سلێمانی، یادی شەهید ڤیان جاف کرایەوە

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک لە شاری سلێمانی و بە ئامادەبوونی ژنانی چوار پارچەی کوردستان، یادی ڤیان جاف-ی کردەوە و دواتر سەردانی مەزارەکەیان کرد.


پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان ـ ڕژاک، لە ناوەندی سەرەکیان لە شاری سلێمانی، ١٣یەمین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی لەیلا والی حسێن، ناسراو بە ڤیان جاف، بە دروشمی "بە بەرخۆدانی لەیلاکان سەرکەوتن مسۆگەر دەکەین"یان کردەوە.

یادەکە بە ئامادەبوونی خەڵکی هەر چوار پارچەی کوردستان ئەنجامدرا، سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن بوو بۆ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری و  دواتر ویژدان نوورەدین، وتاری کۆمەڵێک لە ڕێکخراوەکانی خوێندەوە، کە تێیدا هاتبوو: چالاکییەکەی شەهید ڤیان وەڵامێک بوو بۆ هەموو داگیرکەران و سەلماندی کە ئێمە دەتوانین لە هەر قۆناغێکدا و کاتێک بێت وەک ژن شوێن پەنجەی خۆمان دیاری بکەین، ئەمەش واتای ئەوەیە کە ژنان لەو چوارچێوەیەدا ڕووبەڕووی ئەو سیستمە ببنەوە، کە ژنی تێدا بچوک دەکرێتەوە.

دواتر کارا محەمەد، لەسەر ناوی "کۆمیتەی ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ"، نامەکانی ڤیان جافی بۆ ئامادەبووان خوێندەوە و پاشان سینەفزیۆنێک لە سەر ژیان و تێکۆشانی شۆڕشگێڕییەتی شەهید ڤیان جاف نیشانی ئامادەبووان درا، هەروەها ١٣ مۆم داگیرسێندرا.

پاشان بە سەردانکردنی ئامادەبووان بۆ سەر مەزاری شەهید ڤیان جاف، کۆتاییان بە مەراسیمەکە هێنا.

لەیلا والی حسێن، ناسراو بە ڤیان جاف، یان ڤیان سۆران، لە شەوی ١ لەسەر ٢ی شوباتی ٢٠٠٦ لە حەفتانین لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، لە چالاکییەکی گیانبازییدا شەهید بوو.

 

ک.ک