەرامبەر بە ژنان دەربکرێت، هەروەها چالاکوانان ئاماژەیان بەوەکرد، ئەگەر یاساش لەپشتیان نەبێت ئەوان هەر بەردەوام دەبن لە ڕاگرتنی سوکایەتییەکان.


پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە کافتریای ئەمنەسوورەکە لە شاری سلێمانی، پانێڵێک لەلایەن کەمپینی دەوەستینەوە بەرامبەر بە سووکایەتی کردن بە ژنان، بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە دۆزینەوەی میکانیزمەکانی بەرەنگاربوونەوەی سوکایەتی و بێڕێزی بە ژنان و پیاوان لەهەرێمی کوردستاندا، ئەنجامدرا.

لە پانێڵەکەدا، چالاکوانان، پەرلەمانتاران و نووسەر و ڕۆشنبیرەکان و هەندێک لە هاوڵاتیانی شاری سلێمانی بەشداربوون، ئامانجی پانێڵەکە قسەکردن بوو لەسەر ئەو سووکایەتییانەی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت و چۆنێتی دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردەیە.

پەیمان عیزەدین پارێزەر، دەربارەی یاسا و چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو سووکایەتییانە وتی: یاسای ساڵی ٢٠١١ بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژیەکانی بەرامبەر بە خانمان بێکەم و کوڕی نییە، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵک باوەڕی بەیاسا نییە، ڕاستە دادگا دابەش بووە لەناو هەر دوو حزبی یەکێتی و پارتی، بەڵام تۆمارکردنی سکاڵا کۆمەڵێک سودی هەیە و دەمێنیتەوە، کە لە داهاتووشدا دەتوانرێت کاری لەسەر بکەین.

ئەو پارێزەرە ئەوەشی وت: کۆمەڵێک ڕێکاری دیکه بوونی هەیە کە ژنان و پیاوانی ئازادایخواز، دەتوانن هەوڵی بۆ بدەن، لەوانە گرنگە کۆمەڵێک کار لەسەر ئاستی یاسایی بۆ پڕۆژە بڕیارێک یان ڕێنمایی بکەین، بۆ ڕێگریکردن لە سووکایەتی کردن، واتا دانانی یاسایەکی تایبەت بەو مژارە، چونکە ئەو کاتە دادگا دەستکراوەتر دەبێت لەو بارەیەوە.

هەروەها نووسەر ئاراس فەتاح لە بەشێکی دیکەی پانێلەکە دەربارەی مافی تاکەکان لەکۆمەڵگا قسەی کرد و وتی: تاک لەهەموو ڕوویەکەوە لەژێر مەترسیدایە بە ژن و منداڵ و گەورەوە، ئەوە بۆ سی ساڵ دەچێت بە بەردەوامی مافەکان پێشێلدەکرێت و کۆمەڵگا بەرەو ئاستێکی مەترسیداری بێڕێزی دەڕوات و هەر کۆمەڵگایەکیش ئارامی تێدا نەبێت لەبەردەم هەرەشەی گەورەدایە و شتێک نییە بە واتای ڕێزگرتن لە یاسا، دەرئەنجامی دروستبوونی کەرەستەی نوێی پەیوەندی نییە، بەڵکو بەپلەی یەکەم شکستی سیاسەتە کە نەیتوانیوە کۆمەڵگا بە جۆرێک ڕێکبخات بێڕێزی تێیدا نەبێت بە کلتور.

بەهار مونزیر، چالاکوان و یەکێک لە ڕێکخەرەکانی ئەو پانێڵە دەربارەی پانێڵەکە و ئامانجیان وتی: دادگایی کردنی مەلا مەزهەر هەرچۆنێک بێت و هەر بڕیارێکی تیابدرێت، ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ وەستاندنی ئەو سوکایەتیانەی بەرامبەر ژنان دەکرێن، ئەوەی پەیوەندی بە دادگاوەیە، ئەوەیە کە وەک ڕێگایەکی مەدەنی هەڵمانبژاردووە و بەم شێوە کۆبوونەوانە دەبێت بگەینە ئەو ئەنجامەی کە چۆن میکانیزمێک بدۆزینەوە بۆ سنووردانان تاهیچ کەسێک نەتوانێت بێڕێزی بەپیاو و ژنیش بکات، ئێمە دەمانەوێت بە هەوڵەکانمان ئەوە بچەسپێنین کە یاساکان مافی ژن و پیاو بپارێزن، تەنانەت ئەگەر دادگاییەکەش لە بەرژەوەندی ئێمە نەبێت.

د.ع