شاندی ژنانی باشور بانگەوازیی پشتیوانی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا دەکەن

شاندی ژنانی باشوری کوردستان کە بەسەردانێکی دوو ڕۆژە چوونە ڕۆژئاوای کوردستان، بانگەوازیی پشتیوانییکردنی بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن و دەشڵێن، کە لەسەر دۆخی ڕۆژئاوا پەیامیان ئاراستەی کۆنسوڵگەریی وڵاتان لە ھەولێر کردووە.


ئەمشەو ئەو شاندەی ژنانی باشوری کوردستان کە بەسەردانێکی دوو ڕۆژە چوونە ڕۆژئاوای کوردستان، گەیشتنەوە شاری سلێمانی و لەبەردەم باخی گشتی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان لەبارەی ئامانجی سەردانەکەیان ئەنجامدا.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، ئاوات زەردەشتی، چالاکوان و بەڕێوەبەری ڕێکخراوی یەسنا بۆ گەشەی فکری زەردەشتی قسەیکرد و تێیدا ئاماژەی بەوەکرد، کە ئەوان مەبەستیان بووە لەو سەردانەدا پشتیوانیی ژنانی ھەرچوار پارچەی کوردستان بگەیەننە ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان و پێیان بڵێن "ئێوە تەنھا نین و ئێمە لەگەڵتانین".

ھەروەھا ڕۆشنا جەمیل، چالاکوان و ئەندامی شاندەکە باسی لە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان کرد و وتی: ڕۆژئاوا بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت و ھەتا ئەمڕۆیش کە گەڕاینەوە شەڕ بەردەوامبوو، بۆیە داوا لە باشوری کوردستان و بەتایبەت ژنان دەکەین، کە پشتیوانیی لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوا بکەن.

ھەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، شەھێن محەمەد، یەکێکی دیکە لە ئەندامانی شاندەکە قسەیکرد و وتی: ئێمە لەسەر دۆخی ڕۆژئاوا نامەمان بۆ ھەموو کۆنسوڵگەرییەکانی وڵاتان لە ھەولێر ناردووە و داوای دەرکردنی سوپای تورکمان کرد لە باشوری کوردستان.

شەھێن ئەوەشی خستەڕوو، کە لە نامەکەیاندا داواشیان کردووە چاودێری نێودەوڵەتیی بنێردرێتە ڕۆژئاوای کوردستان و لێکۆڵینەوە لەسەر ھەوڵەکانی گۆڕینی دیمۆگرافیای ڕۆژئاوای کوردستان بکرێت.

شەھێن باسی لە پەیامی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستانیش کرد بۆ ژنانی باشوری کوردستان و داوای کرد، کە لە ٢٥ی نۆڤەمبەر، ڕۆژی جیھانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان، ھەموو ژنان بۆ ڕۆژئاوا بڕژێنە شەقامەکان.

جێگای باسە شاندەکە لە سەردانەکەیاندا چوونەتە سەر مەزاری شەھید ھەڤرین خەلەف، سکرتێری گشتیی پارتی پێشەڕۆژی سوریا، ھەروەھا بەشدارییان لە چەند چالاکییەکی مەدەنیی و پرسەی شەھید-دا کردووە ناوەندەکانی ژنانیان لە ڕۆژئاوای کوردستان بەسەرکردووەتەوە.

ب.ش