شاندی ژنانی باکوری سوریا سەردانی ڕژاک و تەڤگەریان کرد

شاندی ژنانی باکور و ڕۆژھەڵاتی سوریا سەردانی ڕێکخراوی ڕژاک و تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستانیان کرد لە سلێمانی و تاوتوێی دۆخی ژنان و پێکھێنانی ھەڵوێستێکی ھاوبەشی ژنانیان کرد.


لە چوارچێوەی سەردان و کۆبوونەوەکانیان لە باشوری کوردستان، نیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندی ژنانی باکور و ڕۆژھەڵاتی سوریا لە شاری سلێمانی، سەردانی ھەریەکە لە تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان و ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک-یان کرد.

شاندەکە سەرەتا سەردانی تەڤگەری ئازادییان کرد و لەگەڵ شاندێکی ژنانی تەڤگەری ئازادیی بە سەرۆکایەتیی تارا حسێن، جێگری ھاوسەرۆکانی تەڤگەر کۆبوونەوە.

دوای کۆبوونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، بێریڤان محەمەد، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەریی تەڤگەری ئازادیی سەردانی شاندەکەی بە گرنگ وەسفکرد و وتی: ئەم سەردان و کۆبوونەوانە دەتوانن ببنە وەڵامدەرەوەی ئەو دۆخەی کە ئێستا ژنانی تێدایە، ئێمە پشتیوانیی لە ئامانجەکانیان دەکەین و داواش دەکەین، لایەکانی دیکەش بەو ڕۆحییەتەوە مامەڵە بکەن.

ھەروەھا شیراز حەمۆ، ھاوسەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبەریی کانتۆنی عەفرین لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا وتی: وەک چۆن ژنان پێشەنگایەتیی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانیان کرد، پێویستە ئەمڕۆش پێشەنگایەتیی پێکھێنانی یەکێتیی نەتەوەیی کورد بکەن.

دواتر شاندەکە سەردانی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-یان کرد و لەلایەن شاندێکی ڕێکخراوەکەوە پێشوازییان لێکرا و پێکەوە کۆبوونەوەیان ئەنجامدا.

پاش کۆبوونەوەکەش، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا، سۆما فەرهاد، ئەندامی کۆردۆناسیۆنی ڕژاک واێڕای دەربڕینیی خۆشحاڵییان بە هاتنی شاندەکە، ئامادەیی ڕێکخراوەکەشیان بۆ هاوریکاریکردن لە بەستنی سێیەمین کۆنفرانسی ژنانی کوردستان دەربڕی، کە بڕیارە لە داهاتوودا لە شاری قامیشلوی ڕۆژئاوای کوردستان ببەسترێت.

دواتر نارین مەتین، سەرۆکی شەپۆلی ئایندەی کوردستان قسەیکرد و وتی: ڕەنج و خەباتێکی زۆری ژنان لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان هەیە، دەمانەوێت بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانە کۆنفرانسێکی هاوبەش ببەستین، ئەو کۆنفرانسە ببێتە وێستەگەیەک بۆ ئەوەی ژن بتوانێت زیاتر بەڕۆڵی خۆی هەستێت.

د.ع