سەرۆکی ئینستیتیوتی مێدیتریانە: پەلامارەکانی تورکیا بەئاگاداریی سەرۆک کۆماری عێراقە

سەرۆکی ئینستیتیوتی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی، ڕایده‌گه‌یه‌نێت، بوونی سوپای تورک لە باشوور و پەلامارەکانی و هەندێ دژکاری دیکە بە ئاگاداریی و هەماهەنگیی سەرۆک کۆماری عێراقە، کە کوردە، دەشڵێت: ئەردۆغان بە ئاشکرا وتویەتی سەرۆک کۆماری عێراق هاوکارییمان دەکات.


ده‌وڵه‌تی توركیا به‌رده‌وامه‌، له‌ داگیركارییه‌كانی بۆ سه‌ر باشووری كوردستان و له‌ نوێترین پێشهاتیشدا لە چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو هێزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان، چەند خاڵێکی گرنگییان لە سنوری زاخۆ و بادینان ڕادەستی سوپای توركیا کرد و له‌ هه‌ندێ ناوچەش پارێزگاریی لەوسوپایە ده‌كه‌ن، له‌بارەی ئەوەی توركیا چی ده‌كات له‌ هه‌رێم؟ كورد بۆ بێده‌نگه‌؟ بۆچی دەسەڵات سنوورەکان بۆ تورکیا بەجێدەهێڵێت؟

بەهرۆز جەعفەر، سەرۆکی ئینستیتیوتی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی، بۆ ڕۆژنیوز قسه‌ی كرد و وتی: لە سەرەتای ڕووخانی سەددام حوسینی دیكتاتۆر، پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەمریکا تێکچوو، چونکە توركیا پێیوابوو ئەگەر سەددام بڕوخێ، کوردی عێراق بەمافەکانی خۆیان دەگەن و دەوڵەتێکی کوردی دروست دەکەن، ئەمەش دەبێتە بریسكه‌یه‌ك بۆ پارچەکانی تری کوردستان و کێشەی ناوخۆیی گەورە بۆ تورکیا دروست ئەبێ، بۆیە دوای ڕووخانی بەعس لە عێراق و تا ساڵی ٢٠٠٦ مەلەفی عێراق لەتورکیا لای سوپا بوو نەک وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، لە دوای ساڵی ٢٠٠٦ەوە وەزارەتی سامانە سرووشتیەكانی حکومەتی هەرێم دامەزرا تورکیاو کۆمپانیا تورکیەکان بەرژەوەندی ئابووری و ئەمنی یان تێکەڵ بەیەک کرد لەگەڵ حکومەتی هەرێم.

بەهرۆز جەعفەر، وتیشی: بەرژەوەندی ئابووری وئەمنی تورکیا لەگەڵ هەرێم تێکەڵاو بووە، بوونی سوپای تورکیا و پەلاماردانەکانی تورکیا و هەندێ دژکاری دیکە بە ئاگاداری وهەماهەنگی سەرۆک کۆماری عێراقە، کە کوردە، "ئەردۆغان بە ئاشکرا وتی سەرۆک کۆمار هاوکاریمان دەکا لەپرسە ئەمینیەکان".

بەرژەوەندی هاوبەشی ئەمنی و ئابووری نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان وایکردووە چاو لەهاتنە ناوەوەی سوپای تورکیا بپۆشن، هەرێمی کوردستان سێیەمین بازاڕی کاڵا تورکیەکانە لە ئاستی جیهاندا، لەگەڵ عێراقیشدا ١٣ ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانیان هەبووە، ئەگەرچی پەیوەندییە سیاسیەکانیان ناجێگیر بووە، باشتر کردنی پەیوەندی تورکیا وعێراق لەسەر حیسابی دۆزی کوردو پەکەکەیە، بەهەمانشێوە ململانێی نێوخۆیی و ترس لە لەدەستدانی پێگەی سیاسیی وایکردووە لایەنەکان پشت بە تورکیا و ئێران ببەستن بۆ مانەوەی خۆیان.

سەرۆکی ئینستیتیوتی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی، ڕونیشیکردەوە کە لە ئێستادا تارمایی دۆخێکی تر لەسەر قەندیل ودۆزی کورد لەباکوری کوردستان هەیە، "ئەویش ئەوەیە لەچوارچێوەی کڕینی موشەکی ئێس چوارسەد  S-400 و دۆخی سوریا و بەرژەوەندی کڕینی غازی سروشتی،  تورکیا و ڕووسیایە کە یەک بەرەن وتەماسی هاوبەشیان هەیە، ئەمەش وایکردووە ئێران و تورکیا پەیوەندییەکانیان بەهێزتر بکەن".

ک.س