سلێمانی، ژنانی مانگرتوو خەباتی  ساکینە جانسز بەرز دەنرخێنن

شەش ساڵ بە سەر کۆمەڵکوژیی پاریسدا تێپەڕ دەبێت و لە زۆر شوێنی جیهان و کوردستان یادی ئەو ڕۆژە دەکرێتەوە، ژنانی مانگرتووش لە سلێمانی لە چوارچێوەی چالاکییەکەیاندا ئەو ڕۆژە ئیدانە دەکەن و دایە کوردستان-یش دەلێت: بە شەهیدکردنی ساکینەیەک دەیان ساکینەی دیکە شوێنی دەگرنەوە.


لە ڕۆژی ٩ی کانونی یەکەمی ٢٠١٣، سێ ژنە شۆڕشگێڕ و چالاکوانی کورد (ساکینە جانسز، لەیلا شایلەمەز، فیدان دۆغان)، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا تیرۆرکران، سەبارەت بە کەسایەتی ئەو سێ ژنە شۆڕشگێڕە، ژنانی مانگرتووی ڕێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا بۆ ڕۆژنیوز قسەیان کرد.

کوردستان هەڵۆ، دایکی دوو شەهیدە و ئێستا خۆی لە مانگرتندایە، تیرۆرکردنی شەهیدانی پاریس شەرمەزار دەکات و، وەها دەدوێت: ئێمە دەتوانین خاوەنداری لەو خەبات و تێکۆشانە بکەین، کە هەڤاڵ ساکینە پێشەنگایەتی دەکرد و سوود لەو ئەزموونانەیان وەربگرین، چونکە ئەو لە شاخ و زیندان ژیانی خۆی دانا و هەموو ژیانی کردە تێکۆشان لە پێناو گەلی کورددا.

 

دایە کوردستان وتی: دوژمن دەبێت باش بزانێت بە گرتن و کوشتن و تەنانەت شەهیدکردنی شەهید ساکینە هیچی بۆ نەکرا و هیچی بۆ ناکرێت، بە پێچەوانەوە زیاتر پێش دەکەوین، بە ڕۆشتنی ساکینەیەک دەیان ساکینەی دیکە شوێنەکەی دەگرنەوە و تا کوردێک هەبێت کوردستانیش هەر دەمێنێت.

هەروەها سروە عەگید، لەو بارەیەوە دەڵێت: سەری ڕێز لە بەردەم شەهیدانی پاریسدا دادەنەوێنین و ئەو خەباتەی ساکینە جانسز کە لە پێناو گەلەکەی و ژناندا بوو بەرز دەنرخێنین، چونکە هەموو هەوڵدانی لەو پێناوەدا بوو تا ژنان بە مافەکانیان بگەن و لە بەرامبەر هەر جۆرە زوڵم و نادادپەروەرییەک بوەستنەوە و خاوەن ئیرادەیەکی ئازاد بن.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا: نمونەی خەباتی شەهید ساکینە ڕۆژئاوای کوردستان و پێشەنگ بوونی ژنە لە شۆڕش و سیستمی خۆبەڕێوبەریی، کە پێشەنگایەتی ژنی ئازاد دەکەن.

س.ح