سیمینارێک بۆ یادی لەیلا قاسم و شیرین عەلەمهولی ئەنجامدرا

لە قەڵادزێ ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان بۆ یادکردنەوەی لەیلا قاسم و شیرین عەلەمهولی سیمینارێکیان ئەنجامدا و ڕایانگەیاند، کە ڕژێمی ئێران و عێراق زۆر هەوڵیاندا ئیرادەی ئەو دوو ژنە شۆڕشگێڕەی کورد تێکبشکێنن، بەڵام هەردووکیان بەدەم وتنەوەی سرودی ئەی ڕەقیب-ەوە بەرەو پەتی سێدارە ڕۆیشتن.


ئێوارەی ئەمرۆ، لە شارۆچکەی قەڵادزێی ئیدارەی ڕاپەڕین ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- ڕژاک بە مەبەستی بیرهێنانەوەی هەردوو ژنە شۆڕشگێڕیی کورد لەیلا قاسم،  شیرین عەلەمهولی و سەرجەم شەهیدانی مانگی گوڵان سمینارێکیان ئەنجامدا.

لە سیمینارەکەدا سێوە ئەمین، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان قسەی کرد و وتی: مانگی گوڵان مانگی شەهیدانە بۆیە ئێمە وەک ڕژاک بە پێویستمان زانی سیمینارێک بۆ یادی شەهید لەیلا قاسم و شیرین عەلەمهولی و سەرجەم شەهیدانی مانگی گوڵان ئەنجام بدەین.

ناوبراو سەبارەت بە ژیان و تێکۆشانی لەیلا قاسم وتی: بەرخۆدان و تەسلیم نەبوونی لەیلا قاسم وەک ژنێکی کورد نمونەیەکی پڕ واتادارە بۆ گەلی کورد و بە تایبەت ژنان، ڕژێمی بەعسی ڕووخاو بە هەموو هەوڵ و توانایەک ویستی ئیرادەی لەیلا قاسم بە خۆڕادەستکردنی تێکبشکێنن، بەڵام لەیلا قاسم بە سرودی ئەی ڕەقیب دەچێتە بەر پەتی سێدارە و لە نێوان ژیان و مردن، مردنی واتاداری هەڵبژارد و ناوی چووەتە نێو مێشکی هەر ژنێکی ئازادیخوازەوە.

دواتر بێریتان جوانرۆ، بەناوی کۆمیتەی شەهیدانی کۆدار قسەی کرد و وتی: لە باشوری کوردستان لەیلا قاسم ڕێگای بەرخۆدانی هەڵبژاد، سەری لەبەرامبەر ستەم و داگیرکاریی  ڕژێمی بەعس دانەنەواند، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شیرین عەلەمهولی بەهەمان شێوەی لەیلا قاسم بە سرودی ئەی ڕەقیب و بەرخۆدان ژیانە چووە بەر پەتی سێدارە، بۆیە ئەمرۆ ئێمەش لە سەر ڕێبازی لەیلا و شیرین و بێریتان و زیلانەکان بەردەوام دەبین و درێژەپێدەری ڕێگای ئەوان دەبین و تا بەدیهێنانی ئاوات و ئامانجی شەهیدان دەست لە تێکۆشان بەر نادەیەن.

بە پێشاندانی بەڵگە فیلم لە سەر ژیانی لەیلا قاسم و شیرین عەلەمهولی کۆتایی بە سیمینارەکە هات.

د.ع