سلێمانی، ژنان بە ڕێپێوان و شانۆگەری ۲٥ی نۆڤەمبەریان پیرۆز کرد

لە سلێمانی بە بەشداری دەیان ژن بە ڕێپێوان و شانۆگەری و بە دروشمی"شەهید هەڤرین و دایە عەقیدە و ئامارا سیمبولی تێکۆشانمانن" ۲٥ی نۆڤەمبەریان پیرۆز کرد.


گروپی ژنانی باشوور بۆ پشتیوانێ رۆژئاوا، لە شەقامی سالم"سەهۆڵەکە" لە شاری سلێمانی، ڕێپێوانێکیان بە بۆنەی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، بە دروشمی"شەھیدان ھەڤرین خەلەف، دایە عەقیدە، ئامارا کۆبانێ سیمبوڵی بەرخۆدانی ژنانی تێکۆشەرن، بەرەنگاری ھەموو توندوتیژییەکان دەبینەوە" ئەنجامدا.

ڕێپێوانەکە پێکهاتبوو لە ژنانی سەرجەم پارتە سیاسییەکان، چالاکوانان و ژنانی هەر چوارپارچەی کوردستان، لەسەرەتاشدا ژنان لە سەهۆڵەکە کۆبوونەوە و دواتر بە دەف لێدان و وتنەوەی دروشمەکانی"بەرخۆدان ژیانە، ڕێگای هەموو ژنانە" و "ژن ژیان ئازادی" و چەندین دروشمی دیکە بەرەو باخی گشتی بەڕێکەوتن.

لە ڕێپێوانەکەدا ژنان وێنەی هەر یەک لە شەهیدانی ژن لە هەر چوار پارچەی کوردستان ـ یان بەرزکردبووەوە لەوانە، هەڤرین خەلەف، ساکینە جانسز، دایە عەقیدە و بەشێک لە ژنانی قوربانی دەستی کۆمەڵگا کە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە یان کوژراون.

پاشان ژنان لە بەردەم باخی گشتیدا کۆبوونەوە و کنێر عەبدوڵا لە سەر ناوی گروپی ژنانی باشور بەیاننامەیەکی خوێندەوە کە تێیدا هاتبوو: لە سەرتاسەری جیهاندا ژنان ڕووبەڕووی هەموو جۆرە توندوتیژییەک لە هەموو کایەکانی ژیاندا دەبنەوە و لە تەواوی کوردستان سەرەڕای زۆرترین بەرخۆدان و تێکۆشانی ژنان بۆ بە دەستهێنانی مافی نەتەوەیی، بەڵام ئەم توندوتیژییانە ڕووی لە زیادبوونە، بە هۆکاری بەردەوامبوونی شەڕ و داگیرکارییەکان لە کوردستاندا و ئەنجامنەدانی گۆڕانکاری ڕیشەیی و فکری لە تاکەکانی کۆمەڵگا و نالەباری باری ئابوری ژنان و باڵادەستبووونی نەریتی پیاوسالاری.

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتبوو: داگیرکاری لە بواری سەربازی، ئابووری و کلتووری بە تایبەت دراما تورکییەکان، بووەتە هۆکارێک بۆ بڵاوبوونەوەی توندوتیژی، هەروەها داگیرکارییەکانی ئەم دواییەی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو، کە ئەمانە هەمووی بە گەورەترین تاوانی جەنگ دادەنرێت.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتبوو: ئێمە ئەمساڵ لە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی شان بە شانی خوشکانی میراباڵ و هەر سێ ژنە شۆڕشگێڕی رۆژئاوا وەک سیمبولی بەرخۆدان و تێکۆشان لە دژی هەموو توندوتیژییەکان بەرز ڕادەگرین و لە هەمانکاتدا سڵاو لە تێکۆشان و سەرهەڵدانی گەل لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەین و چالاکییەکانیان بە ڕەوا دەبینین لە دژی گەندەڵی و بەشداری کارای ژنان وەک گەورەترین هەنگاو دەبینین و ئێمەی ژنان بە یەکگرتووی دەتوانین کۆتایی بە توندوتیژی و داگیرکاری بێنین.

دواتر شانۆیەک تایبەت بە توندوتیژی لە سەر ژنان لە لایەن گروپی ڕێکخراوی نوێگەر پێشکەش کرا، کە شانۆیەکە باس لە سیستمی کۆمەڵگا و زهنیەتی پیاوسالاری بوو کە چۆن ژنانیان کۆیلە کردووە و بەردەوام بە دڵخوازی خۆیان دەیانجوڵێنن، پاشان ژنان بە هۆشیاری و ئیرادەی خۆیان ئەو تەوقی کۆیلایەتییە تێکدەشکێنن.

لە کۆتایشدا بە وتنەوەی دروشمی"لە دژی داگیرکاری و ژن کوشتن بێدەنگ مەبە" کۆتایی بە چالاکییەکان هات.

ب.ش