سوعاد جەلال سەرباری ژیانێکی سەخت و پڕ تراژیدیا، هەبوونی چەندان بەرپرسیارێتی لەسەر شانی، خاوەنی زیاتر لە ٤٠ ساڵ خزمەتە لە کەرتی تەندروستیدا.
لە ڕۆژنیوزەوە، کچە شەهید سوعاد جەلال باس لە ڕووداو و سەختیەکان و قۆناغەکانی ژیانی خۆی دەکات، کە چۆن لە تەمەنێکی منداڵیدا دایک و باوکی لەدەست داوە ، کەی هاوسەرگیری کردووە و چۆن لە پاڵ سەرپەرشتی کردنی برا و خوشکەکانی، گەورەکردنی منداڵەکانی، بەرپرسیارێتیەکانی دیکەی ژیانی هاوسەرگیری و هەبوونی ڕێگرییەکی زۆر توانیوێتى پەرستاری تەواو بکات و ببێتە خاوەنی زیاتر لە ٤٠ ساڵ خزمەت لە کەرتی تەندروستیدا.
سوعاد جەلال عەبدوڵا، لە ساڵی ١٩٥٥ لە گوندی قایکەن لە دایک بووە، لە تەمەنی دوو ساڵیدا ماڵیان گواستووەتەوە بۆ گەڕەکی چوارباخی سلێمانی، منداڵی یەکەمی خێزانەکەیەتی، خاوەنی دوو خوشک و برایەکە، لەساڵی ١٩٦٣دا باوکی بە دەستی ڕژێمی بەعس شەهید کراوە و چوار ساڵ دواتریش دایکی بە نەخۆشی گیان لە دەست دەدات، سوعاد دوای نەمانی دایک و باوکی، بەیارمەتی ماڵی مامەی سەرپەرشتی برا و خوشکەکانی گرتەوەتە ئەستۆ، هەتا ئەو کاتەی هەریەکێکیان ژیانی هاوسەریان پێکهێناوە.
دوای تەواوکردنی پۆلی هەشت، لە ساڵی١٩٦٩ هاوسەرگیری لەگەڵ کوڕە مامێکی خۆیدا دەکات، کە هەر لە منداڵییەوە باوکی بڕیاری هاسەرگیری سوعادی لەگەڵ ئەو ئامۆزایەی داوە، بۆ هاوسەرگیرییەکەی ئەوە دەکاتە مەرج، کە ڕێگەی بدات خوشکەکان و براکەی بەخێو بکات و لای ئەم بمێننەوە، لەگەڵ هاوسەرەکەی دەگەڕێتەوە گوند، دوای ساڵ و نیوێک لە هاوسەرگیری، خزمێکیان پێشنیاری بەشداریکردن لە دەورەیەکی سێ ساڵەی پەرستاری بۆ دەکات، دووبارە دەگەڕێنەوە شاری سلێمانی و بەشداریی خولەکە دەکات، لە ساڵی ١٩٧٤ بەسەرکەوتوویی خولەکە تەواو دەکات.
هەر لە ساڵی ١٩٧٤دا لە نەخۆشخانەیەکی دەربەندیخان دادەمەزرێت و ماوەی دوو ساڵ لەوێ دەوام دەکات، پاش ئەو دوو ساڵە، نەخۆشخانەی فێرکاری لە شاری سلێمانی دەکرێتەوە، بەهۆی کەمیی کارمەند لە نەخۆشخانەکەدا، دەگوازرێتەوە بۆ ئەوێ، لە ساڵی ١٩٨٩دا نەخۆشخانەی تایبەت بە منداڵبوون دەکرێتەوە و وەک بەرپرسی بەشی کورتاج دەستبەکار دەبێت، لە ساڵی ١٩٩٣تا ١٩٩٦ بووەتە بەرپرسی هۆڵی منداڵبوونی نەخۆشخانەکە.
پاشان لەساڵی ١٩٩٦ بەدواوە بۆ ماوەی چوار ساڵ لێپرسراوی بەشی ڕاوێژکاری نەخۆشخانەکە بووە، دواتر لە ساڵی ٢٠٠١وە بووە بە بەڕێوبەری پەرستارانی نەخۆشخانەکە هەتا کۆتایی ساڵی ٢٠١٥، لە کۆتایی ئەو ساڵەدا لەسەر داوای خۆی گوزاراوەتەوە بۆ تاقیگەی گشتی، لەوێش بۆ ماوەی سێ ساڵ کاری کردووە و دواتر لە ساڵی ٢٠١٨دا خانەنشین کراوە.
ئەم ژنە پڕ هەگبەیە ئاماژە بەوەش دەکات لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ پێشمەرگەکان هەبووە چەندان جار بەنهێنی کەلوپەلی بۆ ناردوون، پێشمەرگەی لە ماڵی خۆیاندا داڵدە داوە و چارەسەری پێشمەرگە بریندارەکانی کردووە، یەکێک بووە لە ئەندامانی دامەزرێنەری سەندیکای کارمەندانی تەندروستی، یەكێک بووە لە ئەندامانی شاندی تەندروستی، کە سەردانی وڵاتی دەرەوەی کوردستان کردووە.
سوعاد جەلال باسی لەوە دەکات کاتێک ئەو چووەتە بەر خوێندن ڕێژەی کچ لەناو پڕۆسەی خوێندندا زۆر کەم بووە و ئەو کاتەی ئەو فۆڕمی پەرستاری پێشکەش کردووە لەناو سلێمانیدا خەڵک پێیان شەرمهێنەر بووە ژن بچێتە نەخۆشخانەکان و کار بکات، دەشڵێت، ئەوکاتەی، کە دامەزراوە و لە نەخۆشخانە دەستی بە کارکردن کردووە ڕێگری لەبەردەم دروستکراوە، بەڵام ئەو کۆڵی نەداوە، بۆ ئەوەی بتوانێت برا و خوشکەکانی بەخێوبکات، گوێی بۆ ئەو قسانە نەگرتووە.
ئەم پەرستارە چیرۆکی کاتی کارکردنی دەگێڕێتەوە و دەڵێت، شەوێک دوو ئەمنی بەعس، ژنێکی دوو گیانیان لە زیندانەوە هێناوەتە نەخۆشخانەی منداڵبوون، کە کاتی لەدایکبوونی منداڵەکەی بوو، ژنەکە تکای کردووە چەند ڕۆژێک لە نەخۆشخانە بیهێڵنەوە و کەس و کاری ئاگادار بکەنەوە بێن بۆ بینینی، هەرچۆنێک بێت بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە نەخۆشخانە، هێشتوویانەتەوە و کەسوکاریان ئاگادار کردووەتەوە، بەرگی کارگوزاریان بۆ یەکێک لە خزمەکانی لەبەر کردووە و بەبیانوی پاککردنەوە، دەرفەتی یەکتربینینان بۆ ڕەخساندوون، پاش دوو ڕۆژەکە، دووبارە ژنەکە و منداڵە تازە لەدایکبووەکەی براونەوە بۆ زیندان.
سوعاد جەلال داوا لە ژنان دەکات، کە بەهێز و خۆڕاگربن، لەبەردەم سەختییەکانی ژیاندا کۆڵنەدەن و هەمیشە هەوڵی خۆبەرەوپێشبردن بدەن.
(س. ڕ/ ش. ئـ)