سکاڵای هەڵبژاردەی ژنانی ئەمریکا بۆ حەقدەستی یەکسان ڕەتکرایەوە

دادوەرێکی فیدراڵی ئەمریکا لە لۆسئەنجلوس، سکاڵای هەڵبژاردەی ژنانی ئەمریکای بۆ وەرگرتنی حەقدەستی یەکسان لەگەڵ پیاوان ڕەتکردەوە.


دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو هەڵبژاردەی فۆتبۆڵی ژنانی ئەمریکا نازناوی پاڵەوانی جیهانیان بەدەستهێنا، لەسەر نایەکسانی لە حەقدەست و وەرگرتنی خەڵات، دژی فیدراسیۆنی فوتبۆڵی ئەو وڵاتە سکاڵایان تۆمارکرد.

دوێنێ دادوەر 'گەری کلارنز'کە دادوەری فیدراڵی ئەمریکایە لە لۆسئەنجلوس، سکاڵای ژنانی هەڵبژاردەی فوتبۆڵی لەسەر هەڵاواردن لەپێدانی حەقدەست ڕەتکردەوە.

دادوەر کلارنز ڕایگەیاندووە، کە گوایە هەڵبژاردەی ژنانی ئەمریکا، لە دانووستانەکانی پێشووی خۆی لەگەڵ فیدراسیۆنی فوتبۆڵی ئەو وڵاتە، وەرگرتنی حەقدەستی یەکسانیان لەگەڵ پیاوان ڕەتکردووەتەوە.

دادگاکە هەروەها دانیشتنی دادگای ژنانی هەڵبژاردەی ئەمریکای، لەسەر هەڵسوکەوتی خراپ، لە کاتی گەشتکردنی تیمەکەیان و مانەوەیان لە تۆرنۆمێنتەکان و لە کاتی پشکنینی پزیشکیدیا، دواخستووە بۆ ڕۆژی ١٦ی مانگی شەشی ئەمساڵ.

ش.ف