سلێمانی، گولـلە ژیانی لە کچێکی ١٣ ساڵ سەندەوە

لە ڕاگەیەندراوێکدا بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی ئاشکرا بکات، پۆلیسی سلێمانی گیان لەدەستدانی کچێکی ١٣ ساڵی ڕاگەیاند.


ئێوارەی ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، کە نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گەڕەكی وڵوبە لە شاری سلێمانی، كچێكی تەمەن ١٣ ساڵ بەهۆی گولـلەوە گیانی لەدەستداوە.

پۆلیس باسی لە هۆکار و شێوازی گیان لەدەستدانەکەی نەکردووە، کە ئایا کوژراوە لەلایەن کەسێکەوە یاخود ڕووداوی نەخوازراو بووە، هەروەها دەستگیرکردنی هیچ کەسێکیشی لەسەر ڕووداوەکە ڕانەگەیاندووە.

لە راگەیەندراوەکەدا پۆلیس دەڵێت:"دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس و تیمەكانی بەشی پۆلیسی بەڵگەی تاوان، كەشف و هێڵكاری بۆ شوێنی ڕووداوەكە كرا و تەرمەكەی بۆ پزیشكی دادوەری لەشاری سلێمانی گواسترایەوە، لە ئێستاشدا لەلایەن بنكەی پۆلیسی چوارچراوە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕوداوەكە كراوەتەوەو لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن .

بەپێی ئامارێک، کە ڕۆژنیوز ڕۆژانە لەگەڵ ڕووداوەکان لای خۆی تۆماریکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئەمڕۆ، ٢٢٨ کەس لە هەردوو ڕەگەز لە باشوری کوردستان کوژراون یان خۆیان کوشتووە، ئەمە بێجگە لەو کوشتنانەی، کە بەهۆی کردەوەی تیرۆریستییەوە ڕوودەدەن و ئەوانەی کە بە ڕۆژنیوز نەگەیشتوون.

س.ح