سەدان ژن بەشداریی خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی عێراقیان کرد

سەدان ژن بەشداریی خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی عێراقیان کرد و داواشیان کرد سبەینێ هەینی ژنان لە تەواوی شارەکانی عێراق بەشداریی خۆپیشاندان بکەن.


ئەمڕۆ لە شاری بەغدا بە سەدان ژن لە نێویشیاندا خوێندکارانی زانکۆ پەیمانگاکان بەشدارییان لە خۆپیشاندان کرد لە مەیدانی تەحریر و لە شاری ناسرییەش بە هەمانشێوە چەندین ژن بەشداری خۆپیشاندانی جەماوەری شارەکەیان کرد.

لە زۆربەی پارێزگاکانی دیکەش ژنان جیاواز لە ڕۆژەکانی ڕابردوو بەشدارییەکی کارایان کرد لە خۆپیشاندانەکان و پاڵپشتی خۆیان بۆ گەنجان و هاوڵاتیانی ناڕازی دووپاتکردەوە و داواشیانکرد، سبەینێ هەینی تەواوی مەیدانەکانی خۆپیشاندان پڕبن لە ژن.

خۆپیشاندانەکە لەسەر داوایەکی پێشتری ڕێکخراوی تشرین ئەنجامدرا و جگە لەبەرزکردنەوەی دروشمی دژ بە گەندەڵی، هاوکات بە توندی کاندیدی ڕاسپێردراوی حکومەتی عێراق محەمەد تۆفیق عەلاوییان ڕەتکردەوە و جەختیان لە ڕزگارکردنی عێراق کردەوە لە گەندەڵ و گەندەڵکاران.

هاوکات لە پارێزگای بابلیش سەدان ژن بەشداری خۆپیشاندانیان کرد، خوێندکارانی زانکۆ و خوێندگا بنەڕەتیەکانیش ڕۆژی دووشەممەی داهاتوویان وەک دوا مۆڵەت دایە بەرپرسانی پارێزگای زیقار بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان، ئەگەر نا مانگرتن لە دەوام ڕادەگەیەنن.

ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، ڕێکخراوی ڕاپەڕینی تشرین داوای خۆپیشاندانی ملیۆنی لە ژنانی عێراق کردبوو، ئەمڕۆ ژنانی عێراق بەدەم داواکاریی ڕیکخراوەکەوە هاتن و جەختیان لە ڕۆڵی ژن کردەوە لە بەردەوامیدان بە ناڕەزایەتیەکان.

ش.ف