سلێمانی، چالاکییەکانی ژنان بۆ ڕۆژئاوا لە سبەینێوە دەستپێدەکات

ژنانی ناو لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان بڕیاریاندا بە دەستپێکردنی ڕیزە چالاکییەک بۆ پشتیوانیی بەرخۆدانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و سبەینێش یەکەم چالاکیی لە سلێمانی دەستپێدەکەن.


ئەمڕۆ لە ناوەندی کۆنگرەی ستار لە شاری سلێمانی، ژنانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان، یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان و چەند چالاکوان و کەسایەتییەک کۆبوونەوە و لەبارەی دۆخی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە گفتوگۆیان کرد، لە ئەنجامیشدا بڕیاری ڕیزە چالاکییەکیان دا.

یەکەم چالاکییشیان سبەینێ کاتژمێر ٤:٣٠ خولەک دەبێت لەبەردەم باخی گشتیی شاری سلێمانی، کە مەراسیمی ڕێزلێنانە لە شەهیدانی بەرخۆدانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

هەروەها، ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگە هەر لە سلێمانی گردبوونەوەیەک ئەنجام دەدەن.

ڕاگەیاندنی هاشتاگ و ڤیدیۆی کورتی ژنان و بڵاوکردنەوەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، کە پێک هاتبێت لە پەیامی ژنان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، یەکێکی دیکەبوو لە بڕیارەکانیان.

کۆتا بڕیاریشیان، کۆکردنەوەی هەزاران واژۆ بوو بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و پێشکەشکردنی بە نەتەوە یەکگرتووەکان.

ش.ف