سلێمانی، گفتوگۆ لەسەر پێگەی ژنان لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کرا

بە دروشمی "هەوڵەکانمان بۆ نەهێشتنی جیاوازی جێندەریی لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لە چوارچێوەی زاڵبوونی سیستمی پیاوسالاریی" لە شاری سلێمانی سیمینارێک ئەنجامدرا و تێیدا باسی ڕۆڵی ژنان کرا لە کەناڵەکای ڕاگەیاندن.


پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆتێل تایتانیک لە شاری سلێمانی، سیمینارێک لە لایەن یەکێتی نێودەوڵەتی ژنانی تەلەفزیۆن و ڕادیۆ لقی هەرێمی کوردستان ـ عێراق، بەڕێوەچوو.

سیمینارەکە بە ئامادەبوونی ژنانی ڕاگەیاندنکار لە کەناڵەکانی تەلەفزیۆن و ڕادیۆکان بوو، کە تێیدا باس لە کێشە و گیروگرفتەکانی بەردەم ژنانی ڕاگەیاندکار کرا.

هەروەها باس لەوە کرا ژنان لە ڕاگەیاندنەکاندا پێگەی جیاوازیان هەیە و بەردەوام بە عەقڵیەتێکی کەمتوانایی تەماشا دەکرێن و ئەوەش لە هەموو بوارەکاندا ڕەنگیداوەتەوە.

ئاماژە بەوەش کرا، کە حزب و دەسەڵات کاریگەری بەرفراوانیان هەیە و بە ئەنقەست کلتورێکی دروستکراوی پیاوسالار دەرخواردی نەوە لە دوای نەوە دەدرێت و ژنانیش زەرەرمەندی سەرەکین، لەگەڵ دەیان کێشەی دیکە کە چۆن جیاوازی ڕەگەزیی لە کۆمەڵگا ڕەنگیداوەتەوە بەهەمان شێوەش دزەی کردووەتە ناو ڕاگەیاندنەکان.

ئەوەش خرایەڕوو، یەکێتی نێودەوڵەتی ژنانی تەلەفزیۆن و ڕادیۆ ژنانی ڕاگەیاندکاری بەو سیمینارە هێناوەتە لای یەک و دەیەوێت پەیوەندییەک دروست بکات بۆ کارکردنی پێکەوەیی ژنان لەپێناو نەهێشتنی ئەو دیاردەیە و برەودان بە تواناکانی ژنان.

یەکێتی نێودەوڵەتی ژنانی تەلەفزیۆن و ڕادیۆ لە ساڵی ۱۹٤۹ دامەزراوە، بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو فشارە دەرەکی و ناوخۆییانە لە بواری ڕاگەیاندندا لەسەر ژنان هەیە، یەکێتییەکە لە ۱٤ وڵات لقی هەیە و لە ساڵی ۲۰۱۷ لە هەرێمی کوردستان – عێراق لقی کردوەتەوە.

 

ک.ک