سۆران عومەر: دۆسیەی سوتانی سێوە قادر و سێ منداڵەكەی بەلاڕێدا دەبرێ

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت:"هەوڵی بەلاڕێدا بردنی دۆسیەی سوتانی سێوە قادر و منداڵەكانی دەدرێت و دەست تێوەردان لەو دۆسیەیەدا دەكرێت و تۆمەتبارێك ئازاد كراوە و لێكۆڵینەوەكانیش وەك پێویست نەبوون".


لەسەر دۆسیەی سوتانی سێوە قادر و منداڵەكانی كە لە 16-12-2018 دا بەهۆی كەوتنەوەی ئاگر لە ماڵیاندا سێوە و سێ‌ منداڵەكەی سووتان و دواتر گیانیان لەدەستدا، سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئەوە دەخاتە ڕوو هەوڵی بەلاڕێدا بردنی دۆسیەكە دەدرێت و دووپاتی دەكاتەوە فشارەكان بۆ سەر دەسەڵاتی جێبەجێكردن و دادوەری دەگرنە بەر لەسەر ئەم كەیسە و هەوڵی بەلاڕێدا بردنی.

سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە ڕوونكردنەوەكەدا دەڵێت:"كەیسی سێوە قارد كە سوتانی دایكێك و سێ كۆرپەی بوو، ڕوداوێكی ئاسایی نەبوو، سەرەتا پشتیوانی دۆسێكە زۆر بوو، لایەنە پەیوەندیدارەكان بەڵێنی لێكۆڵینەوەی وردیاندا، بەڵام پاش ماوەیەكی زۆر كەسێك كە لەدۆسێكەدا كە سكاڵای لەسەر بوو لەقۆناغی لێكۆڵینەوەدا ئازاد كرا، بەڵگەی تاوانیش پاش سێ‌ هەفتە بەسەر ڕوداوەكەدا دەچێتە شوێنی تاوانەكە و لە ڕاپۆرتەكەیدا ئاماژە بەوە دەكات هاوسەری سێوە نەیسوتاندون لەكاتێكدا دادگا داوای بەڕێوەبەری بەڵگەو تاوانی سلێمانی دەكات لەسەر ئەو بڕیاردانەی پێش لێكۆڵینەوە و دادگا بەڵام ئامادە نابێ بچێتە بەردەم دادوەر، لەهەمووی سەیرتر ئەو تۆمەتبارەی كەلەلێكۆڵینەوەدا ئازاد دەكرێ گومانی گەورەی خستۆتە سەر لێكۆڵینەوەكانی دۆسێكە، بەپێی ئەوەی زۆرترین فشار دەكرێ بۆ ئازاد كردنی ئەو تۆمەتبارە كە ئافرەتێكە و سكاڵای لەسەر تۆماركراوە و بەهۆكاری ئەم كارەساتە تۆمەتبارە.

سۆران عومەر لە درێژەی ڕوونكردنەوەكەدا دەڵێت: ئەوەی دادگا و لێكۆڵینەوەكان دەخاتە ژێر پرسیارو گومانی گەورە ئەوەیە لەلێكۆڵینەوەدا تۆمەتبارێك كە بەهۆكاری كێشەكە ناوزەد دەكرێ و سكاڵای لەسەرە و لەتەواوی ڕوداوەكەدا ئاگادارە سەرەڕای ئازاد كردنی لە تەمیزی بڕیارەكەدا دۆسێكەی دادەخرێ، لەوەش سەیرتر ئەو هەموو فشارە و تەدەخولەیە كە كراوە بۆ ئازادبوونی ئەو تۆمەتبارە هەر بۆیەش بڕیاری گواستنەوەی كەیسەكە درا لەچەمچەماڵەوە بۆ سلێمانی.

سۆران عومەر دووپاتی دەكاتەوە، لەڕۆژانی داهاتوو لەگەڵ هاوڕێكانم لەپەرلەمان و لیژنە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمان و داواكاری گشتی و ڕێكخراوەكانی ژنان و منداڵان و مافەكانی مرۆڤ فشارەكان بۆ سەر دەسەڵاتی جێبەجێكردن و دادوەری دەگرینە بەر لەسەر ئەم كەیسە و هەوڵی بەلاڕێدا بردنی.

د.ح