"سیاسییەکانی باشور ژن بۆ مەرامی خۆیان بەکار دەهێنن"

ژنان، ڕەخنە لە سیاسەتی حزبەکانی باشوری کوردستان دەگرن و باس لەوە دەکەن، کە سیاسییەکان ژناین وەک سیاسیی پێ قبوڵ نییە و بۆ مەرام و بەرژەوەندیی خۆیان بەکاریان دەهێنن، بە پێویستیشی دەزانن، ژنان یەکبگرن و ببنە قەڵغانێکی یەگرتوو لە بەرامبەر ئەو سیستمەدا.


ژنانی باشوری کوردستان ڕەخنەیان لە تێڕوانین و مامەڵەی حزبەکان هەیە لە بەرامبەر ژناندا و بەشێک لەو ژنانە لە ڕێگای ڕۆژنیوزەوە ڕەخنەکانیان دەهێننە زمان.

ڕێزان شێخ دلێر، پەرلەمانتاری پێشوو لە عێراق و چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان، لە سەرەتای قسەکانیدا تیشکی خستە سەر زهنیەتی پیاوسالاریی لەناو سیاسییەکانی باشوردا و وتی:"سیاسییەکان هەتا ئێستا ژنانیان لە مەجالی سیاسیدا پێ قبوڵ نییە و لەبەرامبەریشدا ژنان باشتر لە پیاوان لە بواری سیاسییدا کاریان کردووە".

ڕێزان شێخ دلێر، باسی لە هەوڵی حزبەکان کرد بۆ بەکارهێنانی ژن لەپێناو پاراستنی دەسەڵات و مەرامی سیاسیی خۆیان و وتی:"بەداخەوە حزبەکان بۆ سیاسەتی خۆیان و تەنانەت لە دژی حزبێکی دیکە، ژن بەکار دەهێنن، ئەمە کردەوەیەکی ناشرینە و ناکۆمەڵایەتییە، ئەمەی سیاسییەکان دەیکەن بەرامبەر بە ژنان بۆ ئەوەیە کە قۆناغێک ژن بێننە دواوە، بەڵام ئەوە ڕاستییەکە کە کۆمەڵگا بە ژن نەبێت پێش ناکەوێت و هەمووی دەیەوێت کار بکات".

ئەو ژنە چالاکوانە، داوای لە هاوڵاتیان کرد، کە باوەڕ بەو پڕوپاگەندانە نەکەن لەلایەن حزبەکانەوە دژ بە ژنان دروست دەکرێن و وتی:"داواکارین کە کۆمەڵگا باوەڕ بەم شتە دوور لە ڕاستیانە نەکات، چونکە ئەخلاقی مرۆڤ لە وێنەیەکدا دەرناکەوێت، بەڵکو لە کارکردن و ڕاستگۆیی و خزمەتکردندا نیشان دەدرێت".

لەسەر هەمان بابەت، شەهێن محەمەد، هاوسەرۆکی هەرێمی سلێمانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، باسی لە دابڕانی حزبەکانی باشور کرد لە بنەماکانی سیاست، کە وەک ئەو پێناسەی کرد"نیشتیمانپەروەریی، جوانیی بیرکردنەوە و کردارە" و وتی: ئەو سیاسەتەی لە باشوری کوردستان بەڕێوە دەچێت زۆر گرێدراوی ئەو بنەمایانە نییە، هەر لە بەر ئەوەشە باشوری کوردستان لە گێژاوێکی قوڵدایە، بە تایبەت ژنان لەو چوارچێوەیەدا قوربانیی زۆر گەورە دەدەن.

شەهێن محەمەد، وتیشی:"ژنان لەناو حزبدا پەراوێز دەخرێن، سوکایەتییان پێدەکرێت، کاتێکیش ناڕەزایەتیی لەبەرامبەر حزبەکانیان پیشان دەدەن، ئەوا حزب بە بابەتی ئەخلاق هەڕەشەیان لێدەکات، ئەمەش جارێکی دیکە ئەوەمان بەبیردێنێتەوە کە هەڵویست وەربگرین و ببینە وەڵامێک بۆ ئەو سیستمە".

هاوسەرۆکی هەرێمی سلێمانی تەڤگەری ئازادیی، زیاتر تیشکی خستە سەر سیستمی ناو حزبەکانی باشور و رایگەیاند:"سیستەمی دەسەڵاتدارێتیی و پلەداریی و پیاو سالاریی باڵی کێشاوەتە ناومانەوە، کە ئەمڕۆ ژن لەدژی ژن بە کار دەهێنرێت، ئەمەش جارێکی تر زەنگێکی مەترسیدارە و دەبێتە هەنگاوێکی خراپ بۆ سەر ئێمەی ژن".

بەپێویستیشی دەزانێت، کە ژنان هەڵوێست وەربگرن و هەنگاو بنێن بەرەو خۆ پەروەردەکردن و یەکبگرن، ببنە قەڵغانی یەکتری لە بەرامبەر ئەو سیستەمەدا، "ژنان دەتوانن لە ناو حیزبەکاندا پێشەنگایەتی هەرە گەورە بکەن بۆ گۆڕانکاریی".

هەروەها، ئەڤین ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس، بەم جۆرە بۆچوونی خۆی سەبارەت بە تێڕوانینی حزبەکان بۆ ژن خستەڕوو و وتی:"حزبەکان بەشێکن لەو کلتورەی کە ژنیان لە لایەنی شەرەف و ئاداب و تەقالیدەوە سەیر کردووە و هەر کاتێک ژنێک لایدابێت لە بنەمای حزبییەکە ئەوا هەوڵدراوە لە بەرامبەردا لە لایەنی شەرەفەوە لێیبدرێت، کە لە ئەنجامدا کاریگەریی نەرێنی لە سەر کەسایەتی ژنان هەبووە".

ئەو ڕۆژنامەنووسە، وتیشی: بێدەنگبوون لە بەرامبەر ئەو سووکایەتییانە وایکردووە، کە بابەتی داکۆکییکردن و نەبوونی یەکدەنگیی زۆر لاواز بێت لە نێوان ژناندا، بۆیە پێویستە ژنان بە دەر لە بیروباوەڕ سیاسیی و لایەنگریی، پشتیوانی ژنان بن.

ش.ف